زووم…
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
گاردیەن
ئیسرائیل داوای چۆڵکردنی تاران دەکات
هۆکاری ئەم داوای چۆڵکردنە ئەوەیە ئەگەری بۆردوومانکردنی ناوەندە ئەتۆمییەکانی نزیکی تاران هەیە، ئەمەش مەترسی بۆسەر ژیانی هاوڵاتیانی ئەوێ دروستدەکات.
هێزەکانی سوپای ئیسرائیل هۆشدارییەکیان بۆ خەڵکی تاران دەرکردووە شوێنەکانی خۆیان چۆڵ بکەن.
سوپای ئیسرائیل دەیەوێت لە شێوەی ناوچە بۆردوومانکراوەکانی ناو کەرتی غەزەی بیست مانگی رابوردوو چەند شوێنێکی تاران بۆردوومان بکات.
ئەم هۆشدارییەی سوپای ئیسرائیل لە هەژمارێکی سەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسەوە بڵاوکراوەتەوە. کەسەکە کە هۆشدارییەکەی نوسیوە ناوی کۆڵۆنێل ئەڤیخای ئەدرعییە، تێیدا باسی ئەگەری ئەو هێرشە سەربازییانەی کردووە، کە دەشێت لە دژی ئێران ئەنجامبدرێن.

تایمز
ترەمپ پشتگیری لە بانگەوازەکەی گرووپی حەوت ناکات
دوێنێ سوپای ئیسرائیل هێرشە ئاسامانییەکانی خۆیی فراوانتر کردەوە. تەنانەت تەلاری تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێرانیشی بۆردوومان کرد.
سەرکردەکانی وڵاتانی جی 7 لە کۆبونەوەکەی خۆیانەوە پەیامێکیان بۆ ئیسرائیل نارد، داوای هێوورکردنەوەی بارودۆخە گرژەکانیان لێکرد.
بەڵام ترەمپ نەیتوانی پشتگیری لە پەیامەکەیان بکات. لەپاش بۆردوومانکردنی تەلاری تەلەڤزیۆنی فەرمیی دەوڵەتی ئێرانەوە لە باکوری تاران، ئەو کەناڵە بەشێوەیەکی چاوەڕوواننەکراو بەرنامەکانیی راگرت. ئەودەمەی تەلەڤزیۆنەکە بۆردوومان کرا، بێژەرێکی ژن لە بەرنامەیەکی راستەوخۆدا هەڕەشەی لە ئیسرائیل دەکرد، بەڵام بۆردوومانەکە پەخشەکەیی وەستاند. لە شەوی پاش پێکانی تەلەڤزیۆنی ئێراندا تاران رێژنەیەکی قورسی دیکەی مووشەک و درۆنی ئاراستەی ناو خاکی ئیسرائیل کرد.
فاینەنشیەڵ تایمز
ئیسرائیل دەڵێ ئاسمانی تارانی خستوەتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە
نەتانیاهۆ ستایشی ئەو هێرشانە دەکات، کە ئەنجامدراون، بەڵام هێشتاش چەند ناوەندێکی ئەتۆمیی ئێرانی هەن سەلامەتن.
دوێنێ سوپای ئیسرائیل ناوەندی تەلەڤزیۆنی فەرمیی دەوڵەتی ئێرانی بۆردوومانکرد.
ئەم بۆردوومانکردنە پاش ئەوەهات، کە بنیامین نەتانیاهۆ گوتی سوپای وڵاتەکەی ئاسمانی شاری تارانی کۆنترۆڵکردووە و گوتی، ئەمە گۆڕانکاری و پێشهاتێکی نوێیە لە هەڵمەتەکەدا.
ئەو دەمەی تەلەڤزیۆنەکە بۆردوومانکرا، بەرنامەیەکی راستەوخۆ پەخشدەکرا، بەڵام ستۆدیۆکە پڕبوو لە دووکەڵ. بۆردوومانکردنی کەناڵی تەلەڤزیۆنەکە وەک راگەیاندنی دەستپێکردنی رۆژی چوارەمی بۆردوومان و ململانەکان وەهابوو. سوپای ئیسرائیل گوتی سێ رۆژی رابوردووی هێرشەکان بۆسەر ناوەندی بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئێران وایانکرد ئەم سوپایە بتوانێت بە تەواوی ئاسمانی شاری تاران کۆنترۆڵ بکات، ئەمەش وادەکات ئەو سوپایە هەر ئامانجێکی بوێت لەناو تاراندا بۆردوومانی بکات.

