دانا حەمید
کڵاوزڤیتز لە کتێبە گرنگەکەیدا «لەمەڕ شەڕـ On War» چەمکێکی بنەڕەتی دامەزراند کە دەڵێت شەڕ هیچ مەبەستێکی خۆی نییە، بەڵکو ئامرازێکە بۆ بەدەستهێنانی مەبەستە سیاسییەکان. ئەو باوەڕی وابوو کە جەنگ هەرگیز بە دوور لە سیاسەت ناکرێت، چونکە لە ڕاستییدا درێژەپێدانی سیاسەتە بە ڕێگایەکی دیکە. ئەم بۆچوونە گەورەترین گۆڕانکاری دروستکرد لە شێوەی تێگەیشتن لە جەنگ وەک دیاردەیەک، چونکە پێش ئەو کاتە زۆربەی بیرمەندان شەڕیان وەک شتێکی سەربەخۆ دەبینی کە هیچ پەیوەندییەکی بە سیاسەتەوە نەبوو. بەڵام کڵاوزڤیتز ئاشکرای کردەوە کە جەنگ هەمیشە لە خزمەتی مەبەستە سیاسییەکاندایە و نابێت لە قاڵبی ئەو مەبەستانە دوور بکەوێتەوە.
ئەم بۆچوونە نوێیە بووە بنەمای گەیشتن بە تێگەیشتنێکی قووڵتر لە جۆری پەیوەندیی نێوان هێز و سیاسەت لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا. بیرمەندانی دواتر بۆچوونەکانی کڵاوزڤیتزیان پەرەپێدا و گەشەیان پێدا بۆ تێگەیشتن لە دۆخە نوێیەکانی سەردەمی خۆیان. ئارۆن لە ڕاکانیدا جەختی لەوە دەکردەوە کە سیاسەتی نێودەوڵەتی و شەڕکردن دوو ڕووی یەک دراوسێن کە ناتوانرێت لە یەکتر جیابکرێنەوە. هێنری کیسینجەر بۆچوونێکی جیاوازتری بردە پێشەوە کە هاوسەنگی هێز لە نێوان دەوڵەتاندا بە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی پاراستنی ئاشتی دەژمێردرێت، بەڵام ئەم هاوسەنگییە پێویستی بە توانای شەڕکردن هەیە. ئێستا چۆن شێوازەکانی جەنگ گۆڕاون، بەڵام بنەڕەتی پەیوەندی نێوان جەنگ و سیاسەت هەروەک کلاوزڤیتز گوتبووی ماوەتەوە.
لە بارودۆخی شەڕ و ناکۆکیی «نەرم-ڕەق»ـی ئێران و ئیسرائیلدا، بۆچوونی کڵاوزڤیتز ڕێگایەکی گونجاو پێشکەش دەکات بۆ تێگەیشتن لە ڕەوشی ئێستای هەردوولا. ئێران لە ڕێگەی پاڵپشتی لە گروپە چەکدارەکانی وەک حیزبوڵڵا لە لوبنان، حەماس لە غەزە، چەکداران لە یەمەن، و هەندێک گروپی چەکداری عێراقیش، هەوڵ دەدات مەبەستە سیاسییەکانی بەدەست بهێنێت بەبێ ئەوەی ڕاستەوخۆ بکەوێتە شەڕی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل. ئەم شێوازە لە ئەدەبیاتی سیاسییدا؛ کە پێی دەوترێت «جەنگی وەکالەتی»، بە تەواوی لەگەڵ بۆچوونی کڵاوزڤیتز دەگونجێت کە جەنگ ئامرازێکە بۆ بەدەستهێنانی مەبەستی سیاسی. کاتێک ئەم خاڵە دەڵێین, دەزانین هێزى ئەو گرووپانە وەک جارانیش نەماون.
ئێران بەم شێوەیە هەوڵدەدات دەسەڵاتی خۆی لە ناوچەکەدا بەهێز بکات و بەرگری لە خۆی بکات لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا، بەڵام بەبێ ئەوەی بکەوێتە مەترسی شەڕێکی گەورە کە لەوانەیە لە توانایدا نەبێت. ئیسرائیلیش بە هەمان شێوە هەوڵدەدات بە بەکارهێنانی هێزی سەربازی و هەڕەشەکردن، مەبەستە سیاسییەکانی بەدەست بهێنێت. سیاسەتی ئیسرائیل کە پێی دەوترێت «بەرگری پێش لەپێویست» یان «شەڕکردن لە نێوان شەڕەکان»ـدا، مانای ئەوەیە کە پێش ئەوەی دوژمنەکانی توانای زیان گەیاندنی پێ هەبێت، لێیان دەدات. ئەم سیاسەتە لە ڕێگەی کوشتنی کەسایەتی گرنگ، لێدانی شوێنە سەربازییەکان، و بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیای نوێ وەک جەنگی ئەلیکترۆنی جێبەجێ دەکرێت. هەر ئەم کارانەش بە مەبەستی ئەوەیە کە ئیسرائیل بتوانێت ئاسایشی خۆی بپارێزێت و هەڕەشەکان لە خۆی دووربخاتەوە، بەبێ ئەوەی ناچار بێت بکەوێتە شەڕێکی درێژخایەن کە ڕەنگە زیانی زۆری پێ بگات.
بەم شێوەیە دەبینین کە هەردوو لا هەمان بنەمای کڵاوزڤیتزی بەکاردەهێنن: جەنگ وەک ئامرازێک بۆ بەدەستهێنانی مەبەستی سیاسی. شیکردنەوەی ئەم دۆخە لە ڕۆشنایی بیری کڵاوزڤیتزدا نیشانی دەدات کە چۆن لە سەردەمی ئێستاشدا ئەو چەمکە بنەڕەتییە مایەوە کە جەنگ بەردەوامی سیاسەتە بە ئامرازی دیکە. هەردوو ئێران و ئیسرائیل لە یاریەکی ئاڵۆزدان کە تێیدا هەر هەنگاوێک کاریگەریی سیاسی خۆی هەیە و هەر بڕیارێک دەبێت بە چاوی سوود و زیانەوە سەیر بکرێت، نەک تەنها بە چاوی توانای سەربازییەوە. ئەم ڕاستییە دەریدەخات کە بیری کڵاوزڤیتس لە سەردەمی ئێستاشدا نەک تەنها گرنگە، بەڵکو زۆر پێویستیشە بۆ تێگەیشتن لە شێوە نوێیەکانی ناکۆکی لە جیهانی ئەمڕۆدا. لەبەر ئەوەش، چاوەڕوانی ئایندەی ئەم ناکۆکییە پێویستی بە شیکردنەوەیەکی سیاسی ورد و قووڵتر هەیە کە ئەو مەبەستانە لە قەڵەم بدات کە هەردوولا بە گرنگترین شت دەیانزانن.