زووم..
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، شەوی رابردوو بە زیاتر لە 60 فڕۆکەی جەنگی لەسەر بنەمای زانیاری وردی هەواڵگری و بە بەکارهێنانی نزیکەی 120 موشەک، دەیان ئامانجی سەربازیان لە ئێران بەئامانج گرتووە.
سوپای ئیسرائیل دەشڵێ، لە هێرشەکانیاندا ژمارەیەک ناوەندی دروستکردنی موشەکی سەر بە وەزارەتی بەرگریی ئێرانیان لە ناوچەی تاران کردوەتە ئامانج، هەروەها بارەگای سەربازی سباندییان لە تاران بۆردومان کردوە، کە ناوەندێکی توێژینەوە و گەشەپێدانی چەکی پێشکەوتووی ئێران بووە و ساڵی 2011 دامەزراوە.
هاوکات رادیۆی سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، شەوی رابردوو ئێران تەنها یەک مووشەکی تەقاندووە و سیستمی بەرگری نەیتوانیوە رێگریی لێبکات.
کەناڵی 12ـی ئیسرائیل دەڵێ، ئەو موشەکەی ئێران کە ناوچەی بئر سەبعی بەئامانج گرتوە 300 کیلۆ مادەی تەقینەوەی تێدا بووە.
هەروەها فریاگوزاری ئیسرائیل رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکەی ئێرانەوە شەش کەس بریندار بوون و 30 کەسی دیکەش بەهۆی ترس و دڵەڕاوکێوە گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکان.
هاوکات کەناڵی سی ئێن ئێن دەڵێ، بەهۆی مووشەکی ئێرانەوە لە نزیک کۆمپانیای مایکرۆسۆفت لە ناوچەی بئر سبعی ئیسرائیل ئاگرکەوتووەتەوە.