بەهۆى نەخۆشییەوە ئێمباپێ بۆ نەخۆشخانە گواسترایەوە و بەشداریکردنى بەرامبەر پاچۆکا دیارنییە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 19/6/2025 یانەى ریاڵ مەدریدى ئیسپانى رایگەیاند، کیلیان ئێمباپێى فەڕەنسى هێرشبەرى یانەکەیان تووشى هەوکردنێکى زۆرى گەدە و ریخۆڵەکانى بووە و گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
ریاڵ مەدرید ئاماژەى بەوەکردووە، گواستنەوەى ئێمباپێ بۆ نەخۆشخانە بۆ ئەنجامدانى پشکنینى و وەرگرتنى چارەسەر بووە.
ئەمە لەکاتێکدایە ئێمباپێ بەهۆى هەمان هۆکار نەیتوانى بەشدارى یارییەکەى شەوى رابردووى بەرامبەر یانەى هیلالى سعودى بکات، لە جامى جیهانى یانەکان، کە بە یەکسانى و بە گۆڵێک بۆ هەردوولا کۆتایى هات.
هاوکات چابى ئەلۆنسۆى راهێنەرى ریاڵ مەدرید دواى یارییەکە بە یاریزانەکانى گوتووە، دڵنیانییە لە یاریکردنى ئێمباپێ لە یارى داهاتووى بەرامبەر یانەى پاچۆکاى مەکسیکى لە هەمان جام، کە 22ى ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت.