زووم…
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
ئێران و ئیسرائیل ئامانجەکانیان فراوانتر و هێرشەکانیان چڕتر کرد
لەسەرەتاى رۆژى چوارەمی جەنگی ئیسرائیل و ئێران ژمارەى مووشەک و درۆن و ئەو شوێنانەى کە دەکرێنە ئامانج زیادیانکردووە.
دەیان کەس لە هەردوولا کوژران و بریندار بوون، لەگەڵ ئەوەشدا ترەمپ دەڵێ، بەمنزیکانە ئاشتى دەگەڕێتەوە بۆ هەردوو وڵات.
بەرپرسانى ئیسرائیلى دەڵێن، هێشتا لیستى ئەو شوێنانەى کە بڕیارمانداوە هێرشى بکەینە سەر زۆری ماوە. لە بەرامبەردا سەرۆککۆمارى ئێران ئیبڕاهیم رائیسی رایگەیاند، لەبەرامبەر هەر هێرشێکدا وەڵامی توندترمان دەبێت.
سەباح
تائێستا هیچ تیشکدانەوەیەکى ئەتۆمی رووینەداوە
دەستەى نیشتمانى چاودێریی ئەتۆم و تیشکدانەوەکانى رایگەیاند، لەئەنجامى ئەو هێرشانەى ئیسرائیل دەیانکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانى ئێران هێشتا هیچ تیشکدانەوەیەکى ئەتۆمی هەست پێنەکراوە و روینەداوە.
لەسەر سنوورەکان ئامێری تایبەت بەو ئاگادارکردنەوە دانراون لەکاتى هەر رودواێکى نەخوازراودا ئاگاداریی بەپەلە بڵاودەکەنەوە و بۆ ئەو مەبەستەش 42 وێستگەى چاودێریی تیشکدانەوەیان لەسەر سنوورەکانى ئێران جێگیر کردووە و بەردەوام پشکنین ئەنجام دەدەن و کۆنترۆڵی وشکانی و ئاسمانییان کردووە لەو بارەیەوە، جەختیشیان کردەوە هەماهەنگى تەواویان لەگەڵ لایەنە حکومیی و نێودەوڵەتى و ئاژانسى وزەى ئەتۆم هەیە .
دەستور
بۆ ئەوانەى لە دەرەوەى وڵات گیریانخواردووە دەتوانن بەڕێگەى وشکانى بگەڕێنەوە
وەزارەتى دەرەوەى عێراق رایگەیاند، لەگەڵ وڵاتان لە پەیوەندییدان بۆ گەڕاندنەوەى ئەو هاووڵاتییە عێراقییانەى بەهۆی راوەستانى فرۆکەخانەکانەوە گیریانخواردووە و ماونەتەوە.
بۆ ئەو مەبەستە نوێنەرایەتیی و باڵیۆزخانەکانیان لە وڵاتانى ئیمارات، تورکیا و ئوردن، ئێران، کوەیت و سعودییە ئاگادارکراونەتەوە ئاسانکارییان بۆ بکەن تا بەڕێگەى وشکانى بگەڕێنەوە عێراق و هەماهەنگی تەواویان لەگەڵ حکومەتەکاندا کردووە.
هێڵی فرۆکەوانى عێراق بڵاویکردەوە، رۆژانە دوو گەشت لەنێوان دوبەى و بەسرەدا ئەنجام دەدرێت و هەر کەس دەیەوێت لەو رێگەیەوە بگەڕێتەوە دەبێت پێشوەخت ئاگاداریان بکاتەوە.
عەرەب
هێرشەکانى ئیسرائیل پرۆژە ئەتۆمییەکەى ئێران خێراتر دەکات
چوار رۆژە ئیسرائیل بە موشەک و درۆن هێرشدەکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمیی و بەرهەمهێنانى وزەى ئێران، ژمارەیەکی بەرچاو لە زانا و پسپۆڕەکانى بوارەکەشى کردە ئامانج، بۆ ئەوەى رێگریی بکات لەوەى ئێران دەستى نەگاتە چەکی ئەتۆم.
ماریۆن میسمیر تویژەر لە پەیمانگاى شاهانەى نێودەوڵەتى ناسراو بە (تشاتام هاوس) دەڵێت بەهۆی ئەو جەنگەوە قورسە بتوانرێت چاودێریی پرۆسەى بەرهەمهێنانى ئەتۆم بکرێت و تادێت قورستریش دەبێت. دەڵێ، ئێران ئەوەندە یۆرانیۆمی پیتاندووە کە بەشى نۆ بۆمبی ئەتۆم دەکات.
