ئاکام عومەر، فەرماندەى هێزەکانى کۆماندۆ، دواى 55 رۆژ لە برینداربوونى ئێوارەى ئەمڕۆ فەرماندەیی هێزەکە هەواڵى گیانلەدەستدانى راگەیاند.
لە پەڵکانە و زینانە بۆمبێکى چێندراو پێیاندا تەقیەوە
19ى تشرینى یەکەمى ئەمساڵ لیوای کۆماندۆ راگەیەندراواێکی بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد کە، لەکاتى ئۆپراسیۆنى هێزەکانیان بە سەرپەرشتی ئاکام عومەر، لە سنورى تاوێر کەوەى ناوچەکانى پەڵکانە و زینانە بۆمبێکى چێندراو پێیاندا تەقیەوە و ئاکام عومەر بە سەختى برینداربوو، ئەفسەرێک بەناوى زوهێر محەمەد گیانى لەدەستدا و چوار پێشمەرگەى دیکەش برینداربوون.
ئاکام عومەر، دوای 10 رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانەی فاروق لە سلێمانی گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانەیەکى ئەڵمانیا.
لەدایکبووى پارێزگاى هەولێرە
ئاکام عومەر، لەدایکبووى ساڵى 1986ى پارێزگاى هەولێرە و هاوسەرگیریی نەکردووە، ئەو لەدواى هێرشەکانى چەکدارانى داعش لە ساڵى 2014، وەک وەرگێر لەگەڵ هێزەکانى ئەمریکا و پێشمەرگە کارى کردووە.
ساڵى 2015 بە بڕیارى شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، کە ئەو کات فەرماندەى هێزەکانى 70ى پێشمەرگەبوو، لیوای کۆماندۆ دروستکرا و ئاکام عومەر کرا بە فەرماندەى هێزەکە.
کۆماندۆ، هێزێکى مەشقپێکراوە و سەر بە هێزەکانى 70ى پێشمەرگەیە، بە هاوکارى هاوپەیمانان دروستکراوە و راوێژکارە سەربازییەکانى ئەوان مەشقیان پێکردون