57
هەژار عوسمان
پەیوەندیی پڕ گرژی و ململانێی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئیسرائیل زیاترە لە پێکدادانی سیاسی و ئابووری و سەربازی. رەنگە تێگەیشتنێک هەبێت پێی وابێ، زۆر بەسادەیی، ئەمە شەڕی دوو وڵاتی بەهێزە لە مەڕ ئاسایش و کاریگەریدانان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام چیرۆکێکی قووڵتر لە پشت ئەم ململانێیەوەیە. چیرۆکەکە قووڵترەکە باشتر فام دەکرێت ئەگەر لە روانگەیەکی پاشداگیرگەخوازی “پۆستکۆلۆنیاڵیزم”ـەوە تەماشا بکرێ. تیۆری پاشداگیرگەخوازی کۆمەکمان دەکا تێبگەین چۆن رابردوو، بەتایبەت مێژووی کۆلۆنیاڵیزم و زاڵێتیی رۆژاوا، هێشتا کاریگەری لەسەر ململانێی جیهانیی ئەمڕۆ هەیە، لەنێویشیاندا هیی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئیسرائیل.
پاشخانی مێژوویی
لە هەوەڵەوە پێویستە لەوە تێبگەین چۆن کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئیسرائیل گەیشتوون بەم رۆڵەی ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەیگێڕن. ئیسرائیل لە ساڵی 1948 دامەزرێندرا، وەک نیشتمانێک بۆ جووەکان لە پاش جەنگی جیهانیی دووەم و هۆڵۆکۆست. بەڵام دروستکردنی ئەو دەوڵەتە لەسەر حسابی وەدەرنانی زۆرێک لە فەڵەستینییەکان بوو لەسەر خاک و نیشتمانەکەیان. لە روانگەیەکی پاشداگیرگەخوازییەوە، ئیسرائیل وەک دەوڵەتێکی “کۆلۆنیاڵی بەزۆرنیشتەجێکراو” سەیر دەکرێ، دەوڵەتێک پشتیوانیی هێز رۆژاوای وەک بەریتانیا و ئەمریکای هەیە، هەروەتر لەسەر خاکێ دامەزرێندراوە فەڵەستینیەکانی لێ نیشتەجێ بووە. ئەم دیدە پشتبەستە بەو ئارگومێنتەی، ئەگەرچی ئیسرائیل خۆی وەک قوربانی دەبینێ لەبەر مێژوویی تراتجیدیی خەڵکەکەی، بەڵام ئەمێستا بووەتە داگیرکار و جێبەجێکاری دەستبەسەرداگرتنی شێوازی رۆژاوایی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لە لایەکی دیکەوە، ئێران، چەندین دەیەیە ئەزموونی دەستوەردانی رۆژاوا دەکا، بەتایبەتی ئەمریکا و بەریتانیا. ساڵی 1953، کودەتایەکی پشتیوانیکراو لەلایەن ئەمریکاوە، سەرۆکوەزیرانی هەڵبژێردراوی ئێرانی لە پۆستەکەی وەدەرنا. ئەمە چرکەساتێکی گەورە بوو و شکڵی بە بێمتمانەیی ئێران بە رۆژاوا بەخشی. ساڵی 1979 ، ئێران شۆڕشی ئیسلامیی بە خۆوە بینی، شای پاڵپشتیکراو لەلایەن ئەمریکاوە لەسەر تەختەکەی هێنرایە خوار و حکومەتێکی نوێی ئیسلامی دامەزرێندرا. لەو دەمەوە، ئێران خۆی وەک بەرگریکاری خەڵکی چەوساوە و بەگژداچووەوەی هێزی رۆژاوا و ئیسرئیل لە ناوچەکەدا پیشان داوە. شوناسی خۆی وەک وڵاتێک بەیان کردووە بەگژ ئیمپریالیزمدا دەچێتەوە، هەروەتر خۆی وەک بە شێک لە بەرەیەکی موقاوەمەی بەرفراوانی جیهانی دەبینێ.
