رۆژنامە فارسییەکان
ئەترەک
ئێران سزایەکی قورسی ئیسرائیل دەدات
تائێستا زیاتر لە 300 مووشەکی بالیستی و هایپەرسۆنیک، لەوانە فەتاح و خەیبەرشکن، ئاراستەی ئامانجە سەربازییەکان لە ناوچە داگیرکراوەکان کراون.
سەرەرای بانگەشەکانی ئیسرائیل بۆ رێگری لە زۆربەی مووشەکەکان، راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە مووشەکەکان بەوردی گەیشتوونەتە بنکە سەربازییەکان، لەوانە دامەزراوەی ئەتۆمی دیمۆنا و بارەگای بەرگریی ئیسرائیل.
بەرپرسانی ئێران، وەک عەباس عێراقچی هێرشەکانی ئیسرائیلیان بە راگەیاندنی جەنگ ناوبردووە و جەختیان لە مافی وەڵامدانەوەی قورس کردووەتەوە.
ئیسماعیل بەقایی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش رایگەیاند، ئێران لەئێستادا سەرنجی لەسەر بەرەنگاربوونەوەی دوژمنە و دانوستان لەگەڵ لایەنگرانی ئیسرائیل، لەوانە ئەمریکا، بێواتایە. ئەمەش بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا.
کەیهان
تەنها رێگەی ئیسرائیل خۆبەدەستەوەدان یان لەناوچوونە
کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەپشتیوانی گەلەکەی، بە لۆژیکی بەرگری و ئیرادەیەکی پۆڵایین، وەڵامی گەمژەیی ئیسرائیل دەداتەوە تاوەکو بە تەواوی لەناوبچێت.
ئەگەر زایۆنیستەکان کەمێک ژیرییان هەبێت بۆ مانەوە، دەبێت سەرکردە تاوانبارەکانیان بهێننە سەر مێزی خۆبەدەستەوەدان.
تەنها رێگە بۆ سەلامەتی دانیشتووانی جوو ئەوەیە کە تاوانباران وەک ناتانیاهۆ لابەرن و بگەڕێنەوە بۆ وڵاتە پێشووەکانیان.
پێویستە جووەکان پێش دەستپێکردنی گەردەلوول، دەستەکانی ناتانیاهۆ و هاوبەشەکانی ببەستن، ئاڵای سپی بەرزبکەنەوە و بەرەو ئەو وڵاتانە بڕۆن کە دەیان ساڵ پێش ئێستا لێوەی هاتوون. ئەمە تەنها رێگەی رزگاربوونی ئەو ژمارە کەمە لە دانیشتووانە کە هێشتا ژیرییان هەیە.
مەردوم سالاری
هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە لە مەترسیدان
ئێستا هەمووان دەزانن ئیسرائیل تەنها نییە و ترەمپ پشتیوانی نەتانیاهۆ دەکات، بەڵام خاڵی گرنگ ئەوەیە کە ئەمریکاش هێزی زۆری لەم ناوچەیەدا هەیە کە لەژێر شمشێری ئێرانن.
محەمەد هاشمی چالاکوانی سیاسی، تاوانەکانی رژێمی زایۆنیستی دژی ژنان و منداڵانی بێتاوانی ئێرانی شەرمەزارکرد و رایگەیاند، زۆرێک لە وڵاتان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هێرشی ئیسرائیلیان بۆسەر خاکی ئێران بە پێشێلکاری یاسا نێودەوڵەتییەکان زانیوە.
هاشمی جەختی لەوەشکردەوە، ئێران مافی وەڵامدانەوەی هەیە و ئیسرائیل بچووکە بەڵام ئێران وڵاتێکی فراوان و گەورەیە.
جەوان
گوتەبێژی هێزە چەکدارەکان: ئیسرائیل ناتوانێت رێگری لە مووشەکەکانی ئێران بکات
ئەبولفەزل شکارچی گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران رایگەیاند، رژێمی زایۆنی ناتوانێت رێگری لە مووشەکە بەهێز و وردەکانی ئێران بکات، تەنانەت بە یارمەتیی لایەنگرانیشی، بە تایبەت ئەمریکا.
شکارچی جەختی لەوەکردەوە، ئەمە چەندینجارە دەسەلمێنرێت و ئۆپراسیۆنی وعدەی سادق بە هێزێکی زۆر کوشندەترەوە ئەنجامدرا.
ئەو بانگەشەکانی ئیسرائیلی رەتکردەوە کە گوایە ئێران ناوچە نیشتەجێبوونەکانی کردووەتە ئامانج و رایگەیاند کە رژێمی زایۆنی خۆی هێرشیکردووەتە سەر ناوچە نیشتەجێبوونەکانی ئێران و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی بێتاوان و ژن و منداڵی کوشتووە.
