زووم..
رۆژنامە فارسییەکان
کەیهان: هیوای هەڵوەشاندنەوەی پیشەسازیی ئەتۆمیی ئێران دەبەنە گۆڕ
محەمەد ئیسلامی سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران رەخنەی توندی لە لێدوانەکانی رافایل گرۆسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی گرت.
ئیسلامی رایگەیاند، گرۆسی بە لێدوانەکانی نیشانیداوە کە ئەویش بەشێکە لەو وڵاتانەی کە ساڵانێکی درێژە دژی گەلی ئێران ئۆپراسیۆنی دەروونی ئەنجامدەدەن.
ئەو جەختیکردەوە، لێدوانەکانی گرۆسی هیچ بنەمایەکی تەکنیکی و یاساییان نییە و هەرچەندە ئێران کەمتر لە ٪3ـی ناوەندە ئەتۆمییەکانی جیهانی هەیە، بەڵام زیاتر لە 25٪ـی پشکنینەکانی ئاژانس لە ئێران ئەنجامدەدرێت.
محەمەد ئیسلامی هەروەها دووپاتیکردەوە، دوژمنان هیوای هەڵوەشاندنەوەی پیشەسازیی ئەتۆمیی ئێران دەبەنە گۆڕ.
ئەبرار: گرۆسی سیخوڕی ئیسرائیلە و نابێت هاوکاریی بکرێت
حسێن شەریعەتمەداری کەسایەتی نزیک لە رێبەری ئێران رایدەگەیەنێت، رافایل گرۆسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بریکاری موسادە.
ئەو نووسیویەتی، بەڵگەنامە نهێنییەکانی ئیسرائیل کە لەلایەن هەواڵگریی ئێرانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە، ئەمە پشتڕاستدەکەنەوە.
گرۆسی بەردەوام دژی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بووە و بە نوێنەری ئێرانی گوتووە، ئەوان دادوەرن و ئێوە تۆمەتبارن.
شەریعەتمەداری پێیوایە مردنی گوماناوی ئامانۆ و جێگرتنەوەی گرۆسی پیلانگێڕی بووە و داوادەکات گرۆسی قەدەغە بکرێت و سکاڵای نێودەوڵەتی لەسەر تۆماربکرێت و سزابدرێت.
خوب: بەفیڕۆدان هۆکاری سەرەکیی قەیرانی ئاوی ئێرانە نەک وشکەساڵی
ئێران رووبەڕووی قەیرانێکی سەختی ئاو بووەتەوە کە بەهۆی بەکارهێنانی زۆری ئاو، بەتایبەتی لە کەرتی کشتوکاڵدا خراپتر بووە.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی وزە، لە ساڵی رابردوودا زیاتر لە 88٪ـی سەرچاوە ئاوییەکان لە کشتوکاڵدا بەکارهاتوون، لەکاتێکدا ئەم کەرتە کەمتر لە 10٪ـی بەرهەمی ناوخۆیی پێکدەهێنێت.
راپۆرتە نێودەوڵەتییەکانیش جەخت لەسەر دۆخی مەترسیداری سەرچاوە ئاوییەکانی ئێران دەکەنەوە و ئێران لە پێوەرەکانی مەترسیی ئاودا لە ریزبەندی وڵاتانی مەترسیی زۆر بەرزدایە.
کێشەکە تەنها کەمبارانی یان بەکارهێنانی تاکەکەسی نییە، بەڵکو ناکارامەیی لە سیاسەتدانان و نەبوونی حوکمڕانییەکی یەکگرتووی ئاوە. بۆ دەرچوون لەم دۆخە، پێویستە سیاسەتەکانی ئاو بگۆڕدرێن و بەرهەمهێنان باشتربکرێت.
ئاسیا: لە تاران هەشت وێستگەی وزەی خۆر کرانەوە
لە رێوڕەسمێکدا، هەشت وێستگەی وزەی خۆری لە حەوت ناوچەی جیاوازی تاران کرانەوە.
مەهدی قومی سەرۆکی شارەوانیی ناوچەیی تاران رایگەیاند، چالاکیی دروستکردنی وزەی خۆری لە ساڵی رابردووەوە دەستیپێکردووە و بەردەوامە لە گەشەپێدان.
لەگەڵ کردنەوەی ئەم هەشت وێستگەیە، کۆی گشتیی وێستگە بچووکەکان گەیشتووەتە 77 وێستگە و بڕیارە 26 وێستگەی دیکەش لە داهاتووی نزیکدا بکرێنەوە.
شارەوانیی تاران پلانی هەیە بۆ کەمکردنەوەی پیسبوونی هەوا و پچڕانی کارەبا وزەی خۆری بەگەڕبخات.
رۆژنامە عەرەبییەکان
سەباح: پەرلەمانی عێراق چاوەڕێی گەیشتنى خشتەکانی بودجە دەکات
پەرلەمانى عێراق چاوەڕێی گەیشتنى خشتەکانى بودجەی گشتی دەکات تاوەکو گفتوگۆیان لەسەر بکرێت و دواتر دەنگی لەسەربدرێت و پەسەندبکرێت، ئەم کارەش بووە بە پێشەنگى کارەکانى حکومەت و پەرلەمانی عێراق.
