زووم…
رۆژنامە فارسییەکان
باختەر
دەبێت لە کرماشان ئاوی ئاوەڕۆ بۆ پیشەسازی لەبری ئاوی پاک بەکاربهێنرێت
قەیرانی ئاو لە کرماشان، گرنگیی بەکارهێنانی ئاوی ناپاکی بۆ پیشەسازییەکان دووهێندە زیادکردووە.
هەرچەندە بەکارهێنانی ئەم ئاوە پێویستییەکی یاساییە و لە بەرنامەی حەوتەمی گەشەپێدانیشدا جەختی لەسەرکراوەتەوە، بەڵام لە کرماشان پیشەسازییەکان هێشتا ئەم ئاوە بەکارناهێنن.
وێستگەی خاوێنکردنەوەی ئاوی کرماشان ساڵانە نزیکەی 22 ملیۆن مەتری سێجا ئاوەڕۆ خاوێن دەکاتەوە، بەڵام بەکارنەهێنراوە.
پیشەسازییە گەورەکانی وەک پۆڵا و پترۆکیمیا کە لە رۆژهەڵاتی کرماشانن، بڕێکی زۆر ئاو بەکاردەهێنن و دەتوانن سوود لە ئاوی ئاوەڕۆی خاوێنکراو وەربگرن.
هەربۆیە بڕیاردراوە ئەگەر پیشەسازییەکان ئاوەڕۆی خاوێنکراو بەکارنەهێنن، نرخی ئاوی بەکارهاتوو بۆیان بەرزدەکرێتەوە و دواتر سزا دەدرێن.
کەیهان
فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ژینگەپارێزان دابیندەکرێت
دوای کوژرانی دوو ژینگەپارێز لە ماوەی 40 رۆژی رابردوودا، سەرۆککۆمار و ئەندامانی کابینەی حکومەت جەختیان لە پێویستی دابینکردنی ئامێری نوێ بۆ رێکخراوی پاراستنی ژینگە کردەوە.
لە کۆبوونەوەی کابینەی حکومەت بە سەرۆکایەتیی مەسعود پزشکیان فەرمانی دەرکرد کە رێکخراوی پاراستنی ژینگە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و کامێرای نوێی بۆ دابینبکرێت.
هەروەها دوایین رێکارەکانی پاراستنی ژینگە و کێشەکانی ئەم بوارە، وەک نەگونجانی ژمارەی هێزەکان لەگەڵ فراوانیی ناوچە پارێزراوەکان و سنوورداربوونی یاسایی ژینگەپارێزان، باسکرا و پزشکیان جەختی لە پێویستیی پاراستنی ژینگە و سەلامەتیی ژینگەپارێزان کردەوە و فەرمانیدا هەموو داواکانیان جێبەجێبکرێت.
تەجارەت
گرۆسی بڕیارنامەی لەدژی ئێران پێشکەشی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی کرد
لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی بەڕێوەبەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمدا، هەریەك لە وڵاتانی بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا بڕیارنامەیەکیان لەدژ ئێرانیان پێشکەشکرد کە پشتیوانیی ئەمریکایشی لەگەڵدایە.
رافایل گرۆسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسەکە، بانگەشەی لەدژی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران کرد و بەگوێرەی رەشنووسی بڕیارنامەکە، داوای هاوکاریی تەواو لە ئێران کراوە.
گرۆسی نیگەرانیی خۆی لەسەر بەرزبوونەوەی خێرای یۆرانیۆمی پیتێنراو دەربڕی و رایگەیاند، ئاژانس ناتوانێت زیاتر لە 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراو پشتگوێ بخات.
گرۆسی لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هەڕەشەکانی ئیسرائیل لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران رایگەیاند” هەوڵەکانیان بۆ رێگرییە لە جەنگ.
ئەبرار
پرۆژەیاسای راگرتنی توندوتیژی دژ بە ژنان 10 ساڵە لە چاوەڕوانیدایە
نزیکەی 10 ساڵە پرۆژەیاسای رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان لە پەرلەمانی ئێراندا راگیراوە.
ئیبراهیم نیکو نوێنەری پێشووی پەرلەمان رایگەیاند، هۆکارە سیاسی و حزبییەکان و روانگە رەگەزییەکان رێگرن لەم پڕۆژەیاسایە.
