زووم..
ئیدارەى خۆسەر رایگەیاند، زیاتر لە 26 هەزار خوێندکاری ئامادەیی رۆژاڤا بە پرۆگرامی حکومەتی دیمەشق بەشداری تاقیکردنەوەکان دەکەن.
ئیدارەی خۆسەر لە راگەیەندراوێکیدا دەڵێت، دوای رێکەوتنەکەی نێوان دەستەی پەروەردە و خوێندنی ئیدارەی خۆسەر و وەزارەتی پەروەردەی دیمەشق ئەمڕۆ بە بەشداری 26 هەزار و 445 خوێندکاری ئامادەیی بەگوێرەی پرۆگرامی رژێمی پێشووی سوریا تاقیکردنەوەکانی کۆتایی دەستیپێکردوە.
دەشڵێت، دەستەکەیان سەرپەرشتی پرۆسەی تاقیکردنەوەکان دەکات و نوێنەری وەزارەتی پەروەردەی دیمەشق بۆ ئاگاداربوون لەپرۆسەکە راسپێردراوە و رێکخراوی یونسێفیش چاودێری دەکات و چەندین ناوەندی تاقیکردنەوە کراونەتەوە و بەدابینکردنی پێداویستییەکان کەشێکی گونجاو بۆ خوێندکاران دەستبەر کراوە.
هاوکات خەلەف مەتەر هاوسەرۆکی دەستەی پەروەردە لە رۆژاڤا رایگەیاند، جگە لە تاقیکردنەوەکانی کۆتایی، ئیدارەی خۆسەر سیستیمێکی هەڵسەنگاندنی کەڵەکەبووی لە چوارچێوەی پرۆگرامی خوێندنی خۆیدا دەگرێتەبەر، کە ئەدای خوێندنی خوێندکارانی ئاسایی بە درێژایی ساڵی خوێندن لە خۆدەگرێت و ئەو خوێندکارانە دەگرێتەوە، کە پابەندن بە دەوامی فەرمییەوە.
لە رۆژاڤای کوردستان ماوەی چەندین ساڵە خوێندکارانه بەگوێرەی ئەو ناوچانەی تێیدا نیشتەجێبن بەزمانی کوردی، عەرەبی و سریان دەخوێنن.