زووم..
رۆژنامەى واشنتن پۆستى ئەمریکى بڵاویکردەوە، دوو رۆژ پێش هێرشەکەى ئەمریکا بۆ سەر وێستگە ئەتۆمییەکانى ئێران، بە چەندین بارهەڵگر یۆرانیۆمى وێستگەى ئەتۆمیی فۆردۆ گواستراوەتەوە بۆ شوێنێکى نادیار.
رۆژنامەکە، وێنەیەکى وێستگەى ئەتۆمىی فۆردۆى بڵاوکردووەتەوە کە رۆژى 19ـى ئەم مانگە لە مانگى دەستکردەوە تۆمارکراوە، لە وێنەکاندا دەرکەوتووە ژمارەیەکى زۆر بارهەڵگر لەبەردەمى دەروازەى چوونەژوورەوەى وێستگەکە وەستاون، کە گوماندەکرێت تەواوى یۆرانیۆمى پیتێنراوى وێستگەى فۆردۆیان گواستبێتەوە بۆ شوێنێکى نادیار.
هەروەها سەرچاوەیەکی باڵاى ئێران بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی راگەیاندووە، تەواوی ئەو یۆرانیۆمەی لە وێستگەی فۆردۆ پیتێنراوە پێش هێرشەکەی ئەمریکا گواستوویانەتەوە بۆ جێگەیەکی نادیار.
پارێزگارى شارى قومیش لەبارەى هێرشەکەى ئەمریکا قسەى کردووە و دەڵێ، هێرشەکە بەهێزبووە و زیانى بەر وێستگەى فۆردۆ گەیاندووە، بەڵام بەوجۆرە نەبووە کە بەتەواوى تێکیبشکێنێت، تەنانەت یەک کەسیش لە وێستگەکە نەکوژراوە.