زووم…
یائیر گۆلان، سەرۆکی پارتی دیموکراتەکانی ئیسرائیل، وەکو پارتێکی ئۆپۆزسیۆن، داوای ئاگربەستی غەزە دەکات و دەڵێت، چیدیکە حکومەتەکەی نەتانیاهۆ نوێنەرایەتیی زۆرینەی گەلی ئیسرائیل ناکات.
گۆلان، کە پێشتر جێگری سەرۆکئەرکانی سوپای ئیسرائیل بووە، بە رۆژنامەنووسانی گوت، ئۆپۆزسیۆن هیواخوازە هەڵبژاردنی گشتیی ئیسرائیل بەڕێوەبچێت.
دەشڵێت، پێویستە ئیسرائیل بەزووترین کات کۆتایی بە جەنگ بهێنێت، زۆرینەی ئیسرائیلییەکان دەیانەوێت ئیسرائیل وەک نیشتمانی جووەکان، لە هەمان کاتدا، دەوڵەتێکی ئازاد و یەکسانیخواز و دیموکراسی بمێنێتەوە.
گۆلان باسی لەوە کردووە، پارتەکەی نوێنەرایەتیی ئەو کەسانە دەکات دەیانەوێت دیموکراسی لە ئیسرائیل رزگار بکەن لە دەست داهاتوویەکی گەندەڵ و تێڕوانینی راستڕەوی توندڕەو.
دەشڵێت، حکومەتی ئێستای ئیسرائیل یەکێکە لە راستڕەوترین حکومەتەکانی مێژووی ئیسرائیل و هەڕەشەیە بۆسەر دیموکراسیی وڵاتەکە.