رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
وڵاتانى عەرەبی ترسیان لەوەیە جەنگی ئیسرائیل و ئێران بەرۆکیان بگرێت
بەشێک لە وڵاتانى عەرەبی، بە تایبەتى عێراق، سوریا، لوبنان و ئوردن ترسیان لەوەیە جەنگە نوێیەکەى نێوان ئیسرائیل و ئێران بیانگرێتەوە.
سەرۆکایەتى لوبنان بەفەرمی و بەخێرایی حزبوڵای لەوە ئاگادارکردووەتەوە هیچ بەڵگە و پاساوێک لە بەردەستدا نییە لوبنان لەو جەنگەوە تێوە بگلێنرێت.
لە رۆژهەڵاتى سوریاش بنکەکانى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى کەوتنە ئامادەکاریی تەواو بۆ هەر هێرشێک بکرێتە سەریان و بەردەوام فڕۆکە بەسەر سنوورەکانى نێوان عێراق و سوریا دەسوڕێتەوە، ترسیان لەوە هەیە هێرشیان بکرێتەسەر.
لە عێراقیش سودانى رایگەیاند، نیەتێک هەیە دەیەوێت عێراق لەو جەنگەوە بئاڵێنێت. هەرچى ئوردنیشە، هێزە ئاسمانییەکان و چەکەکانی لەسەر سنوورەکان چالاککردووە.
عەرەب
وڵاتانى کەنداو ترسی پەرەسەندنى جەنگی ئیسرائیل و ئێران دایگرتوون
جەنگی راستەوخۆی نێوان ئیسرائیل و ئێران دڵەڕاوکێ و گومانى زۆری لە وڵاتانى کەنداوى عەرەبیدا دروستکردووە و پێیانوایە ئەگەر درێژەبکێشێت بپەڕێتەوە بۆ ئەوانیش نەک هەر سنوورە جوگرافییەکەیان، بەڵکو بوونی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانى رۆژئاوا لەو وڵاتەدا ئەگەرى پەڕینەوەی جەنگەکەى زیاترکردووە.
سەنەم وەکیل توێژەری ستراتیژیی لە پەیمانگاى تشاتام هاوسى بەریتانى بە فرانس پرێسى گوتووە، وڵاتانى کەنداو لەبەردەم ترسێکى راستەقینەدان، دەبێت کارتەکانیان بە هەستیاریی و هوشیارییەوە رابکێشن.
ماوەیەکى زۆریشە عومان دەیەوێت کێشەکە بە دانوستان چارەسەربکرێت، بەڵام سەرینەگرت.
قودسى عەرەبی
نێردراوى ئەمریکا لە سوریا ئاماژە بە وتەیەکی موعاویەى کوڕی ئەبوسوفیان دەکات
تۆم باراک نێردراوى ئەمریکا بۆ سوریا و باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا لەبارەى گۆڕانکارییەکانى ناوچەکە و جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێرانەوە لە تۆڕی ئێکس ئاماژەى بە قسەیەکى موعاویەى کوڕی ئەبو سوفیان دامەزرێنەری دەوڵەتى ئومەویی و بەهێزترین خەلیفە کردووە کە دەڵێ، شمشێر بەکارناهێنم ئەگەر بزانم بە دارەکەم ئیشم دەڕوات، دارەکەشم بەکارناهێنم ئەگەر بزانم زمانم کارى خۆی دەکات، ئەگەر لەنێوان من و خەڵکدا یەک تاڵە موو بمێنێتەوە ئەو تاڵە مووە نابچڕێنم.
نێردەى ئەمریکا لە درێژەى گوتەکانیدا دەڵێ، تەنانەت لەو کاتانەى ئاڵۆزیی و جەنگ هەیە هێشتا بوارێک بۆ دانوستان و گفتوگۆ دەمێنێتەوە.
ئەوە لەکاتێکدا بڕیاربوو سبەینێ گەڕی شەشەمى گفتوگۆکانى نێوان ئێران و ئەمریکا لە عومان بەڕێوەبچێت.
