ئەحمەد یاسین بێزاربووە لە تەواونەبوونى خولى ئەستێرەکان، لە کاتێکدا خولەکانى جیهان تەواوبوون و لە پشوودان.
ئەحمەد یاسین یاریزانى یانەى زاخۆ لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵى ئەلکاسى قەتەرى نیگەرانى خۆى لە شێوازى بەڕێوەبردنى خولى ئەستێرەکانى عێراق دەربڕى و رەخنە لە یەکێتى تۆپى پێى عێراق دەگرێت.
ئەحمەد یاسین گوتى: هەموو خولەکانى جیهان کۆتاییان هاتووە تەنیا خولى عێراق نەبێت، ئەمە شتێکى نامۆیە لە عێراقدا، ئەوروپا، ئاسیا، کەنداو، هەموویان خولەکانیان تەواوبووە و رۆشتوون بۆ پشوو، بەڵام ئێمە هێشتا یارى دەکەین، نازانم چۆن تەواودەبێت.
یاریزانەکەى زاخۆ ئاماژە بەوەشدەکات، تەنانەت کاتى یارییەکانى جامى عێراق و خشتەى یارییەکانى وەرزى داهاتوو نازانن، هەموو رۆژێکیش گوێیان لە دواخستنى یارییەکان دەبێت.
ئەحمەد یاسین دەشڵێت: خشتەیەکى جێگیر نییە، وەک ئەوەى خولى عێراق لە هەسارەى دووەم بێت، نە رێکخستن هەیە، نە رێز لە کات دەگیرێت، یاریزانەکان هیلاکن، هاندەران لە چاوەڕوانى کۆتایى هاتنى خولەکە بێزاربوون.