ڕزگار شەوکەت
خۆی پارتی لە دامەزرانییەوە تاکو ئێستا بەقەدەر ئەو چەند ساڵەی لە حوکمدا بوو نەناسرا، پێشتر لە دۆخی گەرمی و داگیرساوی شۆڕش هەرچی تاوانێکی کردبێت نەبووەتە شوناس بۆی، بەڵام لەدوای ئەوەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانی کەوتە دەست ئیدی بەتەواوی شوناسی دژە کۆمەڵایەتیانەی پاتی دەرکەوت، ئاشکرابوو چەند وێرانکەرە بۆ کۆمەڵگا، لە ڕووی ئەخلاقی و سیاسی و پەروەردەيیەوە تراژیدیایەک بوون بە هەموو مانایەک. ئەگەر لە ڕابردوودا پارتی بەشێوەیەکی جوزئیش بووبێت بە شێوەیەک بە هێزی کۆمەڵگای کوردی بە پێوە بوو، ئێستا بەڕەهایی بە هێزی دەرەوەی کۆمەڵگای کوردی بە پێوەیە.
ئەم سرووشتە دژە کۆمەڵگایەی پارتی پێمان دەڵێت پارتی هیچ داهاتوویەکی دوور مەودای لە کۆمەڵگای کوردیدا نابێت، بەڵام بەڕاستیش زیانەکانی،وجێکەوت و لێکەوتە مەرگبارەکانی بۆ کۆمەڵگا ساڵانێکی دەوێت خۆژ ببنەوە. پارتی زیانە ئابووری و ستراتیژییەکانی بۆ کۆمەڵگای کوردی بە لایەک و ئەو کارکردنە ڕێکخراوەی بۆ ڕووخاندنی مانا و سیستەمی بەهایی کۆمەڵگا بە لایەک، پارتی حیزبێکی عیرقییە، ڕەگەزپەرستە، دواکەتووە،تەسکبینە هەمووی بەجێی خۆی، بەڵام زیانی دوور مەودای پارتی لەوەدایە بەشێوەی مەنهەجی مانا بۆ هیچ شتێک ناهێڵێت، لە ڕێگای سەدان سەرچاوەی میدیاییەوە لە پێوەر دەدات، نیشتمان پەروەری و خیانەت تێکەڵ دەکات، حەق و ناحەق، پێوەر بەدەستی خەڵکەوە ناهێڵێت، هەست دەکەم پارتی لەم بوارەوە زۆرترین زیان لە کۆمەڵگاو بەهاکانی دەدات.
ئەوەی کە پارتی بەو شێوەیە ڕاست و درۆ تێکەڵ دەکات و بێ ڕەحمانە دەکەوێتە وێزەی هەموو بەها مرۆییەکان گەورەترین وێرانکراییە بۆ پەیکەری بەهاکانی کۆمەڵگای کوردی، ئەوەیە کە ئێمە دەبینە قوربانی دەرهاویشتە ئابووری و بژێوییەکانی سیاسەتی پارتی بەشە ئاسانەکەی پارتییە. پارتی ئەو بێ بەندوباوییەی کە بڵاوی دەکاتەوە بۆ کۆمەڵگا ترسناکە! ئەوەی مەترسیدارە کە هەڕەشە دەکات و هیچ باکی نییە بە جووڵانەوە بە سەد و هەشتا پلە پێچەوانەی هەڕەشەکانی! ئەمڕۆ شتێک دەڵێت و بەیانی پێچەوانەکەی، ئەمە هەر زیانی ئابووری نییە، بەها ناهێڵێت، مانا و کەلتوور وێران دەکات، پەروەردە دادەڕزێنێت، لە قووڵاییەوە کاردەکاتە سەر دەروون و ویژدانی نەوەیەک، مەبەستمە بڵێم ڕاستە ئێمە ژیان و بژێویمان بووبە قوربانی بەرژەوەندییەکانی پارتی، بەڵام باجە ڕەوشتی و بەهاییەکانی ئەم کۆمەڵگایە بەهۆی پارتییەوە زۆر لە زیانە ئابوورییەکانی کاریگەرتر و دوور مەودا ترە.