رۆژنامە فارسییەکان
خوب
ئێران هۆشداری دەداتە ئەمریکا لەبارەی دەستوەردانی راستەوخۆ لە شەڕدا
ئەندامێکی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، ئەگەر ئەمریکا راستەوخۆ پشتگیری ئیسرائیل بکات، هێزە چەکدارەکانی ئێران بێگومان بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەکەنە ئامانج.
ئەو گوتی، ئەم بنکانە بەهۆی نزیکی جوگرافییەوە بە ئاسانی لەبەردەستی هێزەکانی ئێرانن و ئامانجکردنیان ئاسانترە لە رووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا، ئەگەر گوشارەکان زیاتر ببن، گەرووی هورمز دادەخرێت و رێگە بە کەشتییەکان نادرێت تێپەڕن.
مەردوم سالاری
ترەمپ دوودڵە لە بەشدارییکردنی هێرش بۆ سەر ئێران
نزیکەکانی دۆناڵد ترەمپ ئاشکرایانکردووە کە ناوبراو لە بەشدارییکردن لە هێرشی سەربازیی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دوودڵە.
سەرچاوەکان بە رۆژنامەی نیویۆرک پۆستیان راگەیاندووە، ترامپ نیگەرانی خۆی لەبارەی ناسەقامگیری لە ئێران دەربڕیووە و بە دۆخی ئەفغانستان و عێراقی بەراورد کردووە.
گوتەبێژی کۆشکی سپیش رایگەیاندووە، ترەمپ لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا بڕیاردەدات ئایا راستەوخۆ لە ئۆپراسیۆنی سەربازی ئیسرائیل لە ئێران تێوەگلێت یان نا.
کیمیای وەتەن
ئێران: گرۆسی خیانەتی لە رێککەوتنی بڵاونەبوونەوەی چەکی ئەتۆم کردووە
ئیسماعیل بەقایی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رەخنەی توندی لە رافایل گرۆسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی گرت.
بەقایی دەڵێت: دانپێدانانەکەت زۆر درەنگە، بەڕێز گروسی! تۆ ئەم راستییەت لە راپۆرتە لایەنگیرەکەتدا شاردەوە.
ئەو راپۆرتەی گرۆسی لەلایەن سێ وڵاتی ئەوروپی و ئەمریکاوە بەکارهێنرا بۆ پەسەندکردنی بڕیارێک لەدژی ئێران.
بەقایی جەختیکردەوە، گرۆسی خیانەتی لە رێککەوتنی بڵاونەبوونەوەی چەکی ئەتۆمی کردووە و ئاژانسەکەی کردووەتە هاوبەشێک لەم شەڕەدا.
عەسری قانون
نرخی گواستنەوەی نەوت بەرزبووەوە
بەهۆی شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران، نرخی گواستنەوەی بەرهەمە نەوتییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.
ئەمەش بەهۆی زیادبوونی مەترسیی تێپەڕبوونی سووتەمەنی لە گەرووی هورمزەوە دێت.
بەگوێرەی داتاکانی بۆرسەی باڵتیک، تێچووی گواستنەوەی سووتەمەنی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ رۆژهەڵاتی ئاسیا نزیکەی ٪20 زیادیکردووە. خاوەن کەشتییە نەوتهەڵگرەکانیش لە ناوچەکەدا کارەکانیان راگرتووە.
هەر ئاڵۆزییەک لە گەرووی هورمزدا کە رێڕەوێکی گرنگی وزەیە، دەتوانێت بازرگانیی جیهانی پەکبخات.
رۆژنامە عەرەبییەکان
عەرەب
بەشێک لە میلیشیاکانى عێراق چاوەڕێی فەتواى سیستانى دەکەن بۆ ئەوەى پشتیوانى ئێران بکەن
گرووپە شیعییەکانى نزیک لە ئێران، مینبەرى بەشێک لە مزگەوتەکان و تەنانەت بەشێکى زۆریش لە شەقامی گشتى لە ناوەڕاست و باشوورى عێراق، چاوەڕێی فەتوایەکی راستەوخۆی عەلى سیستانین کە داواى جیهاد بکات لەدژى ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ ئەوەى پشتیوانى لە ئێران بکەن، وەک ئەو فەتوا کیفائییەى لە ساڵی 2014ـدا بۆ وەستانەوە لەدژى داعش دەریکرد و گۆڕانکاریی گەورەى لە هاوکێشەکاندا هێنایە پێشەوە.
لەگەڵئەوەشدا بەشێکی زۆر لە شرۆڤەکاران باوەڕیانوایە فەتواکانى سیستانى دۆخی تایبەتى عێراق لەبەرچاو دەگرن و پێناچێت فەتوایەکی لەوجۆرە دەربکات و عێراق بخاتە دۆخێکى خراپترەوە مەگەر دەستدرێژیی بکرێتە سەر خودی خامنەیی، ئەوەش بەتەواوەتى ناوچەکە دەشێوێنێت.
قودسى عەرەبی
کامێراى چاودێریی ماڵان و شوێنە گشتییەکان بووەتە سەرچاوەى زانیارییەکانى ئێران
پێگەى بلومبێرگ بڵاویکردەوە، گرتە ڤیدیۆییەکانى ئەم چەند رۆژەى رابردوو کە زیان و کاریگەریی مووشەکەکانى ئێرانى نیشانى جیهاندا لە کامێرای چاودێریی ماڵان وشوێنە گشتییەکانەوە وێنەیان گیرابوو.
ئێران سودی زۆری لێبینین و ئیسرائیلیش بۆ رێگرییکردن لە بڵاوبوونەوەى کاریگەرییەکانى ئەو هێرشانە رێگریی دەکات لە بڵاوبوونەوەیان.
بەرپرسێکى پێشووى ئاسایشی ئەلیکترۆنی ئیسرائیلیش داوایکردووە ئاگایان لە کامێراى چاودێریی ماڵ و شوێنە گشتییەکانیان بێت، وشەى تێپەڕبوونەکانیان بگۆڕن لەبەرەئەوەى هەوڵێک هەیە بۆ دەستگرتن بەسەر کامێراکاندا لەلایەن ئێرانەوە و سوودى لێوەردەگرن بۆ بلاوکردنەوەیان لە میدیاکانى ئێرانەوە.
عەرەبى جەدید
دەستەى چاودێریی سعودیە هۆشداریی دەدات لە هێرشکرنەسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان
دەستەى چاودێریی ئەتۆمی و تیشکدانەوەى ئەتۆمییەکانى سعودیە رایگەیاند، هەرجۆرە هێرشکردنێک بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان پێشێلکاریی یاسا و رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانە و هەرجۆرە هەڕەشەیەک بۆ ئەو دامەزراوانەى کە بەمەبەستى مەدەنى بەکاردەهێنرێت کێشەکە قورستردەکات.
دەستەکە روونیشیکردەوە، سەرەڕای ئەوەى هێشتا هیچ جۆرە تیشکدانەوەیەک تۆمارنەکراوە، بەڵام هێرشەکانى ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانى ئێران لە ئاراک و شوێنەکانى دیکە مەترسی گەورە دروستدەکات بۆ سەر ناوچەکە و بگرە جیهانیش، دەستەکە داوای لە نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەنجوومەنى ئاسایش کردووە بەپەلە بەدەم ئەو بابەتەوە بچن.