عەرەبی جەدید
موسادى ئیسرائیل بووەتە خۆرەى دەسەڵاتدارانى ئێران
بەرپرسێکی سەربازیی پلەباڵاى ئیسرائیل رایگەیاند، پرۆسەى لەناوبردنى بەرپرسە باڵاکانى ئێران بەگوێرەى زانیاریی هەواڵگریی بووە.
گوتیشى ساڵێکە گرووپێکى تایبەتى بۆ دروستکراوە و کار لەسەر ئەو بابەتە دەکەن، هێرشەکەش بەهاوکاریی هێزی ئاسمانى ئیسرائیل ئەنجامدراوە.
بەرپرسەکە رایگەیاندووە، بیرۆکەى چاودێریکردنیان دواى هێرشەکانى ساڵی رابردوو هاتە ئاراوە کاتێک ئێران هێرشیکردە سەر ئیسرائیل، ئیسرائیل توانى رێژەیەکى زۆر چەک و فڕۆکەى بێفڕۆکەوان بباتە ئێرانەوە، ئامانجەکان بەوردى دیاریی بکات، بەشێک لە ئەندامەکانى لەناو تاراندا نیشتەجێ بکات و بەشێکى دیکەیان لەنێو پارێزگاکان، ئەو گرووپانە لەناوخۆدا ئەوەندە بەوردیی کارەکانیان کردووە کە لەماڵی هەندێک لە بەرپرسەکاندا زیان بە ماڵ و منداڵەکانیشیان نەگەیشتووە.
ئەو بەرپرسە باڵایە گوتوشیەتى، گرووپێکى تایبەت لە شوێنێک لە نزیک تارانى پایتەختەوە کارەکانیان ئەنجامداوە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
گاردیەن
ئێران زەنگی تۆڵەسەندنەوەی لێدا
ئیسرائیل 100 ناوەندی ناو ئێرانی بۆردوومانکرد، ئەمجا گوتی ئەمە سەرەتایە.
ترەمپ دەڵێ، پێشوەختە لەبارەی هێرشەکانەوە ئاگادارکراوەتەوە. گوتیشی، ئەوەی ئەنجامدرا نایاب بوو.
دوێنێ ئیسرائیل هۆشداریی دا بە ئێران. گوتی، هێرشەکان و بۆمبابارانکرنی شوێن و ناوەندە ئەتۆمییەکان، بنکە و بارەگا سەربازییەکان هەموویان، کوشتنی سەرکردە زانستی و سەربازییەکان هەموویا ن سەرەتای ئەو کارەبوون کە دەیەوێت بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران تێکبشکێنێت.
ئەو هێرشانەی روویاندا رەوشی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستاین هەڵکشاندووە بەرەوە بارودۆخێکی جەنگیی خراپتر.
ئێران هەندێک سەرکردەی نوێی بۆ سوپاکەی داناوە و ئاماژە بەوەدەدات تۆڵەدەکاتەوە. سەرکردەی هێزەکانی پاسداران کوژرا و لە جێگای ئەو محەمەد پاکپوور دانرا. لە پاش دانانەکەیەوە هەڕەشەدەکات دەرگای دۆزەخ بەڕووی ئیسرائیلدا بکاتەوە.

تایمز
هێرشی پێچەوانەی ئێران دەستیپێکرد
موشەکەکانی ئێران گەشتن بە تەلئەبیب، ترەمپ بە تاران دەڵێت، وەرە رێکەوتن بکە، پێش ئەوەی کە کات نەمێنێت.
شەوی رابردوو ئێران رێژنەیەک مووشەکی گرتە ئیسرائیل. بەلای کەمەوە یەکێک لەو موشەکانە توانیویەتی بگات بە ناو تەلئەبیب. ئەم هێرشانەی ئێران وەڵام بوون بۆ بۆردوومانکردن بونیادی دامەزراوە ئەتۆمییەکان و ناوەندی دەستەڵاتە سەربازییەکانی ئەو، لەلایەن ئیسرائیلەوە.
