پێدرۆ رۆدریگێز بۆ وەرزێکى دیک گرێبەستەکەى لەگەڵ لازیۆ نوێکردە و دەبێتە پایەیەکى سەرەکى تیپەکە لە وەرزى داهاتوودا.
ئەمڕۆ دووشەممە 16/6/2025 یانەى لازیۆى ئیتاڵى لە راگەیەندراوێکى فەرمیدا ئاشکرایکرد، گرێبەستەکەى پێدرۆ رۆدریگێزى ئیسپانى بۆ وەرزێکى دیکە نوێکردووەتەوە.
بەمەش پێدرۆ تا 30ى حوزەیرانى 2026 لە یاریکردن بە درێسى یانەکەى رۆماى پایتەخت بەردەوامدەبێت.
لازیۆ ئاماژەى بەوەکردووە، پێدرۆى پاڵەوانی جیهان و ئەوروپا، کە براوەی سەرجەم جامە نێودەوڵەتییە سەرەکیەکانى یانەکانە، توانیویەتی نوێنەرایەتی بەهاکانی ئەزموون و هاوسەنگی و خۆبەخشی بکات لەناو یاریگا و دەرەوەی یاریگادا.
بە درێسى لازیۆوە بەشدارى لە 176 یارى کردووە و 34 گۆڵى تۆمارکردووە و بووەتە پێشەنگى تیپەکەى.
باسى لەوەشکردووە، نوێکردنەوەکە بەشێکە لە لۆژیکێکی بەردەوامی و کۆنکرێتى، ئەزموون و متمانەپێکراوی پێدرۆ دەبێتە پایەیەکى سەرەکى بۆ ئەوەی بە بەهێزییەوە رووبەڕووى وەرزی داهاتوو ببێتەوە.