زووم..
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، سوپای ئیسرائیل زنجیرە هێرشێکی بۆسەر ناوچەکانی ئێران دەستپێکرد و چەندین سەکۆی مووشەکی لە باشووری رۆژئاوای ئەو وڵاتە کردە ئامانج.
سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا دەڵێ، پاتریی مووشەکی زەوی-ئاسمانی لە باشووری رۆژئاوای ئێران بۆردومان کردووە، جگە لەوەش، چەند شوێنێکی لە تاران و ئەسفەهان و رۆژئاوای وڵاتەکە بەئامانج گرتووە.
میدیا ئێرانییەکانیش باسیان لە هێرشەکە کردووە و دەڵێن، هێرشەکانی ئیسرائیل بوونەتە هۆکاری برینداربوونی پێنج کەس، هەروەها، باڵەخانەیەکی پێنج نهۆمی کردووەتە ئامانج و سێ نهۆمی پێکاوە، نانەواخانە و ئارایشگەی ئافرەتان و نۆڕینگەی پزیشکی دەروونی لەخۆگرتووە.
هەر ئەمڕۆش، ئێران بە 25 مووشەکیی قورس و مامناوەند هێرشی کردە سەر ئیسرائیل. میدیا ئیسرائیلییەکان دەڵێن، شەش دانەیان لە شاری حەیفا ئامانجیان پێکاوە و بەوهۆیەشەوە لانیکەم 40 کەس بریندارن، برینی ژمارەیەکیان سەختە.
کەناڵ 12ـی ئیسرائیلییش هەر لەبارەی هێرشەکانەوە بڵاویکردووەتەوە، زیانێکی مادیی زۆر بە شارەکە گەیشتووە.
لەلایەکی دیکەشەوە، سەرۆکئەرکانی سوپای ئیسرائیل، گوتوویەتی، رۆژانێکی سەخت چاوەڕێیان دەکات و ئامادەشن بۆ هەموو ئەگەرەکان