راهێنەری عێراق شانازى بە تیپەکەیەوە دەکات و دڵنیاشە لەوەى سەردەکەون بۆ جامى جیهانى 2026.
لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسی دواى بردنەوەکەى بەرامبەر ئوردن لە گەڕى کۆتایى قۆناغى سێیەمى پاڵاوتنى ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیالى 2026، ئەبراهام ئارنۆڵدى راهێنەرى هەڵبژاردەى عێراق پیرۆزبایی بردنەوەکەى لە یاریزانەکانى کرد و گوتى: شانازی بە تیپەکەوە دەکەم، هەفتەیەکی شێتانە بوو، بەڵام بەباشی کۆتایی هات.
ئارنۆڵد ئاماژەى بەوەکرد، یاریى بە چوار یاریزان نەکرد لە ترسی راگیران، دووپاتیشیکردەوە سەرنج دەخەنە سەر ئامادەکردنی توانای جەستەیی یاریزانەکان پێش دەستپێکردنی قۆناغی پاشکۆ.
گوتیشى: تەنیا 10 بۆ 12 یەکەی مەشق و راهێنانمان کرد، لەگەڵ ئەوەش یاریزانەکان ئاستێکی باشیان پێشکەشکرد، هەرچەندە بێ هیوابووین بەهۆی دۆڕاندنەکەی بەرامبەر کۆریای باشوور.
لە کۆتاییشدا دەڵێت: بە یاریزانەکانم گوت بیر لە داهاتوو بکەنەوە، پەیامیشم بۆ هاندەرانی عێراق ئەوەیە بڕوایان پێمان هەبێت، پێکەوە سەردەکەوین بۆ جامی جیهانی 2026.