شکارچی ئاماژەی بەوەدا، ئەگەر مووشەکەکان بەر ناوچە نیشتەجێبوونەکان کەوتبن، ئەوا بەهۆی ئەوەوە بووە کە ئیسرائیل پارازیتی دروستکردووە بۆ لادانی مووشەکەکان لە ئامانجە سەربازییەکان.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
سەندەی تایمز
بەریتانیاش پێی خۆی دەگەیەنێتە ناو شەڕەوە
لەپاش هەڕەشەکانی ئێران، بەریتانیاش فڕۆکەکانی خۆیی بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جوڵاند.
لەپاش ئەوەی ئێران هەڕەشەی کرد لە بنکە و ناوەندە سەربازییەکانی بەریتانیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بدات، بەریتانیاش کۆمەڵێک فڕۆکەی جەنگی و سەربازیی خۆیی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جوڵاند. دوێنێ کێیە ستامەر داوای لە بنیامین نەتانیاهۆ کرد خۆی لە فراوانکردنی مەودای شەڕەکە لابدات، بەڵام ئامادە نەبوو وەڵامی پرسیارێکی لەوشێوەیە بداتەوە، کە ئایا بەریتانیا بۆ خستنەخوارەوەی مووشەکە ئێرانییەکان هاوکاریی ئیسرائیل دەکات، یاخود نا.
ستامەر لەڕێی گەشتەکەیدا بۆ کۆبوونەوەیەکی گرووپی جی حەوت کە بڕیارە ئەمڕۆ لە کەنەدا بەڕێوەبچێت گوتی هەندێک کەرەستەی سەربازییان جوڵاندووە بەرەو ناوچەکە.
ئۆبزێرڤەر
هێڵەکانی شەڕێکی نوێ دەرکەوتن
لاپەڕە یەکی ئۆبزێڕڤەر کراوە بە وێنەی دیمەنی شەوێکی بۆردوومانەکانی شارەکانی نێوانی ئێران و ئیسرائیل و نوسیویەتی هێڵەکانی شەڕێکی نوێ دەرکەوتن. بەم هۆیەوە بەریتانیا فڕۆکەی جەنگی رەوانەی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.
تارانیش هەڕەشەی کردووە کە بنکە سەربازییەکانی بەریتانیا وئەمریکا لە ناوچەکەدا بۆردومان بکات. هەڕەشەکەی ئێران هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەیە، ئیسرائیلیش دەڵێ، تاران دەسوتێنێت. هەر دیدار و کۆبونەوەیەک لەسەر بە دەوڵەتکردنی فەڵەستین دواخراوە.
ئۆرشەلیم پۆست
بۆچی ئیسرائیل لەمکاتەدا لە ئێران دەدات؟
بەرەبەیانی رۆژی هەینی ئیسرائیل کۆمەڵێک هێرشی سەربازیی بۆناو قووڵایی خاکی ئێران ئەنجامدا. ئەم کارە ماوەیەکی زۆربوو پلانی بۆ دادەنرا. بەڵام بە گۆڕانکارییەکی دراماتیکیی خێرا لە کایەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێراندا خرایەبواری جێبەجێکردنەوە. بۆیە دامەزراوەی بەرگریی ئیسرائیلی ئەو هەستەی لەلا دروستبوو کە ئیدی سووک و ئاسان ئەوکاتە رەخساوە پلانی هێرشەکان بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئێران لەبەرنامە ئەتۆمییەکەی خۆیدا خاڵێکی هەستەوەری تێپەڕاند، هەڵسەنگاندنی دەزگا هەواڵگرییەکانیش گوتیان لەئێستادا تاران ئەو توانایەی هەیە 15 دانە کڵاوەی ئەتۆمی دروستبکات. گەیشتنی ئەم زانیارییانە هەموو شتێکیان گۆڕی.
عەرەب نیوز
روانگەی سعودیە بۆ شەڕی نێوانی ئێران و ئیسرائیل چۆنە؟
لەدوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران بارودۆخی ناوچەکە گرژتر بووە. سعودیەش وەک هەمووجارێک لەگەڵ بۆچوون و روانینە جێگیرەکانی خۆیدایە و نایەوێت ناوچەکە ئاڵۆزتر ببێت، پەیامی دیپلۆماسی تاکە رێگای چارەسەرە، پێویستە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هاریکاری و کاری پێکەوەیی دروستببێت.. شانشین بە ئاشکرا هێرشەکانی ئیسرائیلی سەرکۆنە کردووە، دەڵێ ئەوەی روویدا پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە، بۆیە درێژەکێشانی ئەم جۆرە هێرشانە ئاڵۆزی بۆ هەوڵی ئارامکردنەوەی ناوچەکە دروستدەکەن.