دواى واژۆکردنى گرێبەستەکەیان، ریاڵ مەدرید دین هاوسنى بە راگەیاندنەکان ناساند و درێسى ژمارە 24 دەپۆشێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 10/6/2025 دین هاوسنى ئیسپانى بەرگریکارى نوێى یانەى ریاڵ مەدرید لە مەدریدى پایتەختى ئیسپانیا پشکنینى پزیشکى ئەنجامدا و دواتریش لەگەڵ فلۆرنتینۆ پێرێزى سەرۆک گرێبەستەکەى نێوانیان واژۆکرد.
پێرێز لە کۆنفرانسێکى تایبەتدا بەخێرهاتنى دین هاوسن و خێزانەکەى کرد و گوتى: یەکێک لە بەهرەمەندترین یاریزانى دونیاى تۆپى پێ گەیشتە ریاڵ، کە لە منداڵییەوە خەونى پۆشینى درێسى یانەکەیە.
هاوکات دین هاوسنیش ئاماژەى بەوەکرد، پەیوەندی بەباشترین یانەى جیهانەوە کردووە و گوتى: هیوادارم پێکەوە چەندین نازناو بەدەستبهێنین سەرەتا جامى جیهانى یانەکان، ریاڵ مەدرید یانەى ژیانمە و هیوادارم چەندین ساڵ لێرە بمێنمەوە، ریاڵ باشترین یانەى جیهانە و لێرەم بۆ بردنەوەى نازناوەکان و دەمەوێت هەموو شتێک بەدەستبهێنم و ئامانجم هەیە.
لە بارەى وەرگرتنى درێسى ژمارە 24 دین هاوسن گوتى: هەر ژمارەیەک گونجاوبێت بۆم، تەنیا دەمەوێت بەم درێسەوە یارى بکەم.