زووم..
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لەدوای هێرشەکانی ئیسرائیلەوە، چیدیکە دڵنیا نین دەتوانین متمانە بە ئەمریکا بکەن یان نا. ئەو جەخت دەکاتەوە، ئێران هەرگیز بە راگرتنی تەواوەتیی پیتاندنی یۆرانیۆم رازی نابێت.
عێراقچی قسەى بۆ کەناڵی ئێن بی سی نیوزی ئەمریکى کردووە و راگەیاند، متمانەمان بە ئەمریکا نییە، چونکە چەند رۆژێک پێش وادەی بەڕێوەچوونی دانوستانەکان ئیسرائیل دەستی بە هێرشەکانی کرد، ئەوەی ئەمریکا کردی ناپاکیی دیپلۆماسی بوو.
ئەو دەڵێت، حکومەتی ئێران ئامادەیە بۆ دانوستان، بەڵام سەرەتا پێویستە ئیسرائیل هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر وڵاتەکەمان رابگرێت.
لەبارەى پیتاندنى یۆرانیۆم، عێراقچى بەڕوونى دەڵێت، ئێمە بەتەواوەتى دەستبەردارى نابین، بەو جۆرەی ترەمپ دەیەوێت، ئەمەشم بۆ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روونکردووەتەوە و چەندینجار گوتوومە گەیاندنی پیتاندنی یۆرانیۆم بە ئاستی سفر مەحاڵە.
عێراقچی باسی لەوە کردووە، بۆردومانکردنی وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران رەنگە ببێتەهۆی پەکخستنی یەک دوو وێستگە، بەڵام ناتوانێت ئەو زانینە تەکنەلۆجییە لەناوبەرێت کە ئێران لە بەرنامە ئەتۆمییەکەیدا پەرەیپێداوە.
لەبارەی ئەگەری بەئامانجگرتنى خامنەیی، عێراقچی گوتی، ئەوە دەبێتە گەورەترین تاوان، کە ئەنجامی بدات، بەڵام ناتوانن کاری لەو جۆرە بکەن.