کاساس رایگەیاند، یەکێتى عێراق بەهەڵوەشاندنەوەى گرێبەستەکەى ستەمى لێکردووە و کەسانێکیش هەن هیوادارن عێراق سەرنەکەوێت بۆ مۆندیال.
لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەى ئاسى ئیسپانى، خیسۆس کاساسى ئیسپانى راهێنەرى پێشووى هەڵبژاردەى عێراق رەخنەى توند لە یەکێتى تۆپى پێى عێراق دەگرێت.
کاساس گوتى: بەرپرسانى یەکێتى تۆپى پێى عێراق ستەمى زۆریان لێکردم بەهۆى هەڵوەشاندنەوەى گرێبەستەکەمەوە.
باسى لەوەشکرد، بەدڵنیاییەوە ئەگەر بەردەوامبوایە لەگەڵ هەڵبژاردەى عێراق، سەردەکەوتن بۆ جامى جیهانى و دەشڵێت: کەسانێک هەن هیواناخوازن عێراق سەرکەوێت بۆ مۆندیال.
کاساس ئاماژەى بەوەشکرد، راگەیاندنەکانى عێراق لە کاتى بردنەوەدا هەموویان لە پشتت دەوەستن و بەهەموو شێوەیەک پاڵپشتیت لێدەکەن، بەڵام لە کاتى دۆڕاندندا هەموویان لە پشتى شاشەکانەوە قسەت لەسەر دەکەن.
کاساس بە دوو یارى پێش کۆتایى هاتنى قۆناغى سێیەمى پاڵاوتنى نەتەوەکانى ئاسیا بۆ جامى جیهانى 2026 لە پۆستى راهێنەرایەتى هەڵبژاردەى عێراق دوورخرایەوە.
دواتر راهێنەرایەتى عێراق بە ئەبراهام ئارنۆڵدى ئوسترالى بەخشرا، کە ئەم لە یەکەم یاریدا بەرامبەر هەڵبژاردەى کۆریاى باشوور تووشى شکستهات و عێراق هەلى سەرکەوتنى راستەوخۆى بۆ مۆندیال لەدەستدا و بەشدارى لە پاشکۆى مۆندیالەکە دەکات.