ئەمە لەکاتێکدایە توندوتیژی دژ بە ژنان زیاتر بووە و ئەگەر حکومەت و پەرلەمان بەپەلە رێگری نەکەن، رەنگە شێوازی نوێی توندوتیژی دژ بە ژنان ببینن.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
دواى تەلەفۆنەکەى ترەمپ نەتانیاهۆ لەگەڵ گەورەبەرپرسانى ئەمنی کۆبوونەوەیەکی داخراوی كردووە
دواى تێپەڕبوونى هەفتەیەک بەسەر ئەو هەڕەشەیەدا کە ئیسرائیل گوتى، هێرشدەکاتە سەر ئێران، دۆناڵد ترەمپ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ نەتانیاهۆ ئەنجامدا و هەر دواى تەلەفۆنەکەش نەتانیاهۆ لەگەڵ گەورە بەرپرسانى ئەمنیی وڵاتەکەی کۆبوونەوەیەکی داخراوی ئەنجامدا.
بەگوێرەى میدیا ئیسرائیلییەکان پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەى ترەمپ 40 خولەکی خایاندووە و تەوەرى سەرەکی قسەکانیشیان بابەتى بەرنامەی ئەتۆمىی ئێران بووە.
رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەشکردووە، بەرپرسانى ئیسرائیلی باوەڕی تەواویان بەوە هەیە دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران شکستدەهێنێت و ناگەنە ئەنجامێکی دڵخوازی رۆژئاواییەکان کە ئێران نابێت دەستى بگاتە چەکی ئەتۆمی.
عەرەب
لەدوای پشتیوانی نەکردنى کورد سودانى ئاڕاستەى بەرەو سوننەکان گۆڕی
دواى ئەوەى ماوەیەکى زۆربوو سودانى بۆ چارەسەرى زۆرینەى کێشەکانى پەناى بۆ کورد دەهێنا، کێشەکانى ئەم دواییە و بەتایبەتى ئەوانەى کە پەیوەستن بە پرسی مووچەوە، هەڵوێستەکانى لە ئاستى چاوەڕوانییەکانى سەرکردە کوردەکاندا نەبوو، بۆیە لەئەگەری لەدەستدانى کورددا بۆ قەرەبووکردنەوەى ئەو بۆشاییە پەنای بردووەتەوەبەر پتەوکردنەوەى پەیوەندییەکانى لەگەڵ پێکهاتەى سوننەدا.
رۆژنامەى عەرەب ئاماژەى بەوەکردووە، سودانى لەبەردەم پرۆسەیەکى هەستیار و چارەنووسساز و یەکلاکەرەوەدایە و کاتى لەبەردەستدا نەماوە بۆ ئەوەى بتوانێت بەگژ ئەو لایەنانەدا بچێتەوە کە نایانەوێت جارێکى دیکە لەسەر کورسى سەرۆکایەتى دابنیشێتەوە، هەربۆیە پەناى بردووەتەوە بەر پارێزگای ئەنبارى سوننەنشین و لەوێوە چالاکییە پێش هەڵبژاردنییەکانى ئەنجامدەدات و دەیەوێت پشتگیریی بکەن بۆ ئەوەى جارێکى دیکە ببێتەوە بە سەرۆکوەزیران.
ئەوەى گومانەکەى زیاترکردووە، سەردانە لەناکاوەکەى سودانى بەبێ هەماهەنگی ئیدارەى خۆجێی و پارێزگاری شارەکە بووە و زۆرینەى کۆبوونەوەکانى نافەرمیی بوون و لەنێو عەشیرەت و بنەماڵەکاندا بووە و زۆرینەشیان لەوانەن کە رەخنەى توندیان لەسەر کارەکانى حکومەتى خۆجێی ئەنبار هەیە.
قودسى عەرەبی
لە کۆبوونەوەى پەرلەمانى ئیسرائیلدا هەڵوەشاندنەوەى حکومەتەکەى نەتانیاهۆ تاوتوێدەکرێت
چاودێرانى سیاسی ئیسرائیلى وا چاوەڕێدەکەن سبەینێ هەڵوەشاندنەوەى حکومەتەکەى نەتانیاهۆ بخرێتەسەر مێزی گفتۆگۆکان و بەرنامەى کارى کنێست.
