ڕزگار شەوکەت
باوەڕکەم لە بری گرژی و لایەنگری باشترە هەنێ شت فێر بین لەم شەڕانەوە، بۆ نموونە کارکردنی و ورد و حسێب بۆ کراوی ئێران لە چەند ساڵی ڕابردوودا، قۆستنەوەی هەلی کەوتنی سەدام و تاڵیبان، چنینی قۆزاخە و تۆڕێکی بەرفراوان لە ناوچکە بۆ ئەوەی مەترسی لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی دوور خاتەوە، ئەمەش واتا هێرش بۆ بەرگری کە ئێمە هەمیشە لە یاری تۆپی پێدا تەماشای دەکەین و ئێرانیش لەم ناوچەیە نموونە سیاسییەکەی ئەنجامدا.
ئەوجا ئەو تۆڕە ئاڵۆزەی ئێران بۆ پاراستنی خۆی چنی بووی بەر ستراتیژی هەژموون خوازیی ئیسرائیل کەوت، لێرەدایە شتێکی دیکە فێر دەبین: وەختێک ڕووبەڕووی تۆڕێکی لەو شێوەیە دەبیتەوە، ڕووبەڕووی گیانداریکێ هەزار پێ، یان هەزار سەر دەبیتەوە، بە چی ڕێگا و میتۆدێک ڕووبەڕووی دەبیتەوە؟ لە پێشدا هەوڵ دەدەیت سەرە گەورەکە بپەڕێنیت، یان لە وردە سەر و پەلەکانەوە دەست پێدەکەیت؟
ئەوجا ڕوونە ئیسرائیل لە وردە پەلەکانەوە دەستی پێکرد، بۆچی ئیسرائیل وایکرد؟ ئەی ئەگەر لە سەرە گەورەکەوە دەستی پێبکردایە چی ڕووی دەدا؟ پاشان ئایا ئیسرائیل هەمان میتۆد بۆ ناوخۆی ئێرانیش بەکار دەهێنێت یان ڕێگایەکی دیکە؟ بەو واتایەی ئایا ئەمەی ئێستا دەیکات لە لێدان لە جنراڵە سەربازییەکان، بنکە مووشەکی و ئەتۆمی و ئابوورییەکان، بڕینی باڵەکانە بۆ ئەوەی بگاتە سەرەکانی ڕژێم یان ئەمە جیاوازە؟ ئێران سیستەمێکی شەبەکەییە یان ستوونی؟ باوەڕکەم بەدەر لە گەرم بوون و خۆ سوورکردنەوە بڕێک زیاتر بیر بکەینەوە زیاتر فێر دەبین.
یان پرسیاری ئەوەی ئایا یوڤال نوح هەراری پێکاویەتی کاتێک دەڵێ شەڕ خێری جارانی نەماوە؟
یوڤال دەڵێ،بەو هۆیەی شەڕ لەم سەدەیەدا چیتر نابێتە هۆی دەستکەوتنی مادەی خام و سەرچاوەی ئابووریی ئیتر شەڕ خێرەکەی جارانی نەماوە!
هەروەک دەشڵێت، ئابووری ئێستا لە جیهاندا بەیەکەوە بەستراوە و هەر کێشەیەک بۆ ئابووری هەر وڵاتێک ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر جهان دەبێت! ڕاست دەکات؟
لە کتێبی بیست و یەک وانە بۆ سەدەی بیست و یەک دەڵێ، شەڕ( تۆ بڵێ شەڕی پۆست مۆدێرن) لەم جیهانە تازەدا یەکلا نابێتەوە، درێژە دەکێشێت، دەبێتە بار و زۆنگاو بۆ ئەوانەی هەڵی دەگیرسێنن، ئەگەر شەڕەکانی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیست ئەو هەموو خێر و بێرەی هەبووبێت بۆ بەریتانیا و فەرەنسا و وڵاتە داگیرکەرەکانی دیکە، ئەوا شەڕەکانی سەدەی بیست و یەک بێ ئەنجامن! وەک شەڕی ئەفغان، عێراق، سوریا و ئەم دواییەش ڕووسیا و ئۆکرانیا و ئەوە ئێران و ئیسرائیلیش!
یان ئایا بودریار ڕاست دەکات لەم سەردەمەدا شەڕ ڕوو نادات؟ واتا ڕەهەندە شۆک هێنەر و تۆقێنەرەکەی شەڕ بەهۆی بە مەجازی کردنەوە نەماوە، یان گۆڕاوە؟
ئایا ڕاستە شەڕ لە دنیای نوێدا زیاتر لە یاری ئاگرین و تابلۆی ڕووناکی و سەرگەرمی دەچێت؟
هەر وەک،دیمەنەکانی شەوی ڕابردووی تەل ئەبیب زیاتر لەوەی تۆقینەری جەنگ بگوازنەوە، لە لایەن هاوڵاتیانەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەک دیمەنی سەرنجڕاکێش و تابلۆی نەخشین بڵاو دەکرانەوە!
کاتی خۆی بودریار وتی شەڕی کەنداو ڕووی نەداوە! چوونکە شەڕ لەم دونیا تازەدا زیاتر لەوەی شەڕی بەرەیی وتەقلیدی بێت، کۆمەڵێک وێنە و ڤیدیۆی تێکشکاوی کەرەسەی جەنگی و باڵەخانەی داڕووخاوە کە ئێمە لە شاشەکانەوە دەیبینین! ئەمەش زیاتر لەوەی لە شەڕ بچێت لە یاری ڤیدیۆیی دەچێت! بیرکردنەوە لەم دیوانەی شەڕەکە زیاتر یارمەتیدەرە تا شەڕە دەنووکی شەخسی و تایفی و میزاجی!