سەرۆکى ریاڵ مەدرید رایگەیاند، ئارنۆڵد لە نێوان یانەکانى جیهاندا ریاڵ مەدریدى هەڵبژاردووە، یاریزانەکەش سوپاسى دەکات.
لە کۆنفرانسى ناساندنى ئەلکسەندەر ئارنۆڵد بەرگریکارى نوێى یانەى ریاڵ مەدرید، فلۆرنتینۆ پێرێزى سەرۆک گوتى: ئەمڕۆ رۆژێکى تایبەتە بۆ مەدریدیەکان، گرێبەستمان لەگەڵ ئەستێرەیەک کردووە هەموو شتێکى بردووەتەوە، ئەمڕۆ پەیوەندى بە خێزانەکەمانەوە کرد.
پێرێز ئاماژەى بەوەشکرد، ئارنۆڵد دەیتوانى پەیوەندى بە هەر یانەیەکەوە بکات لە جیهاندا، بەڵام ریاڵ مەدریدى هەڵبژاردووە، هەرگیز ئەم هەڵوێستەى لەبیرناکەن.
دەشڵێت: ئەمڕۆ ئارنۆڵد خەونەکەى بەدیهات، یاریکردنى بۆ ریاڵ مەدرید هەڵبژارد، باشترین یانەى جیهان، پەیوەندى بە ریاڵەوە کرد، لەبەرئەوەى شایستەى زیاترە لێرە.
لە هەمان کۆنفرانسدا، ئەلکسەندەر ئارنۆڵد سوپاسى فلۆرنتینۆ پێرێزى کرد، کە هەلى یاریکردنى لە ریاڵ مەدریددا پێیبەخشى و خەونەکەى بوو بە راست.
ئارنۆڵد گوتى: من بەپەرۆشم بۆ یاریکردن لە تەنیشت باشترین یاریزانەکانى جیهان لە ریاڵ مەدریددا، ناتوانم چاوەڕێ بکەم تا پیشانى هاندەرانى ریاڵ مەدریدى بدەم، کە لە یاریگادا دەتوانم چى بکەم.
باسى لەوەشکرد، بردنەوەى تۆپى ئاڵتون لەگەڵ ئەم یاریزانانەى ریاڵ زۆر قورس دەبێت، بەڵام دڵخۆشە لەبەرئەوەى لەگەڵیان یارى دەکات نەک لە بەرامبەریان.
ئارنۆڵد لەبیریەتى کە کریستیانۆ رۆناڵدۆ “باشترین یاریزانى جیهان” پەیوەندى بە ریاڵ مەدریدەوە کردووە و ئەوەشى ئاشکراکرد، کە هەر لە زووەوە دەیزانى لیڤەرپوڵ بەجێناهێڵێت تەنیا بۆ ریاڵ مەدرید نەبیت، هیوادارە ئەوەى لە لیڤەرپوڵ کردى لێرەش دووبارەى بکاتەوە و چەندین گۆڵ بۆ هێرشبەرەکان درووستبکات.