ئەو هەوڵەش لەدوای ئەوەیە كە نەتانیاهۆ شکستیهێناوە لە ئازادکردنی بارمتەکان و دەستلەکارکێشانەوە لەنێو بەرپرسەکانیدا زیادیانکردووە و فشاریشى خستووەتە سەر حەرادیمەکان بۆ ئەوەى سەربازیی بکەن و ئەوانەش نیگەرانى زۆریان هێناوەتە پێشەوە و هەفتانە خەڵک خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە، حەرادیم و پارتەکانیان فشارەکەیان دروستکردووە و ئەگەر لە بڕیاری سەربازیکردنی رۆڵەکانیان دەستنەکێشێتەوە، ئەوا پرۆژەى هەڵوەشاندنەوەى کابینەکەى نەتانیاهۆ بژاردەى سەرەکییانە و سبەینێ دەیخەنە بەردەستى پەرلەمان، یان لانیکەم لە هاوپەیمانى پارتى لیکۆد دەکشێنەوە کە نەتانیاهۆ سەرۆکایەتى دەکات.
عەرەبی جەدید
میلشیا چەکدارەکانی عێراق بەشداریی هەڵبژاردن دەکەن
چەند سەرچاوەیەکی سیاسی عێراقی بە رۆژنامەى عەرەبی جەدیدیان راگەیاندووە، سەرەڕای ئەوەى یاساى هەڵبژاردنەکانى عێراق رێگریی لە بەشدارییکردنى هێزە سەربازیی و میلشیاکان دەکات بەشداریی هەڵبژاردن بکەن، بەڵام کۆمسیۆن ناوى کاندیدەکانى ئەو لایەنانەى پەسەندکردووە و بەو پێیەش بەشداریی هەڵبژاردنی مانگی تشرینى دووەمی داهاتوو دەکەن.
رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەشکردووە، ئەو کاندیدانە هەریەکەیان بەناوێکەوە بەشدارییانکردووە، یەکێک وەك بانگخوازى ئایینى و یەکێکى دیکە وەك رێکخراوی کۆمەڵگەى مەدەنی و یەکێکى تریش وەك نوێنەرى عەشیرەت و بنەماڵە کە ئەم جۆرانە لە ناوەڕست و باشوورى عێراق باون، هەربۆیە پێشبینیکردووە پەرلەمانى داهاتوو پڕببێت لە نوێنەرى میلشیاکان.
رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەشکردووە، عەبدولڕەحمان جەزائیری ئەندامی سەرکردایەتى لە هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسا بەسەرۆکایەتى نوری مالیکی رایگەیاندووە، هیچ گرووپێکى چەکدار لە هەڵبژاردندا بەشداریی ناکات ئەوەى بەشداریی دەکات ناوى خۆی وەک پارتێکى سیاسی پێشکەشکردووە.
ئەعیاد تۆفان توێژەری سیاسی و ئەمنیش رایگەیاندووە، جووڵەیەکى زۆر هەیە بۆ بەدەستهێنانى رێژەیەکی زۆر لە کورسییەکانی پەرلەمان بۆ ئەوەى لەو رێگەیەوە دەستیان بگاتە حکومەتی داهاتوو.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
فاینەنشیەڵ تایمز
هەفتەی تەکنەلۆژیی لەندەن دەستیپێکرد و مەزادکارە ئەمریکییەکانیش چاویان لەسەر سێ کۆمپانیای بەریتانییە بیانکڕن
نمایشی کەرەستە تەکنەلۆژییەکان، لە هەفتەی تەکنەلۆژیی لەندەن دەستیپێکرد و مەزادکارە ئەمریکییەکانیش لەوێن چاویان لەسەر سێ کۆمپانیای گەورەی بواری تەکنەلۆژیای بەریتانییە و دەیانەوێت بیانکڕن.
کۆمپانیای کولکۆمی ئەمریکی بڕیاریداوە کۆمپانیای ئەلفاوەیڤی بەریتانی بکڕێت کە یەکێکە لە کۆمپانیا ناودارەکانی بواری دروستکردنی چیپی ئەلیکترۆنی.
کۆمپانیای ئایۆن کیویش سەرکەوتوو بوو لە کڕینی پرۆژەیەکی کۆمپانیای ئۆکسفۆرد کوانتەم بۆ زانستی کۆمپیوتەری.
