ئەمشەو بۆلیڤیا و چیللى رووبەڕووى یەکدەبنەوە و بەرەبەیانى سبەینێش ئەرجەنتین و بەڕازیل بەجیا یارى دەکەن.
ئەمشەو سێشەممە 10/6/2025 کاتژمێر 11 بە یارى نێوان هەردوو هەڵبژاردەى بۆلیڤیا و چیللى کێبڕکێکانى گەڕى 16ى پاڵاوتنى نەتەوەکانى ئەمریکاى باشوور بۆ گەیشتن بە جامى جیهانى 2026 دەستپێدەکەن.
لە کاتژمێر سێى بەرەبەیانى سبەینێ چوارشەممەشدا، هەڵبژاردەى ئەرجەنتین، لە خاکى خۆیدا، میواندارى هەڵبژاردەى کۆڵۆمبیا دەکات.
ئەم یارییە دووبارەبوونەوەى یارى کۆتایى کۆپا ئەمریکاى رابردووە، کە بە گۆڵێکى بێ بەرامبەر لە سودى ئەرجەنتین کۆتایى هات.
هەر بەرەبەیانى سبەینێ کاتژمێر سێ و 45 خولەک، هەڵبژاردەى بەڕازیل لە خاکى خۆیدا، رووبەڕووى هەڵبژاردەى پاراگوای دەبێتەوە.
ئەم یارییە دووەم یارى کارلۆ ئەنچیلۆتى دەبێت وەک راهێنەرى سامبا، کە لە یەکەم یاریدا لەگەڵ هەڵبژاردەى ئیکوادۆر بەبێ گۆڵ یەکسانبوون.
لە ئێستادا ئەرجەنتین دواى 15 یارى و بە 34 خاڵ پێشەنگى ریزبەندى پاڵاوتنەکانى کیشوەرەکەى گرتووە و بەجیاوازى 10 خاڵ لە پێش ئیکوادۆرى پلەى دووەم و پاراگواى پلەى سێیەمەوەیە، بەڕازیلیش لە پلەى چوارەمدایە و 22 خاڵى هەیە.