زووم..
هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران فراوانتر بووە و ئێرانیش دەڵێ، گەورەترین هێرشی موشەكی لە مێژوودا دەكەینە سەر ئیسرائیل.
ئێوارەی ئەمڕۆ ئیسرائیل چەند ناوچەیەکی ناو تارانی بۆردومان کرد و بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش رایگەیاند، هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەی ئاسمانی تارانی کۆنترۆڵکردووە.
هاوكات سوپای ئیسرائیل لە هەژماری تایبەتی لە تۆڕی ئێكس راگەیەندراوێكی بە زمانی فارسی بڵاوكردەوە و داوای لە دانیشتوانی باكوری رۆژئاوای تاران كرد شوێنەكانیان چۆڵبكەن ئەوەش وەك ئامادەكارییەك بۆ ئەگەری هێرشكردن.
دەشڵێ، هاوڵاتیانی ئێران، لەپێناو سەلامەتی و ئاسایشی ئێوە، داواتان لێدەکەین ئەو ناوچەیە چۆڵ بکەن کە بەگوێرەی نەخشە دیاریكراوە هێرشیان دەكرێتەسەر.
لەبەرامبەریشدا سوپای پاسدارانی ئێران هۆشداریدایە دانیشتووانی تەلئەبیب و داوای لێکردن دەستبەجێ شارەکە بەجێبهێڵن، لە کاتێکدا کە گرژییە سەربازییەکان لە ناوچەکە پەرەدەسەنن.
هەروەها میدیای ئێران بڵاویکردەوە، ئێران خۆی بۆ گەورەترین و توندترین هێرشی موشەكی ئامادە دەكات كە لە مێژووی ئیسرائیلدا نەبووە.
ئاماژەی بەوەشداوە، لە نزیک مەیدانی ئازادیی تاران تەقینەوەیەک روویداوە و هێرشیشكراوەتە سەر فڕۆكەخانەی میهرئاباد.
لە وەڵامی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، یسرائیل کاتس وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هەڕەشەی کاولکردنی تارانی کرد و گوتی، عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران تاران دەکاتە بەیروتێکی دیکە و خەڵکەکەشی دەکاتە بارمتە. دەشڵێ، بەمزووانە دانیشتووانی تاران باجەکەی دەدەن.
هاوکات فریاگوزاری ئیسرائیل بڵاویکردەوە، لەسەرەتای هێرشەكانی ئێرانەوە بۆ سەر وڵاتەكەیان 22 كەس كوژراون و زیاتر لە 400 كەسی دیكەش بریندار بوون.
لەبارەی زیانە گیانییەكانیشەوە، وەزارەتی تەندروستی ئێران دەڵێ، لە سەرەتای هێرشەكانی ئیسرائیلەوە زیاتر لە 200 كەس كوژراون و زیاتر لە هەزار و 800 كەسی دیكەش بریندار بوون.