زووم..
بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەدیاریکراوی لەدوای کاتژمێر 2:30ـی بەرەبەیان، ئیسرائیل هێرشی فراوانی بۆسەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران و بەرپرس و کەسایەتییە باڵا سەربازییەکانی وڵاتەکە دەستیپێکرد.
بەگوێرەی زانیارییەکانی گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا سەرکردەی باڵای دامەزراوە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون، سیستمیی بەرگریی ئێران کراوەتە ئامانج، هێرشەکان هێشتا بەردەوامن و هەتا ئێستا 200 فڕۆکەی شەڕکەر و 300 بۆمب بەشدارییان لە هێرشەکەدا کردووە.
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل دەڵێت، فڕۆکەکانیان هێشتا هێرش دەکەن و بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکەنە ئامانج، دەشڵێت، ئێران نزیک بووە لەوەی ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، ئامانج لە ئۆپراسیۆنەکانمان لەناوبردنی ئەم هەڕەشەیەیە.
گوتەبێژەکەی سوپای ئیسرائیل ئاشکرایکرد، ئێران لە وەڵامی هێرشەکانیان نزیکەی 100 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاراستەی خاکی ئیسرائیل کردووە، میدیای ئێرانیش دەڵێت، بە زووترین کات قورسترین هێرشی موشەکی دەکەنەسەر ئیسرائیل.
میدیا و ئاژانسە فەرمییەکانی ئێران دەڵێن، لە هێرشەکەدا چەندین بەرپرسی باڵای سوپای پاسداران و زانایانی ئەتۆمی کوژراون، لەنێویاندا، محەمەد باقری، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، حسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران، عەلی شەمخانی، راوێژکاری باڵای خامنەیی و بەرپرسی یەکەمی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران، ئەمیر عەلی حاجیزادە، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران، غولام عەلی رەشید، فەرماندەی بنکەی خاتەمول ئەنبیای سوپای پاسداران و چەند زانایەکی ئەتۆمی کوژراون، میدیای ئێران دەڵێت، جگە لە بەرپرسان ٥٠ کەسی مەدەنیش بریندار و کوژراون.