دوای ئەوەى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، ئامادەن کۆبوونەوەیەکى تایبەت بۆ گفتوگۆی خشتەکانى بودجە ئەنجامبدرێت، جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە رۆژنامەى سەباحی گوتووە، چاوەڕواندەکرێت بەمزووانە خشتەکانى بودجە بگاتە پەرلەمان و لەگەڵ ئامادەکردنى ئەو خشتانە لەلایەن حکومەت و گەیشتنى بە پەرلەمان، بەزوویی گفتوگۆی لەسەر دەکەن و پەسەندی دەکەن و چیتر لەوە زیاتر دواناخرێت.
شەرقلئەوسەت: تارمایی ئیدانەکردنەکانى ئێران باڵی بەسەر دانوستانە ئەتۆمییەکاندا کێشاوە
لە کۆبوونەوەکانى ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەى ئەتۆم کە ئەم هەفتەیە بە بڕیارێکی وڵاتانى ئەوروپا لە پەراوێزی گفتوگۆ ئەتۆمییەکانى نێوان تاران و واشنتن بەڕێوەچوو، ئیدانەکردنەکانى ئێران باڵی بەسەر گفتۆگۆکانى ئەو کۆبوونەوەیەدا کێشا.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا بە تۆڕی فۆکس نیوزی گوتووە، ئێران لە جاران زیاتر پێداگریی لە گفتوگۆ ئەتۆمییەکان دەکات و رەنگە گفتوگۆکانى ئەم گەڕەى دانوستانەکان، بگەنە رێککەوتن و دووربکەونەوە لە بژاردەى سەربازیی.
ترەمپ سووربوونى ئەمریکای لە رێگرییکردن لە پیتاندنى یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە دووپاتکردەوە.
ئاژانسی رۆیتەرزیش لە زاری بەرپرسانى ئەمریکا و ئێرانەوە بڵاویکردەوە، گەڕی شەشەمی دانوستانەکەى تاران و واشنتن رۆژی یەکشەممەى داهاتوو لە مەسقەتى پایتەختى عومان ئەنجامدەدرێت.
قودسی عەرەبی: مەحمود عەباس، ئامادەین بانگهێشتی هێزی وڵاتانى عەرەبی و نێودەوڵەتى بۆ فەڵەستین بکەین
جارێکی دیکە مەحمود عەباس سەرۆکى دەسەڵاتى فەڵەستین دووپاتیدەکاتەوە پشتگیریی لە دانانى چەکەکانى دەست حەماس دەکەن و چیتر حوکمی غەزە نەکەن کە لە ئایندەدا دەبێتە بەشێک لە دەوڵەتى فەڵەستین.
لە پەیامێکیدا کە ئاڕاستەى ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکى فەرەنسا و محەمەد بن سەلمان شازادەى جێنشینى سعودیەی کردبوو، مەحمود عەباس گوتوویەتى، ئەوان ئامادەن پێشوازیی لە هێزە عەرەبی و نێودەوڵەتییەکان بکەن و لە غەزە و هەندێک ناوچەى دەوروبەریی بە بڕیاری ئەنجومەنى ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان بەمەبەستى ئاشتی و سەقامگیریی بڵاوەیان پێبکرێت.
عەرەبی جەدید: نەتانیاهۆ، دانوستانەکانی ئاگربەستى غەزە بەرەوپێشچوون
بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆکوزیرانى ئیسرائیل دەڵی، دانوستانەکانى ئاگربەستى غەزە و ئاڵوگۆڕی بارمتە و زیندانیکراوان بەرەوپێشچوونێکی گەورەى بەخۆیەوە بینیوە.
سەرەڕای بەردەوامی سوپای ئیسرائیل لە هێرش و بۆردومان و کۆمەڵکوژییەکانى غەزە، نەتانیاهۆ باسی لەو بەرەوپێشەچوونانەى دانوستانەکانی کردووە.
هەوڵەکانى ئەمریکا و قەتەر وەک دوو نێوەندگیر بەردەوامن بۆ رێککەوتنى نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل، حکومەتەکەى نەتانیاهۆش دەیەوێت بێ ئەوەی جەنگ رابگرێت، دانوستان لەسەر ئاڵوگۆڕی بارمتە و زیندانیکراوان ئەنجامبدات و بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ حەماس بگاتە رێککەوتنێک.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
فاینەنشیەڵ تایمز: سزا بۆ چەند وەزیرێکی حکومەتەکەی ئیسرائیل دەرکرا
هەریەکە لە وڵاتەکانی بەریتانیا، کەنەدا، نیوزیلەندا و نەرویج سزایان بەسەر چەند وەزیرێکی راستڕەوی توندڕەوی ناو کابینەی حکومەتەکەی ئێستای ئیسرائیلدا سەپاند، لەبەرئەوەی هانی ئەنجامدانی توندوتیژییان لەدژی خەڵکانی مەدەنیی فەڵەستینی داوە.
