قۆناغى پاشکۆى پاڵاوتنى ئاسیا لە سعودیە و قەتەر دەبێت و پێشتریش عێراق و چەند وڵاتێکى دیکە داواى یاریگاى بێلایەنیان دەکرد.
دواى کۆتایى هاتنى قۆناغى سێیەمى پاڵاوتنى نەتەوەکانى ئاسیا بۆ گەیشتن بە جامى جیهانى 2026، ناسنامەى ئەو شەش هەڵبژاردەیە ئاشکرابوو، کە بەشدارى لە قۆناغى چوارەمى پاڵاوتنەکان دەکەن، کە ئەوانیش عێراق و قەتەر و سعودیە و ئیمارات وعومان و ئیندۆنیسیان.
یەکێتى تۆپى پێى ئاسیا رایگەیاند، یارییەکانى قۆناغى چوارەم (پاشکۆى ئاسیا) لە هەردوو وڵاتى قەتەر و سعودیە بەڕێوەدەچن.
ئەمە لە کاتێکدایە، پێشتر عێراق و چەند وڵاتێکى دیکە بەفەرمى و بەجیا داوایانکردبوو یارییەکان لە یاریگاى بێلایەندا بەڕێوەبچن.
عێراق داواى لە فیفا و ئەى ئێف سى کردبوو، بۆ پشتگیرى دادپەروەرى و یەکسانى و گەرەنتى دەستپاکى کێبڕکێکان و ئاسانکردنى داواکاریەکانى بەڕێوەبردنى قۆناغەکە، یارییەکانى پاشکۆ لە یاریگاى بێلایەندا بکرێن، بەڵام داواکە رەتکراوەتەوە و یارییەکان لە قەتەر و سعودیە دەبێت.
بەگوێرەى رێساکانى یەکێتى تۆپى پێى جیهان و ئاسیا، هەڵبژاردەکان لە قۆناغى چوارەمى پاڵاوەتنەکان یاخود قۆناغى پاشکۆ بەسەر سێ ئاستدا دابەشدەکرێن بەگوێرەى ریزبەندى فیفا.
هەڵبژاردەکان بەگوێرەى ئاستەکانیان دابەشى دوو کۆمەڵەى سێ تیپى دەکرێن و یارییەکانى قۆناغەکەش بەشێوازى خول و بە یەک یارى بەڕێوەدەچن، کە بڕیارە 17ى مانگى داهاتوو تیروپشکەکە رابکێشرێت.
یارییەکانى پاشکۆى ئاسیا لە نێوان هەشت بۆ 14ى تشرینى یەکەمى داهاتوو بەڕێوەدەچن، یەکەمى کۆمەڵەکان راستەوخۆ سەرکەوتن بۆ مۆندیال بەدەستدەهێنن، دووەمى هەردوو کۆمەڵەکەش بە چوون و گەڕانەوە رووبەڕووى یەکدەبنەوە و براوەیان دەگاتە پاشکۆى جیهان.