زووم…
پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە پارێزگاکانی سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە دەستیپێکرد، لە هەولێریش رۆژی پێنجشەممە دەستپێدەکات.
نەسرین محەمەد بەڕێوبەری سایلۆکانی سلێمانی بە زوومی گوت، پشکی پارێزگاکە 145 هەزار تۆنە، ئەمساڵیش نۆرە بۆ وەرگرتنی گەنم دیاریکراوە.
نازم محەمەد بەڕێوەبەری بازرگانیی دانەوێڵەی دهۆک بە زوومی راگەیاند، ئەمساڵ سایلۆیەکی دیکە لە پارێزگاکەدا کاردەکات، ئەویش سایلۆی رۆڤیایە، بەمەش لە چوار سایلۆدا گەنمی جووتیاران وەردەگیرێن. گوتیشی، پشکی دهۆک 117 هەزار و 911 تۆنە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی زوومیش، ئەمساڵ لەلایەن عێراقەوە هەڵەبجە وەک پارێزگا هەژمارکراوە و 13 هەزار تۆن وەک پشکی پارێزگاکە دیاریکراوە.
هاوكات، میران بەختیار بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر بە زوومی گوت، پێنجشەممە دەست بە وەرگرتنی گەنم دەکەن لە سایلۆیەک و مەیدانێکدا، چونکە سایلۆی قوشتەپە گەنمی ساڵی رابردووی تێدایە. گوتیشی، پشکی هەولێر 122 هەزار و 600 تۆنە.
ئەمساڵ پشکی هەرێمی کوردستان لە گەنم 400 هەزار تۆنە و هەر تۆنێکیش بە 800 تا 850 هەزار دینار وەردەگیرێت.