دیدگەی بیرمەندانی پاشداگیرگەخوازی: ئێدوارد سەعید و فرانتز فانۆن بە نموونە
ئێدوارد سەعید و فرانتر فانۆن دوو تیۆریست و بیریاری گرنگن، کۆمەکمان دەکەن باشتر لەم ململانێیە تێبگەین. ئێدوارد سەعید، پسپۆڕ و لێکۆڵەرێکی فەڵەستینی-ئەمریکییە، گەشەی بە چەمکی “رۆژهەڵاناسی” داوە و کتێبە گرنگەکەشی هەر بەم ناوەیە. سەعید رەخنەی تێڕوانینی رۆژاوا بۆ رۆژهەڵات (بەتایبەت رۆژهەڵاتی ناوەڕاست) دەکات و دەڵێ رۆژاوا وەک دواکەوتوو، دڕندە، مەترسیدار لە رۆژهەڵات دەڕوانێ و باوەڕی وایە دەبێ جڵەو بکرێ. لەم دیدەوە، ئیسرائیل [رۆژاوا] وەک دەوڵەتێکی رۆژاوایی “شارستانی” سەیر دەکرێت، بە دوژمنی رۆژهەڵاتیی “ناشارستانی” دەور دراوە. ئێران بە هەموو هەوڵێکییەوە ئەم بیرۆکەیە رەت دەکاتەوە. ئێران [رۆژهەڵات]، لە دەستپێکی شۆڕشەکەیەوە کۆشاویەتی بڵێ دەوڵەتێکی “دواکەوتوو” و “ناشارستانی” نیین و پێویستمان بە پارێزگاریلێکردنی رۆژاوا نییە. لە باتیی ئەوە، توند باوەشی بە شوناسی کەلتووری و ئایینیی خۆیدا کردووە و بەربەرەکانێی ئەو بیرۆکەیە دەکات پێی وایە مۆدێرنیتی بەس هیی رۆژاوایە و پەیوەستە بە سیستمی دیموکراسی و کاپیتاڵیزمەوە.
فرانتر فانۆن، تیۆریست و دەروونشیکارێکی جەزائیرییە، لە کتێبی “بێچارەکانی سەر زەوی”ـدا بەوردی و بەچڕی توێژینەوەی کردووە لەبارەی ئەوەی چۆن داگیرگەخوازی “کۆلۆنیاڵیزم” کاریگەری لەسەر ئاوەز و ژیانی خەڵک دادەنێ. ئارگومێنتی فانۆن ئەوەیە خەڵکی داگیرکراو[ی رۆژهەڵات] هەست بە “نامرۆڤی” خۆیان دەکەن و تەنها لەڕێی موقاوەمە “بەرخۆدان”ـەوە دەتوانن خۆیان رزگار بکەن، زۆر جار ئەم موقاوەمەیە لەڕێی توندوتیژییەوە بە ئاکام دەگا. دەکرێ پشتیوانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دەستە و کۆمەڵی وەک حیزبوڵڵای لوبنان و حەماسی غەزە لەم روانگەیەی فانۆنەوە خوێندنەوەی بۆ بکرێ. کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێ، پشتیوانیی لەم کۆمەڵانە دەکا چونکێ موقاوەمەی داگیرکاریی ئیسرائیل و شەڕ بۆ ئازادیی خۆیان دەکەن. حکومەتەکانی رۆژاوا ئەم کۆمەڵانە بە “رێکخراوی تیرۆرستی” ناودێر دەکەن، بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک جەنگاوەری ئازادی ناویان دەهێنێ. لە دیدی دووەمیانەوە، ئەم هاوپەیمانانە بەشێکن لە شەڕێکی گەورە دژی چەوساندنەوە و نادادی.
هەژموون و دووانەی رۆژهەڵات/رۆژاوا
یەکێک لە بیرۆکە بنەڕەتییەکانی تیۆری پاشداگیرگەخوازی، بیرۆکەی دابەشبوونی جیهانییە لەنێوان “رۆژهەڵات” و “رۆژاوا”. لەم دووانەیەدا، ئەمریکا و بەریتانیا و فەرەنسا نوێنەرایەتیی رۆژاوا دەکەن، وەک وڵاتگەلێکی مۆدێرن، ئەقڵانی و بەهێز سەیر دەکرێن. بەڵام رۆژهەڵات، بەتایبەتی جیهانی ئیسلامی، وەک وڵاتگەلێکی عاتیفی، نائەقڵانی و توندوتیژ پیشان دەدرێن. ئەم تەرزە بیرکردنەوەیە پاساوی رۆژاوایە بۆ جڵەوکردن و دەستوەردانیان لە وڵاتانی رۆژهەڵات.
