زووم…
هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دەڵێت، پشتبەستنی تەواو بە بەغداد پێگەی هەرێمی کوردستان لاواز دەکات و گوشارەکانی حکومەتی فیدراڵی بۆسەر هەرێمی کوردستان زیاتر دەکەن، دەشڵێت، بەغداد قووت و گوزەرانی خەڵکی کوردستان وەک بارمتە بەکاردەهێنێت.
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی باسی لەوەش کردووە، دژایەتیکردنی گرێبەستەکانی نەوت و غازی هەرێمی کوردستان و هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و غاز بۆ نەهێشتنی سەربەخۆیی ئابووری و نەهێشتنی ژێرخانی وزەیە، کە بنەماکانی پشتبەخۆبەستن بەهێز دەکەن.
دەشڵێت، پشتبەخۆبەستن لەم دۆخەی ئێستای کوردستاندا ئەوە دەخوازێت یەکێتی و یەکڕیزیی نێوخۆ پتەو بکرێت، ئەمەش تەنیا لەڕێی کاراکردن و بەهێزکردنی دامەزراوە و دەزگا یاسایی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە دەبێت.
سیوەلی دەشڵێت، وەگەڕخستنی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتی نوێ لە ئەرکە سەرەکییەکانی حیزبەکانە، هیچ چوارچێوە و دامەزراوەیەک لە دەرەوەی پەرلەمان و حکومەت ناتوانێت نوێنەرایەتیی گەل بکات، دەبێت دانانی دەستوورێک بۆ هەرێمی کوردستان لە کارە سەرەکییەکانی پەرلەمان بێت.