زووم:
حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ حکومەتی عێراق، شاندی 5+1 دەنێرێتە بەغداد.
شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە رۆژی شەممە 10ی کانوونی یەکەمی 2022ەوە گەیشتووەتە بەغداد و دەستی بە کۆبوونەوەکانی کردووە لەگەڵ لایەنە فەرمییەکانی حکومەتی عێراق.
دۆسیەکانی بەشە بودجەی هەرێم، نەوت و گاز، گومرگ و دەروازە سنوورییەکان و دیوانی چاودێریی دارایی، لەگەڵ حکومەتی عێراق تاوتوێ دەکەن
بە گوێرەی راگەیەنراوێکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، شاندەکەی حکومەت سەبارەت بە دۆسیەکانی بەشە بودجەی هەرێم، نەوت و گاز، گومرگ و دەروازە سنوورییەکان و دیوانی چاودێریی دارایی، گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ حکومەتی عێراق دەکەن.
لە تازەترین کۆبوونەوەی شاندەکەدا، ئەمڕۆ دووشەممە لەگەڵ ئەنجومەنی وەزاریی عێراق بۆ کاروباری ئابووری کۆبوونەوە، کە د. فوئاد حسێن سەرۆکایەتی دەکات.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، بۆچوونمان لەبارەی پرەنسیپە گشتییەکانی پرۆژەیاسای بودجەی 2023ەوە خستووەتەڕوو، “پێویستە رێککەوتن لەسەر بودجە بەگوێرەی دەستوور و کارنامەی حکومەتی نوێی عێراق بێت”.

پێکهاتەی شاندەکەی هەرێم لە بەغداد
شاندەکەی حکومەتی هەرێم لە شەش ئەندام پێکهاتووە، پێنجیان سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانن و یەکێکیان لە بزووتنەوەی گۆڕانە.
هەرچی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە هیچ ئەندامێکی لە شاندەکەدا نییە، وەکوچۆن بایکۆتی کۆڕ و کۆبوونەوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی کردووە.
ئەمە لەکاتێکدایە 9ی تشرینی دووەمی رابردوو، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمدا بڕیار لەسەر ئەندامانی شاندەکە درابوو، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دوو ئەندامی هەبوو، دارا رەشید وەزیری پلاندانان و ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان زیاد لە جارێک لەزاری بەرپرسانی باڵای حزبەکەوە، جەختیکردووەتەوە لە ئەدای حوکمڕانیی پارتی دیموکراتی کوردستان رازی نین. هەر ئەمەش هۆکاری بایکۆتەکەیانە.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم، بۆ دوو مانگ دەچێت بەشداریی کۆبوونەوەکانی حکومەتی نەکردووە
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم لە پشکی یەکێتی، بۆ دوو مانگ دەچێت بەشداریی کۆبوونەوەکانی حکومەتی نەکردووە، ئەمە سەرەتای بایکۆتی حزبەکە بوو لە بەرزترین دەسەڵاتەوە.