زووم…
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی شەوی رابردووی ئیدارەی دەوڵەتدا پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تاوتوێکراوە، ئەمڕۆش لەڕووی یاسایی و ئیدارییەوە هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە بەردەوامدەبێت.
شاخەوان عەبدوڵا لە پەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەی شەوی رابردووی ئیدارەی دەوڵەت لە بەغداد سەبارەت بە جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل و کاریگەری لەسەر عێراق، تیشکیان خستەسەر مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و کاریگەرییەکانی خەرجنەکردنی مووچەیان تاوتوێکرد.
دەشڵێت، برسیکردنی زیاتر لە ملیۆنێک مووچەخۆری هەرێمی کوردستان دەبێت بابەتی پێشینە بێت لای هەموو لایەک و بە زووترین کات ئەم کێشەیە چارەسەربکرێت، چونکە مووچەخۆرانی کوردستان تەواو بێزار و نیگەرانن لە بڕینی مووچەکانیان و بەشێكی سەرکردەکانی عێراقیش هاوڕابوون لەسەر ئەم پرسە.
شاخەوان عەبدوڵا ئاماژەی بەوەشکردووە، هاوکات شەوی رابردوو لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوەیەکی دیکەیان لەسەر پرسی مووچە ئەنجامداوە و ئەمڕۆش لە رووی یاسایی و ئیدارییەوە هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە بەردەوامدەبێت.