هیلال هۆکارى نەگواستنەوەى کریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆ بەشداریکردن لە جامى جیهانى یانەکان ئاشکراکرد.
لە ماوەى رابردوودا دەنگۆیەکى زۆر هەبوو لەسەر ئەگەرى پەیوەندیکردنى کریستیانۆ رۆناڵدۆى پۆرتوگالى هێرشبەرى یانەى نەسرى سعودى بە یانەى هیلالى سعودییەوە بۆ بەشداریکردن لە جامى جیهانى یانەکان.
ستیڤى کالزادا سەرۆکى جێبەجێکارى یانەى هیلال لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕى بى بى سى سپۆرت ئاماژەى بەوەکرد، عادەتەن قسە لەسەر دۆخى یاریزانان ناکەن، بەتایبەت کە هەمیشە ناوى یانەکەیان پەیوەستدەکرێت بە بەشێک لەو یاریزانانەوە لە ماوەى گواستنەوەدا.
لە بارەى دەنگۆى گواستنەوەى کریستیانۆ کالزادا گوتى: رێزێکى زۆرم بۆ رۆناڵدۆ هەیە بەهۆى ئەو پێگە گەورەیەى هەیەتى کە هەمووان دەیزانن، بەڵام کارەکە بەتەواوى لۆژیکى نەبوو، بەتێڕوانین لە گواستنەوەى یاریزانێکى گەورە لە ریزى یانە رکابەرەکەتدا، بۆ یاریکردن لەگەڵتا بۆ تەنیا سێ بۆ چوار هەفتە”.
ئەمە لە کاتێکدایە، پێشتر کریستیانۆ لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسیدا دووپاتیکردەوە بەشدارى جامى جیهانى یانەکان ناکات و هیچ شتێکیش نەگۆڕاوە و لە یانەى نەسردا دەمێنێتەوە.