لە پرسی ئێران و ئیسرائیلدا، ئەم دابەشبوونەی رۆژهەڵات/رۆژاوا بەڕوونی دیارە. ئیسرائیل وەک بەشێک لە رۆژاوا مامەڵەی لە تەک دەکرێ، ئەگەرچی لە رووی ئەردنیگاری “جیۆگرافی”ـیەوە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئیسرائیل بایی ملیاران دۆلار هاوکاریی سەربازیی لەلایەن ئەمریکاوە پێدەگات، سیستمی حوکمڕانییەکەشی پەسن و سەنای دەکرێ وەک مۆدێلێکی دیموکراسیی رۆژاوایی. لە بەرانبەردا، ئێران لە میدیای رۆژاواییدا وەک نەیارێکی مەترسیدار و نائەقڵانی پیشان دەدرێ، بەتایبەتییش بەهۆی ئەوەی حکوومەتەکەی ئایینییە و رەتیدەکاتەوە شوێن دابی رۆژاوایی بکەوێ.
ئەم دابەشبوونە یارمەتیی هەژموونگەرایی و داگیرکاریی وڵاتانی رۆژاوا دەدا. ئیسرائیل کەڵکێکی زۆر لەم سیستمە دەبینێ، ئێرانیش بەربەرەکانێی دەکا. ئێران دەیەوێ شکڵ بداتەوە بە نەزمی جیهانی، هەروەتر وڵاتانی باشووری جیهان، ئەفریقا، ئاسیا و ئەمریکای لاتینیش، بۆ ئەوەی هێز و سەربەخۆیی زیاتریشیان هەبێ. ئێران دەڵێ لەگەڵ ئیسرائیل [و رۆژاوا] شەڕی ئایینی، شکۆمەندی، دادپەروەری و ئازادیی راستەقینەیە.
ئیسرائیلیش، لە زاری سەرۆکوەزیران بنیامین نەتانیاهۆ، چەند جارێک دووپاتی ئەوەی کردووەتەوە شەڕی ئەوان شەڕێکی “وجوودی”یە، ئەگەرچی شەڕێکی ئایینییشە. چەند رۆژێک لەمەوبەر، تێد کرووز، سیناتۆری ئەمریکی [باڵی کۆمارییەکانی پشتیوانی ئیسرائیل] چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ رۆژنامەنووس تەکەر کارڵسن سازدابوو و گوتی: “تەورات[ی جووەکان] پێمان دەڵێ پشتیوانیی ئیسرائیل بکەین. رۆژانی یەکشەممان لە قوتابخانە فێریان دەکردین، ئەوانەی ئیسرائیل پیرۆز دەکەن پیرۆز دەکرێن، ئەوانەشی نەفرەتی لێ دەکەن، بەر نەفرەت دەکەون”.
پێکدادانی راستەوخۆی ئەمدواییانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئیسرائیل
پێکدانانی کۆماری ئیسلامیی ئێران [رۆژهەڵات] و ئیسرائیل [رۆژاوا] لە نیسانی 2024 زیاتر دەرکەوت، کاتێ ئیران راستەوخۆ هێرشی مووشەکی [150 دانە[ و درۆنیی [170 دانە] کردە سەر ئیسرائیل. هێرشەکەی ئێران لە وەڵامی هێرشێکی ئیسرائیل لە سوریا، بەهۆیەوە چەندین بەرپرسی باڵای سەربازیی ئێران کوژران. ئەوە یەکەمین جار بوو ئێران راستەوخۆ هێرش بکاتە سەر ناوچەکانی ئیسرائیل. ئەگەرچی بەشی زۆری مووشەک و درۆنەکان لەلایەن بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بە هاوکاریی ئەمریکا و بەریتانیا [رۆژاوا] خرانە خوارەوە، بەڵام ژمارەیەکی بەرچاو مووشەکیش ئامانجیان پێکا. لە دوای ئەو رووداوە، ئیسرائیل دەمودەست بە هێرشی ئاسمانی قووڵایی ئێرانی بۆردومان کرد.