ئاژانسى وزەى ئەتۆم دەڵێ، لەم کاتەدا ئێران هەموو پابەندییە نێودەوڵەتییەکان فەرامۆش دەکات و گوێ بە پشکنین و چاودێرییەکان نادات.
رۆژنامە فارسییەکان
روزگار
فەرماندەی سوپای ئێران دەڵێ زەبری یەکلاکەرەوە لە رژێمی زایۆنی دەدەین
فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران رایگەیاند، بە ئامادەیی تەواوەوە زەبر وەشاندنێکی یەکلاکەرەوە و کاریگەر بەسەر رژێمی ساختە و منداڵکوژی زایۆنیدا دەدەن.
ئەمیر حاتەمی، فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران، دوای دەستبەکاربوونی جەختی کردەوە کە وەک سەربازێکی شۆرش و رۆڵەی گەلی ئێران بەڵێن دەدات تا دوا هەناسە بە هەموو توانایەوە بەرگری و پارێزگاری لە سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاکی ئێران بکات و ئیسرائیل بە سزای تاوانەکانی بگەیەنێت.
کەیهان
ئەندامانی سەر بە موساد لە چەندین شار دەستگیر کران
فەرماندەی گشتیی پۆلیسی ئێران رایگەیاند، هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل دژی ئێران، چەندین ئەندامی مۆساد لە چەندین شاری ئێران دەستگیرکراون.
بە تایبەت لە کرماشان و کەرەج، دوو ئەندامی تیمی موساد کە لە ماڵێکی تیمیدا خەریکی دروستکردنی بۆمب و ماددە تەقێنەرەکان بوون، دەستگیر کراون.
هەروەها لە ئیسفەهان 16 کەس بە تۆمەتی پشتیوانی لە ئیسرائیل دەستگیرکراون.
فەرماندەی پۆلیس داوای لە خەڵک کردووە کە هەر جووڵە و چالاکییەکی گوماناوی بە زووترین کات رابگەیەنن و جەختیشی کردەوە کە سزای توند چاوەڕوانی ئەو کەسانە دەکات کە هاوکاریی ئیسرائیل دەکەن.
مەردوم سالاری
هێرشەکانی ئێران زمانی هاوپەیمانانی ئیسرائیلی گۆڕی
هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ناوەڕاستی خاکی ئیسرائیل بووە هۆی گۆڕینی زمانی هاوپەیمانانی رۆژئاوا و زیادبوونی راوێژەکان.
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، کە پێشتر پشتیوانی لە تەلئەبیب دەکرد، ئێستا باسی پێویستیی ئاگربەست لە نێوان ئێران و ئیسرائیل دەکات.
هاوکات بەریتانیا و ئەڵمانیا داوای خۆگرتنی هەردوولا دەکەن و پێشنیازی ناوبژیوانییان کردووە.
ترەمپ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەیدا نووسیویەتی، ئێران و ئیسرائیل دەبێت رێکبکەون و رێکدەکەون. ناوبراو بانگەشەی ئەوەشی کرد کە پێشتر لە هێرشەکە ئاگادار بووە و هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر ئێران کردووە. ئەمەش ناکۆکییەکی گەورە لە قسەکانی ترامپدا نیشان دەدات، چونکە لە لایەک داوای ئاشتی دەکات و لە لایەکی ترەوە شانازی بە هاوکاری لە هێرشەکەدا دەکات.
ئەسکەناس
هێرشەکانی ئێران متمانەی ئیسرائیلی داڕماند
هێرشی تۆڵەسەندنەوەی ئێران بۆ سەر تەلئەبیب و حەیفا، زیانی زۆری مرۆیی لێکەوتەوە و خەوی خۆشی سەرکردەکانی ئیسرائیلی تێکدا.
بەڵام ئەوەی تەلئەبیبی خستە داوەوە، تەنها موشەکەکان نەبوون، بەڵکو هەڵەی ستراتیژیی نەتانیاهۆ بوو.
ئێران لە وەڵامی دەستدرێژیی راستەوخۆی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی ئێران، یەکێک لە قورسترین هێرشە موشەکییەکانی بۆ سەر خاکە داگیرکراوەکان ئەنجامدا. ئەم هێرشە نمایشێکی هێزی ئامانجدار، حیسابکراو و رێگر بوو. پەیامی تاران روون بوو، سەردەمی لێدان و هەڵاتن کۆتایی هاتووە و نەتانیاهۆ ئیسرائیلی خستووەتە ناو ئاگرەوە.