ئەو بڕیارەی کە دەرکراوە، بۆ هەریەک لە وەزیری ئاسایشی نیشتمانی و وەزیری دارایی ئەو وڵاتەن.
ئەمە بۆ یەکەمجارە وڵاتانی رۆژئاوا لە دژی ئیسرائیل بڕیارێکی لەوشێوەیە دەربکەن، هۆکارەکەشی ئەوەیە ئەم وەزیرانە لە مامەڵەکردنیاندا لەگەڵ شەڕ و هێرشەکانی ناو غەزەدا جیهانی رۆژئاواییان تووڕەکردووە. سزاکانی بەریتانیا بریتین لە سڕکردنی هەر موڵک و ماڵێکی ئەو دوو وەزیرەی ئیسرائیل لە ناو بەریتانیادا و قەدەغەکردنی هاتوچۆکردنیان بۆ ناو شانشینی یەکگرتوو.
هۆکاری دەرچوونی ئەم بڕیارە لەلایەن ئەو وڵاتانەوە بریتیبووە لە شێوازی خراپ مامەڵەکردنی ئەم وەزیرانە لەگەڵ دانیشتوانی ناوچەی کەناری رۆژئاوادا.
میترۆ: لە رووداوێکی تەقەکردندا لەناو خوێندنگەیەکی نەمسادا 10 کەس کوژران
پۆلیسی نەمسا دەڵێ، ئەو کەسەی هێرشەکەی کردووە، تەمەنی 21 ساڵە، پێشتر خوێندکاری ئەو خوێندنگەیە بووە، بەڵام دەرنەچووە و دەرکراوە، بە دەمانچەیەکەوە گەڕاوەتەوە ناو خوێندنگەکەی پێشووی بە تەقەلێکردن 10 کەسی لێکوشتوون، شەش کچ و سێ کوڕ و ژنێک کە پێدەچێت مامۆستای خوێندنگەکە بووبێت.
رووداوەکە لەناوچەی گراز لە باشووری نەمسا روویداوە، کاتژمێر دەی بەیانی بووە، چووەتە ناو خوێندنگەکەوە، خوێندکارەکانی لەناو دوو پۆلدا کۆکردووەتەوە و ئەمجا تەقەی لێکردوون. لەکاتی تەقەکردنەکاندا بەدەوری خۆیدا سوڕاوەتەوە بۆئەوەی زۆرترینیان لێ بکوژێت، پاشان هەر لە شوێنی روداوەکەدا کۆتایی بە ژیانی خۆشی هێناوە.
تایمز: رێژەی جیابوونەوەی هاوسەران لە بەریتانیا کەمبووەتەوە
رێژەی تۆمارکردنی تەڵاق و جیابوونەوە لە بەریتانیادا کەمبووەتەوە، زۆربەی ئەو کەسانەشی کە لەیەکدی جیادەبنەوە لەوانەن کە پەنا بۆ داداگاکان دەبەن بۆئەوەی بەهۆی جیابوونەوەکەیانەوە بڕێک پارەیان دەستبکەوێت.
قورسبوونی خەرجییەکانی ژیان، نادڵنیایی ئابووری و ناکۆکیی نێوانی هاوسەرەکان لەو هۆیانەن کە زۆرترین جیابوونەوەکانیان لێکەوتووەتەوە.
داتا و زانیارییەکان دەڵێن، لە ساڵی 2023ـدا لە بەریتانیادا 76 هەزار تەڵاق تۆمارکراوە، ئەم رێژەیە لە ساڵی 1971 بەدواوە تائێستا کەمترین رێژەی تۆمارکراوە. بەڵام لەو ژمارەیەدا 10 هەزار و 300 جیابوونەوەیان کێشەکانیان بردووەتە بەردەمی دادگا و داوای قەرەبووی دارایی دەکەن.
لە پاش ساڵی 2008ـەوە هیچ ساڵێک رووینەداوە هێندە خەڵک لە جیابوونەوەیاندا داوای قەرەبووی مادی بکەن.
گاردیەن: وەزیری دارایی بەریتانیا 39 ملیار پاوەند بۆ هەرزانکردنی نرخی خانوو تەرخاندەکات
بڕیارە ئەمڕۆ رەیچڵ ریڤز وەزیری دارایی بەریتانیا بودجەی تەرخانکراوی حکومەت بۆ هەرزانکردنی دروستکردنی خانووبەرە بۆ دووهێندەی بڕەکەی ئێستای بەرزبکاتەوە.
پرۆژەکەی وەزیری دارایی ئەوەیە ئەمڕۆ رایبگەیەنێت 39 ملیار پاوەند بودجە تەرخان بکات بۆئەوەی لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوودا بخرێتە بەردەستی بەرپرسانی شارەکان و رێکخراوەکانی نیشتەجێکردن.
لەئەمڕۆوە رێگە بە خاوەن خانوو و موڵکەکان دەدرێت کە کرێی مانگانەی ئەو خانووانەی بە کرێی دەدەن بەڕێژەی لەسەدا یەک بەرزبکەنەوە، ئەم بەرزکردنەوەیەش لە هەمان ماوەی کاتیی دیاریکراودا کاری پێدەکرێت.