ئەم رووداوانە تەنها کردەی سەربازی نەبوون، بەڵکو سیمبۆلیکییش بوون. بۆ ئێران، لێدانی راستەوخۆ لە ئیسرائیل رێگەیەک بوو تێیدا پیشانی بدا چی دی ناسڵەمێتەوە لە بەرەنگاربوونەوەی هێزی لەلایەن رۆژاواوە پاڵپشتیکراو. ویستی بیسەلمێنێ رۆژاوا و هاوپەیمانانی شتێک نیین دەستپێڕانەگەیشتوو بن. بۆ ئیسرائیلیش، ناردنی پەیامێک بوو؛ هەر بەرەنگاربوونەوەیەکی ئاسایشی خۆی و نەزمی رۆژاوایی، بە هێز وەڵام دەدرێتەوە.
بە هەڵکشانی گرژییەکان و بەئامانجگرتنی راستەخۆی یەکدی لە هەفتەی رابردوودا، ململانێی کۆماری ئیسلامیی ئێران [رۆژهەڵات] و ئیسرائیل [رۆژاوا] چووەتە قۆناغێکی هەستیارتر و جددیتر. لە روانگەیەکی پاشداگیرگەخوازییەوە، ئیسرائیل باوەڕی وایە کۆماری ئیسلامیی ئێران گەیشتووە بە دۆخێک دەتوانێ موقاوەمەی نەزمی رۆژاوایی بکا و مەترسی بێ بۆ سەری. بە گوتەی سەرۆکوەزیران نەتانیاهۆ ئێران “زۆری نەماوە بگا بە چەکی ئەتۆم”، ئەمە ئەو چرکەساتەیە ئەقڵی رۆژاوایی [ئیسرائیل] باوەڕی وایە، ئێران بووەتە “مەترسی” و “توندوتیژ” و “نائەقڵانی”. ئەگەرچی لە دوو مانگی رابردوودا کۆماری ئیسلامیی ئێران و [ئەمریکای ترەمپ] لە دانوستاندا بوون، پێنج گەڕیان لە مەسقەت و رۆما تێپەڕاندبوو و بە گوتەی ترەمپ، “بەرەوپێشچوونی باش” هەبوون و “ئەگەری رێککەوتن” هەبوو، بەڵام پێش کەمتر لە دوو رۆژ لە گەڕی شەشەم، ئیسرائیل [رۆژاوا] لە درەنگی شەوی هەینی/شەممە هێرشی کردە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران [رۆژهەڵات] و وێڕای بەئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی، چەندین سەرکردەی باڵای سەربازییشی بەئامانج گرت.
لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسانی باڵای سیاسیی ئێران، لە سەروو هەمووشیانەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە دەڵێ، “نەتانیاهۆ رێگری لە ڕێگەی دیپلۆماسی کرد و شکستیپێهێنا”. لە دیدە پاشداگیرگەخوازییەکەوە، شکستپێهێنانی دانوستان بە واتای نەتوانی و لێنەوەشاوەیی هێزی رۆژاوا دێ بۆ پەیوەندیبەستن لەگەڵ دەوڵەتانی رۆژهەڵات و ئەو ئەقڵییەتەی پێی وایە ئەو دووانەیەی جیهان ناکرێ یەکسان و هاوبەش بن.
ئەنجامگیری: پێکداکێشانی مێژوو و سیستم
ململانێی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئیسرائیل تەنها سەبارەت بە سنوور، چەک و ئایین نییە. ڕیشە قووڵەکەی لە دیدگەی رۆژهەڵات و رۆژاوایە بۆ یەکدی. ئیسرائیل نوێنەرایەتیی دەوڵەتێکی مۆدێرنی لەلایەن رۆژاواوە پاڵپشتیکراو دەکا، باوەڕی بە هێزی سەربازی، گەشەی ئابووری و هێڵی زلهێزانی رۆژاوا هەیە. ئێران نوێنەرایەتیی دەنگ و گوتاری پاشداگیرگەخوازی دەکا، دەیەوێ بەرەنگاری باڵادەستیی رۆژاوا ببێتەوە.
ئەم ململانێیە بەشێکە لە “کاری تەواونەکراوی” نەهێشتنی داگیرکاری یان دیکۆڵۆنایزەیشن. ئەو پرسانەی لە سەدەی بیستەم شکڵیان بە شوناس و یادگە و سەروەری بەخشی، هێشتا ماون. ململانێی ئێران-ئیسرائیل پێمان دەڵێ چۆن رابردوو بەقووڵی ئیش دەکا بۆ شکڵبەخشین بە ئەمڕۆ.