مۆرنینگ ستار
ئارامیی تێدانەما
ئێران و ئیسرائیل لە بۆمبابارانکردنی یەکدی بەردەوامن و داوا لە هەردوولا دەکرێت بە خێرایی پەنا بۆ گفتوگۆ ببەن.
ئەمڕۆ جارێکی دیکە هەردوولای ئێران و ئیسرائیل چەند شەپۆل مووشەکیان ئاراستەی یەکدی کرد.
لە رۆژی هەینییەوە ئەم ئاڵۆزی و ململانەیە دەستیپێکردووە و تا ئێستاش هیچ ئاماژەیەک بۆ وەستاندنی نییە. هێرشە مووشەکییەکانی ئێران کە بۆ تۆڵەسەندنەوە رەوانەی ئیسرائیلی کردن، توانییان سیستمی بەرگریی ئاسمانیی گومەزی ئاسنینی تێبپەڕێنن، کە ئەمریکا داویەتی بە ئیسرائیل، بۆیە توانیویانە بەلای کەمەوە پێنج کەس بکوژن و دەیان کەسی دیکەش بریندار بکەن. بەڵام سوپای ئیسرائیلیش داوای لە خەڵکی پایتەختی ئێران کردووە، کە ناوچەکانی نیشتەجێبوونی خۆیان چۆڵ بکەن، چونکە نیازی بە بۆردوومانکردنیان هەیە.
رۆژنامە فارسییەکان
مەردوم سالاری
رێکخراوی گومرگ دەڵێ هەموو سنورەکانی وڵات بۆ بازرگانی و گەشتیاری کراوەن
بە گوێرەی راگەیاندنی رێکخراوی گومرگی کۆماری ئیسلامی ئێران، هەموو سنورە وشکانی و دەریاییەکان بۆ کاری بازرگانی و گەشتیاری کراوەن.
لە ئێستادا گومرگەکان لە سەرانسەری ئێراندا چالاکن و هیچ سنورێکی داخراو نییە.
ئەرکی سەرەکیی گومرگ خێراکردنی کارەکانی گواستنەوەی کاڵا سەرەکییەکانە و بەبێ هیچ دواکەوتنێک رەوانە دەکرێن.
هەروەها، بۆ خێراکردنی گواستنەوەی دەرمان و ئامێرە پزیشکییەکان، دەسەڵاتی تایبەت بە گومرگی فڕۆکەخانەی خومەینی دراوە.
گومرگەکانی گرنگ وەک بەندەری خومەینی و بەندەری رەجایی، کە دەروازەی هاوردەکردنی کاڵا سەرەکییەکانن، بە شێوەی ٢٤ کاتژمێری کار دەکەن.
نزیکەی 60٪ـی کاڵا سەرەکییەکان لە بەندەری خومەینییەوە دەگەنە وڵات.

کەیهان
پۆلیسی هاتوچۆ رایگەیاند هۆکاری قەرەباڵغی رێگاکانی دەرەوەی تاران خەڵکن
تەیموور حوسێنی، سەرۆکی پۆلیسی هاتوچۆی فراجا، هۆکاری قەرەباڵغی رێگاکانی دەرەوەی تارانی بۆ پشتگوێخستنی مەرجە تەکنیکییەکانی ئۆتۆمبێل لەلایەن شۆفێرانەوە گەڕاندەوە.
ناوبراو رایگەیاند، کە زۆرێک لە شۆفێران بە ئۆتۆمبێلی کێشەدارەوە دەچنە سەر رێگاوبانەکان، کە دەبێتە هۆی وەستان و دروستبوونی قەرەباڵغی.
پۆلیسی هاتوچۆ بە شێوەی 24 کاتژمێری لە سەرانسەری وڵاتدا ئامادەیە بۆ بەڕێوەبردنی هاتوچۆ و یارمەتیدانی شۆفێران.
داوا لە شۆفێران دەکرێت پابەندی یاساکان بن و دڵنیا بن لە تەندروستیی ئۆتۆمبێلەکانیان پێش رۆیشتن.
بازار
وتووێژەکانی ئەمریکا و ئێران پیلانێک بوو بۆ هێرشی ئیسرائیل
سکۆت ریتەر، ئەفسەری پێشووی هەواڵگریی ئەمریکا، رایگەیاند کە وتووێژە ئەتۆمییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە مانگەکانی رابردوودا تەنها نمایش و فێڵێکی ستراتیژی بوون.
ناوبراو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ سپۆتنیک جەختی کردەوە کە ئەم وتووێژانە رێگەیان خۆشکرد بۆ هێرشێکی چاوەڕواننەکراوی ئیسرائیل بۆ سەر ژێرخانی ئەتۆمی و هێزە سەربازییەکانی ئێران.
ریتەر دەڵی، ئەم هێرشانە هێرشێکی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بوون، هەرچەندە واشنتۆن راستەوخۆ ئامێری سەربازی نەنارد، بەڵام پشتگیریی هەواڵگری یان دیپلۆماسی پێشکەش کرد.
هەروەها ریتەر رەخنەی لە هەندێک لایەنی رۆژئاواگەرای ئێران گرت کە بەشدارییان لەم پیلانە فێڵبازانەیەدا کردووە.
ئارمانی میللی
خاڵەکانی پشکنینی بەسیج و گەڕانەکانی شەوانە لە ئێران چالاککرا
هاوکات لەگەڵ زیادبوونی پیلانگێڕی و هێرشەکانی ئیسرائیل، خاڵەکانی پشکنینی بەسیج لە دوێنێوە لە سەرانسەری وڵاتدا چالاک کراون و وردە وردە فراوان دەبن.
بەرپرسێک لە رێکخراوی بەسیج رایگەیاند کە ئەم هەنگاوە بە ئامانجی رووبەڕووبوونەوەی نفووزی دوژمن و پاراستنی ئارامیی گشتی ئەنجامدراوە. هەروەها، گەڕانەکانی شەوانەی بەسیج بۆ چاودێریی زیاتر و رێگری لە هەر جۆرە کردەوەیەکی تێکدەرانە چڕکراونەتەوە.