رەنگە ئەم پێشانگایە هەندێک بازرگانیکردنی دیکەش لە بواری ئەندازەی تەکنەلۆژیادا بەخۆیەوە ببینێت.
ئۆرشەلیم پۆست
ئێران هۆشداری دەدات و دەڵێ ئەگەر ئیسرائیل هێرشی بکاتەسەر ئەوا چەکی ئەتۆمی دروستدەکات
ئێرانییەکان بە رافائێل گروسی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیان گوتووە ئەگەر ئیسرائیل هێرشبکاتە سەر ناوەندە ئەتۆمییەکانیان، ئەوا ئەوانیش بڕیاردەدەن چەکی ئەتۆمی دروستبکەن، چونکە ئێستا ئەو توانایەیان هەیە 10 بۆمبی ئەتۆمی دروستبكەن.
رۆژی دووشەممە گرۆسی قسەی بۆ رۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست کردووە و پێیگوتووە، دەشێت هەرهێرشێکی ئیسرائیل بۆسەر ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران ببێت بەهۆی سووربوونی ئەو وڵاتە لەسەر دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی.
گرۆسی گوتیشی، راست و رەوان پێتاندەڵێت ئەگەر ئەو بۆردومانە ئەنجامبدرێت یان ئێران بۆمب دروستدەکات یان پاشەکشە لە ئەنجامدانی هەر رێکكەوتنێک دەکات، ئەوان بە منیان گوتووە بەروونی ئەوەتان پێبڵێم.
عەرەب نیوز
گۆڕستانێکی سەردەمی بێزەنتینییەكان لە سوریا دۆزرایەوە
بەهۆی شەڕی ناوخۆی سوریاوە، ژمارەیەک هاووڵاتیی سوری لە پاش ئاوارەبوونی 13 ساڵ گەڕانەوە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان.
بەهۆی هەڵکەندنی بناغەی خانووەکانیانەوە شوێنەوارێکی دێرینی سەردەمی بێزەنتییان دۆزییەوە كە گۆڕستانێکە و دەگوترێت زیاد لە 1500 ساڵ بەسەر دامەزراندنیاندا تێپەڕبووە.
شوێنی ئەم گۆڕستانە دەکەوێتە ناو شارۆچکەی مەعرەت ئەلنوعمانەوە لە پارێزگای ئیدلیب کە دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای سوریاوە. سەرەتای دۆزینەوەکە بە بینینی دوو کێلی دێرین دەستیپێکردووە، کە یەکێکیان وێنەی خاچێکی بەسەرەوە بووە.
تایمز
ناڕەزاییەکانی لۆس ئەنجلس بەردەوامە و ترەمپیش دەیەوێت فەرمانڕەوای کالیفۆڕنیا دەستگیربکات
ترەمپ داوایکردووە فەرمانڕەوای ویلایەتی کالیفۆڕنیا دەستگیربکرێت، چونکە دەربڕینی ناڕەزاییەکان لە لۆس ئەنجلسەوە فراوان بوونەتەوە و چەند شارێکی دیکەشی گرتووەتەوە.
ترەمپ کە ناوی گاڤین نیوسۆمی هێنا گوتی، ئەو کەسێکی دیموکراتی شەڕەنگێزی ناتێگەشتووە.
هۆکاری ئەم لێدوانەی ترەمپ ئەوەیە خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی ناو لۆس ئەنجلس پێیانناوەتە رۆژی چوارەمەوە، بەڵام نەک تەنها کۆتاییان پێنەهات، بەڵکو ناڕەزاییەکان شارەکانی دیکەی هیوستن و سان ئەنتۆنیۆ و تەکساس و سان فرانسیسکۆشیان گرتەوە، بەڵام سەدان سەربازی هێزی دەریایی ئامادەکراون بنێردرێن بۆ لۆس ئەنجلس.
تۆم هۆمان سەرۆکی دامەزراوەی گومرگ و پەنابەری باس لە ئەگەری دەستگیرکردنی فەرمانڕەوای ویلایەتی کالیفۆڕنیا دەکات و دەڵێ، ترەمپ گوتوویەتی ئەگەر ئەو لە جێگای تۆم بویایە نیوسۆمی دەستگیردەکرد.