بڕوا ئەفەندى
ئەوەی ئەمریکا کردی و ترەمپ لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانووسییەکەی پیرۆزبایی لە نەتەنیاهۆ کرد، تەنها رازیکردنی ئیسرائیل بوو، ئەگینا رژێمی ئێران، لە ئێوارەی دوێنێوە دەیزانی ئەمریکا فڕۆکە بۆمب هەڵگرەکانی B2ی بۆ بۆردومانی بنکە ئەتۆمییەکانی (نەتەنز، فۆردۆ و ئەسفەهان) بەرەو ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست فڕاند.
ئەمریکای سەردەمی ترەمپ، وڵاتێکی پوختی ئابووری و بازرگانییە، بۆ ئەمەش پێویستی بە ئاشتی رێژەیی هەیە، بۆیە ترەمپ باش دەزانێت کەوتنی رژێمی ئێران، ئاسان نابێت و ئاژاوەیەکی گەورە بۆ بەرژوەندییەکانی وڵاتەکەی درووست دەبێت، هەر لەبەر ئەوەشە سیاسەتی (نە جەنگ، نە ئاشتی)، پیادە دەکات.
ئاشتی ڕێژەیی چییە؟
لە روانگەی تیۆری ریالیزمی نوێ لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، بەهۆی سرووشتی سیستمی نێودەوڵییەوە، کە ئەنارکییە (Anarchi)، ئاشتی تەواوەتی، ئامانجێکی ستراتیژی و درێژمەودا نییە، بەڵکو ئامانجێکی تاکتیکی و کاتییە، چونکە وەک (کێنت واڵتز) دەڵێت: وڵاتان بەهۆی نەبوونی متمانە و دڵنیاییەوە، لە رێگەی کۆکردنەوەی هێز و هاوپەیمانیەتییەوە، هەوڵی خۆپارێزی دەدەن. بە مانایەکی دیکە، وڵاتان لە رێگەی هاوسەنگی هێزەوە (Balance of Power)، هەوڵی رێگری هێزێکی هەژموونی ناوچەیی دەدەن، هەر بۆیە لەو روانگەیەوە، ئاشتی رێژەیی ئامانجێکی باڵایە.
ئەگەر سەرنج بخەینە سەر رووداوەکانی ئەمدواییەی جیهان، دەبینین، هێزە گەورەکان هاوپەیمانی هەرێمی و نێودەوڵەتی دەبەستن، بۆ رەواندنەوەی ترسی دەرکەوتنی هێزێکی هەژموونی ناوچەیی، بۆ نموونە هەموو ئەوروپا لە بەرامبەر دۆسیەی ئۆکرانیا لە دژی روسیا یەکیان گرت، وڵاتانی ئەمریکا، ئیسرائیل و بەشێک لە وڵاتانی کەنداو و بەریتانیا، بۆ راگرتنی ئێران لە هەوڵدانی بۆ هێزێکی هەژموونی ناوچەیی، هاوپەیمانییەکی سنوورداریان کردووە، بەڵام ئەم هاوپەیمانیەتییە لە روانگەی ئەمریکاوە، بۆ سنووردارکردنی هێزی ئێرانە لەناوچەکە و دەرکەوتنی ئیسرائیلە وەک هێزێکی هەژموونی ناوچەیی، چونکە ئیسرائیل، باشترین و دڵنیاترین وڵاتی ناوچەکەیە، کە ئەمریکا ترسی لە دەستدەرچوونی نەبێت.