ئەو تۆڵەسەندانەوەی ئێران وەڵامێکی تاران بوون بۆ دۆناڵد ترەمپ کە داوای لێدەکرد بچێتە سەر مێزی گفتوگۆ، بۆئەوەی بە دانوستاندن کۆتایی بە کارە ئەتۆمییەکانی بهێنێت.
وەڵامێکی نەخێری تاران بوو بۆ پێشنازەکانی سەرکردەکانی دیکەی جیهان و بە تایبەتییش کێیە ستامەر، کە بە ئێرانی گوتبوو، بیر لە تۆڵەسەندنەوە نەکاتەوە. عەباس عێراقچیی وەزیری دەرەوەی ئێران هەر ئەمشەو بە دەیڤد لامیی وەزیری دەرەوەی بەریتانیای گوتووە، کە وەڵام بە شەڕينگێزییەکانی ئیسرائیل دەدەنەوە. ئایەتووڵا خامنەئی سەرکردەی باڵای ئێران لە لێدوانێکی ئەمشەویدا کە لەڕێگای تەلەڤزیۆنەوە بڵاوکرایەوە، گوتی وامەزانن، کە ئیسرائیل دەستی وەشاند و ئیتر تەواو، نەخێر ئەوان دەستپێشخەر بوون و شەڕیان بە دەستپێشيخەرییەکەیان نایەوە، بۆیە ناهێڵین بە سەلامەتی لێی دەربچن، ئەو تاوانەی گەورەیەی ئەنجامیانداوە، بە ئاسانی کۆتایی نایەت.

ئای ویکئەند
نەتانیاهۆ سەرکێشی دەکات
نەتانیاهۆ سەرکێشیی قومارێکی کرد و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرفتاری شەڕکرد، بۆمبارانی چەند ناوەندێکی کرد، بنکەی ئەتۆمیی گرت بە ئەمانج و چەند سەرکردەیەکی سەربازی و چەند زانای ئەتۆمیشی کووشت.
تاران هەڕەشەدەکات لە تۆڵەسەندنەوەدا دەرگای دۆزەخ بەڕووی ئیسرائیلدا بکاتەوە.
ئیسرائیلیش کۆمەڵێک هێرشی نوێ ئەنجامدەدات، داوا لە هاووڵاتییەکانی خۆی دەکات بۆ خۆپاراستن بچنە پەناگە و ژێرزەمینەکانەوە.
بەریتانیا دەڵێت، ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات، بەڵام داواشی لە هەردوولاکرد، خۆیان لەوەلابدەن ناوچەکە ببەنە لێواری ململانەیەکی گەرەتر.

فاینەنشیەڵ تایمز
جیهان کەوتووەتە بەر هەڕەشەی سەرهەڵدانی ململانەیەکی نوێ
ساڵی رابوردوو، کە دۆناڵد ترەمپ هەڵبژاردنەکانی بردەوە، بەڵێنیدا سەرکردەی ئاشتی بێت. بەڵام ئەوەتا ئێستا دەبینین ئەمریکا لە قەیرانی شەڕێکی نوێی نێوانی ئیسرائیل و ئێرانەوە گلاوە. ئەوەی ئێستا روودەدات پێماندەڵێت بەڵێنەکەی ترەمپ بێمانایە. ئەمریکا دەیتوانی بە ئاسانی بە پشتبەستن بە دیپلۆماسیەت کێشەکەی کەرتی غەزە چارەسەربکات.
ترەمپ لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەیدا گوتی، دەکرێت کێشەی غەزە چارەسەربکرێت، کۆتایی بە کێشەی ئەتۆمیی ئێران بهێنرێت، لەماوەی 24 کاتژمێریشدا شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوانی رووسیا و ئۆکراین چارەسەر بکات. لە گوتارەکەی مانگی تشرینی دووەمی رابوردوویدا گوتی ئێمە بۆئەوە نەهاتووین شەڕ دروست بکەین، هاتووین شەڕەکان کۆتایی پێبهێنین. ئەم گوتەیەی زۆر سەرنجی ئەو خەڵکەی ئەمریکای راکێشا کە لەدژی تێووەگلانی وڵاتەکەیان بوون لە شەڕەکانی ئەفغانستان و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.