زووم..
دکتۆر تەها زەنگەنە لە گوتارێکی دیکەیدا بە ناونیشانی ” دوانزە وانە بۆ گەورەکان” نووسیویەتی:
پەشێوی مەزن لە وانەیەکی تریدا بە منداڵان دەڵێت، کە گوایا ئێمە پەتی سەبرمان درێژە و چاوەڕێی دوژمن دەکەین کە بێت و پەتمان لە مل کات.
وانەی دووەم:
بیرم دێت بە منداڵی لە پشووی هاویندا لە کەرکوکەوە دەچوومەوە ماڵی باپیرم. ئەو جوتیارێکی نەخوێندەواری شاری چەمچەماڵ بوو. کە لەسەر خەرمان دەهاتەوە، ئێواران لەسەر سەکۆی ماڵەکەیدا بە شەرواڵێکی خامی سپی و سنگێکی نیمچە رووتەوە رادیۆکەی دەکردەوە. هەموو ئیوارەیەک کاتژمێری حەوت و نیو و کاتژمێری هەشت و نۆ گوێی لە مۆنتی کارلۆ و دەنگی ئەمریکا و لەندەن بە عەرەبی دەگرت. هەموو شەو. خۆ ئەو لە کوردی زیاتر هیچ زمانێکی دیکەی نەدەزانی. عەرەبیش لەوانەیە هەر وەرە و بڕۆی زانیبا. چەند ساڵێک بۆ قەزای شامیە لە پارێزگای کوت بەهۆی ئەوەی کورێکی پێشمەرگە بوو دورخرابووەوە هەرئەوەندە فیر بووبوو..
بەڵکو شتێکی بۆ کورد تیابێت
ئەوکات من هەر دە ساڵان دەبووم. لێم پرسی باوە حەمە ( ناوی محەمەد بوو ) تۆ عەرەبی نازانی چی تێ دەگەی. لە وەڵامدا دەیووت گوێی لێ دەگرم بەڵکو شتێکی بۆ کورد تیابێت، بەڵکو باسی بەغداد بکات.
ئەو دڵی بەوە خۆش دەبوو تەنها گوێی لە وشەی کورد و بەغداد بوایە. دیارە ئەو کات ئازادی نەبوو شەڕ بوو. دەیویست بزانێت کەی کورد و بەغداد رێک دەکەون.
کێشەی مووچە و ئازادی ئابووریمان هەیە
باپیرم لە ژیاندا نەماوە تا گۆی لە رادیۆ بگرێت، بەڵام ئێمە ئێستاش دوای پەنجا ساڵ هەموو شەو سایت و تەلەفزیۆنەکان سەیر دەکەین بەڵکو باسی مووچە بکات و بە غداد و کورد رێک بکەون. ئێستا کێشەی ئازادی سیاسیمان لەگەڵ بەغدادا نییە، بەڵام کێشەی مووچە و ئازادی ئابووریمان هەیە . نازانم کەی تەواو دەبێت. بەڵام ئەوەندە ئەزانم کە پەنجا ساڵی تری پێناچێت.
دیارە وانەکانی من خوانەخواستە بۆ گەورەکانی دەسەڵات نیە. مەبەستم لە گەورە کەسانی بەتەمەن گەورە و ئەوانەی کە بە حوکمی تەمەن بەرپرسیارن لەوەی کە دەبێت شتێک بۆ داهاتوو بکەین چونکە ئەگەر چاوەرێی منداڵان بین ئەوا کات درەنگ دەبێت و داهاتوویەکی تاریک چاوەرێی ئەوان دەکات.
لە وانەکەی پێشومدا باسی ئەوەم کرد کە ئەگەر تا ساڵی 2050 جیهان بە تەواوی دەست بەرداری نەوت نەبێت ئەوا ژیان لەسەر گۆی زەوی ئەستەم دەبێت. بۆیە ئەو وڵاتانەی کە پشت بەداهاتی نەوت و گاز دەبەستن لە پێشبڕکێ دان لەگەڵ کات بۆ ئەوەی ئابووریان رزگار بکەن لە داهاتی نەوت و ئابووریەکەیان جۆراوجۆر بکەن.
مانگێک نابێت، سەرۆکی ئەمریکا لە دەستپێکی گوتەکەیدا لە عەرەبستانی سعودی ئاماژەی بە پێشکەوتنی ئابووری سعودیە داو گووتی کە داهاتی نانەوتی ئەو وڵاتە رێژەی لە سەدا 50ـی تێپەڕاندووە. وڵاتی عێراق تائێستاش داهاتی سەرەکی هەر تەنها نەوتە. دیار نیە کە هیچ ئامادەکاریەکی بو قۆناغی دوای نەوت کردبێت. بۆیە زۆر پێدەچێت وڵاتەکە تووشی داڕمانی ئابووری ببێت و نەتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی خۆی بدات چما هی کوردستان. پێش ساڵێک زیاتر، من بە هەندێک لە سەرکردە سیاسیەکانی بەغدادم گوتوە کە ئەگەر وا بڕوات وڵات تووشی مایەپوچی دەبێتەوە. ئەوان بڕوایان وا نەبوو. بەڵام هەموو توێژینەوە ئابووریەکان بەو ئاقارەدا دەڕۆن. با ئێمە لێرە باوەڕمان وابێت. بۆ داهاتوو پێویستیمان بە فەیلەسوفی فاڵچی و پیاو ماقوڵی کەڕو ڵال نیە**، بەڵکو پێویستیمان بە داڕشتنی پلانیکی تۆکمەی ئابووری هەیە.