بۆچی ترەمپ نایەوێت ئێران بڕوخێت؟
ترەمپ، لە بنەڕەتدا سەرۆکێکی سیاسی و جەنگی نییە، بەڵکو سەرۆکێکە، تەواوی ستراتیژی کارکردنی لە ئیدارەی کۆشکی سپیدا، فراوانکردنی کایەی بازرگانی ئەمریکی و بەرزکردنەوەی توانا ئابوورییەکانی وڵاتەکەیەتی بەرامبەر وڵاتانی ئابووری جیهان، بە تایبەتیش پێشکەوتنە ئابووری و بازرگانییەکانی ئەم دواییەی چین، لەلایەکی ترەوە شکستی ئەمریکا لە ئەفغانستان و عێراق، کە نەیتوانی ئیدارەیەکی سەقامگیر و پارێزەری بەرژەوەندییەکانی تێدا درووست بکات، ترسی لەلای ترامپ درووستکردووە، لەلایەکی تریشەوە، ترەمپ بۆ ئیدارەدانی بەرژوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتی کەنداو، پێویستی بە رژێمی ئێستای ئێران هەیە، تا بتوانێت بۆ هەمیشە ترس و دڵەڕاوکێ لە وڵاتانی کەنداو درووست بکات و بوونی خۆی وەک گرەنتی پاراستن بۆ ئەوان دوپات بکاتەوە، بە مانایەکی دیکە ئەگەر رژێمی ئێستای ئێران بڕوخێت، کەنداوی عەرەبی گەورەترین مەترسییان لەسەر نامێنێت و لە رووی سەربازییەوە پێویستیان بە ئەمریکا نابێت، بەمەش بوونی هێزەکانی ئەمریکا، کە جگە لە لایەنی سەربازی، وەک کارتێکی فشار و زۆرەملێ بەسەر ئەو وڵاتانەوە، نرخ و بەهای نامێنێت.
ئەی ترەمپ بەتەمای چییە؟
ترەمپ، بە سرووشت و ئەزموونی سەرۆکایەتییەکەی، کەسێکە حەز بە ئیدارەدانی قەیران دەکات، نەک چارەسەرکردنی، بۆ ئەمەش نموونەی ئۆکراینمان هەیە، کە جەنگی راگرت و قەیرانەکەی هێشتەوە، بەمەش توانی ئۆکراین ناچار بە دانوستان بکات و بەرژوەندییەکانیشی لەگەڵ ئەو وڵاتە سەد هێندە بکات، هەرچی روسیاشە توانی قەناعەتی پێ بکات، کە جەنگ رابگرێت و لە ناوچە داگیرکراوەکانی وەک (لۆهانسک و دۆنێتسک)یش بمێنێتەوە، ئەوروپاش بەهۆی ڕازی بوونی ئۆکرانیا بە مەرجەکانی ئەمریکا، نەیتوانی لە خاوەنداریەتی ئۆکرانیا بەردەوام بێت.
ئەنجام
بەمپێیە بێت، هەوڵەکانی ترەمپ بە ئاراستەی رووخانی رژێمی ئێران نییە، بەڵکو لە پەلوپۆخستن و بێ تواناکردنیەتی بەرامبەر بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکەدا، کە پێشتر بەهۆی بردنە دەرەوەی مۆدێلی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، زیانی زۆری پێگەیشتبوو، بۆیە دەیەوێت رژێمی ئێران ماندوو بکات و پاشانیش بە ناچاری رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ بکات، چونکە تەنها رێگە بۆ رێگریکردنی ئێران لە دەستکەوتنی بۆمبی ئەتۆم، رێککەوتنە لەگەڵ ئێرانێکی لاواز و بێ توانا، کە خەونی دەستکەوتنی بۆمبی ئەتۆم، لە بیری رژێمی ئێران بسڕێتەوە، بەڵام ئەمەش دڵنیایی نییە، چونکە ئەگەر ئێران خوازیاری شەڕ بێت و بەردەوامی بە جەنگ بدات، ئەوا ئەمریکا ناچار دەکات، بەردەوام بێت، لەوەها ئەگەرێکیشدا ئەگەر ئێران بتوانێت ئیدارەی جەنگ بدات و لە ماوە درێژدا بەرگە بگرێت، روسیا و چینیش دەستەوەستان نابن و بە ئەگەرێکی زۆرەوە دێنە ناو شەڕەکەوە.