رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
دواى نیوسەدە خەونەکەیان بەدیهات
عەبدولهادى زوهەیری 63 ساڵ و ئەمەل محەمەدی هاوسەرى 57 ساڵان پێکەوە دواى خەونێکى دوورو درێژى پەنجا ساڵی ئەمساڵ پێکەوە لە رێگەى عەرعەر و بەڕێگەى وشکانى چوونە خاکی عەرەبستانى سعودیە و لەنێو ئاپۆراى حاجیانى ئەمساڵدا فەریزەى حەجیان ئەنجامدا، عەبدولهادى بە رۆژنامەکەى گوتووە خولیاى حەجکردن هەر لەسەرەتاى هاوسەرگیرییانەوە هەبووە 12 ساڵیشە لەسەر یەک ناوی خۆیان تۆماردەکەن بەڵام نەبووە بە نسیب و ئەمساڵ پێکەوە چوونەتە حەج، وێڕای ئەوەى زۆر دڵخۆشن بەو گەشتە ئیمانییەیان گوتیان ئارامگرتن و بەردەوامى لەسەر بەدیهاتنى خەونەکەمان ئێمەى گەیاندە ئێرە، ئەو دوو هاوسەرە خەڵکی قەزاى “مەحاویل” ن لە پارێزگانى بابلى عێراق و پێکەوە لەنێو نزیکەى دوو ملیۆن حاجیدا بە خۆشحاڵییەوە حەجەکەیان ئەنجامدا و لە خودا پاڕانەوە دۆخی ناهەموارى عێراق باشتر بکات.
عەرەب
هەموارکردنەوەى دەستوور رێگەیەکە بۆ مانەوەى ئەردۆغان لە دەسەڵات
رەجەب تەیب ئەردۆغان هەرچى رێگەهەیە دەیگرێتەبەر بۆ ئەوەى جارێکى دیکە لەسەر کورسى سەرۆکایەتى تورکیا دابنیشێتەوە، بەگوێرەى سەرچاوەکان بە مەبەستى هەموارکردنەوەى سەرلەنوێی دەستوور دە کەسى شارەزای دەستوور و یاساناسى وەک لیژنەیەک دیاریکردووە بۆ ئەوەى دەستوورێکى نوێ بنووسنەوە و لەبارەى دەستووری ئێستاى تورکیاوە دەڵێت دەستوورێکى سەربازییانەیە و تورکیا پێویستى بە دەستوورێکی لیبراڵی و شارستانیانە هەیە، رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەکردووە هۆکاری دەستبردن بۆ هەموارکردنەوەى دەستوور یان هێنانە پێشەوەى دەستوورێکى نوێ بۆ تورکیا تەنها خواستى مانەوەی خۆی نییە لەسەر کورسى دەسەڵات بەڵکو فشارى هێز و لایەنە ساسییەکانى تورکیاشە بۆ گۆڕانکاریی ریشەیی.

قودسى عەرەبی
وشکەساڵی لقێکى روباری فوراتى کردووە بە گۆڕەپانى وەرزش
روباری شامیە لقێکى روبارى فوراتە لە پارێزگاى دیوانییە و یەکێکە لەو نۆ لقەى کە سەر بە روبارى گەورەى فوراتن لەناو خاکی عێراقدا، بەهۆی کەمبوونەوەى ئاوو وشکەساڵیەوە ئەمساڵ خەڵکی ناوچەکە کردوویانە بەگۆڕەپانى وەرزشى و یارى توپێ پێی تێدا ئەنجامدەدەن و لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشدا کاردانەوەى جۆراوجۆری بەدواى خۆیدا هێناوە، رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەکردووە لقى شامییە بەتەواوەتى وشکایی هاتووە و ئەوەش وایکردووە کە گەنجانى پارێزگای دیوانیە بیکەنە گۆڕەپانی تۆپی پێ، رۆژنامەکە ئاماژەى بە زیانەکانى کەمبوونەوەى ئاو کردووە لە پارێزگاکەیان بەتایبەتى لەسەر هەردوو بەرهەمی گەنم و جۆر کە پێشتر پارێزگاى دیوانییەى پێ دەناسرایەوە.
عەرەبی جەدید
75%ـى پێستەى قوربانییەکانى میسر بەفیڕۆدەچێت
نەک هەر لەمیسر بەڵکو لە جیهانى ئیسلامیدا جەژنى قوربان بەوەدا دەناسرێتەوە کە رێژەیەکی زۆر قوربانى دەکرێت و زۆرینەى رەهاى قوربانییەکانیش لەنێوماڵەکاندا ئەنجام دەدرێن، سەرەڕای ئەوەى بەخشینەوەى گۆشتەکەى هاوکارییەکی زۆر باش و دروستکردنى رایەڵەى پەیوەندیی کۆمەڵایەتییە، بەڵام لێکەوتەکانى هەمووان نیگەران دەکات، بەتایبەتى پاشەڕۆکانی و لەنێویاندا پێستەى ئاژەڵەکان و شارەزایانیش باس لەوە دەکەن پێستە گەنجینەیەکی گەورەى پیشەسازیی چەرمە و نابێت بە فیرۆ بدرێت، بۆ ئەو مەبەستە بەشێک لە بازرگان و کاسبکارانى بوراى پێست بە ئۆتۆمبێل و ماتۆڕی سێ تایەوە بەنێو گەڕەکەکانى میسردا دەگەڕێن و پێستەکان کۆدەکەنەوە، بەتایبەتى لە ئەسکەندەرییە کە یەکێکە لەو شارانەى کارگەى ” دەبەخانە”ـى تێدایە، ئەوەى جێگەى سەرنجە ئەمساڵ خاوەن قوربانییەکان بە خۆڕایی نایدەنە ئەو کاسبکارانە و داواى پارەیان لێدەکەن، ئەوە لە کاتێکدا ئەگەر ئەوان نەبن هێندەى تر شارەکە پیس دەکەن و بۆ ئەوانیش هیچ سودێکى نابێت، رۆژنامەکە ئاماژەى بەوکردووە 75%ـى پێستەى قوربانییەکانى بە فیڕۆدەچێت و هیچ سودێکى لێ نابینرێت.
رۆژنامە فارسییەکان
باختەر
هەوای کرماشان بەهۆی 83 ناوەندی پیشەسازییەوە پیس بووە
بە گوێرەی راپۆرتی بەرپرسی بەشی ژینگەی پارێزگای کرماشان، لە دوو مانگی رابردوودا هەوای شاری کرماشان بۆ ماوەی شەش رۆژ ناتەندروست بووە.
مێهرداد شەهبازی ئاماژەی بە زیادبوونی رۆژانی پیسبوونی هەوای ئەمساڵ کرد بەراورد بە ساڵی رابردوو، هەروەها باسی لە چاودێریی پیشەسازییە پیسکەرەکان کرد و رایگەیاند کە 83 یەکە لەم لیستەدان.
لە ماوەی دوو مانگدا 219 ئاگاداری بۆ یەکە پیسکەرەکان دەرچووە و پێویستە کێشەکانیان چارەسەر بکەن، ئەگەرنا رێوشوێنی دیکە لە دژیان دەگیرێتەبەر.
تەجارەت
زیاتر لە 2400 بارهەڵگر لە سنووری تورکیا راگیراون
جێگری یاسایی و چاودێری گومرگی ئێران رایگەیاند، زیاتر لە 2400 بارهەڵگر لە سنوورەکانی تورکیا راگیراون بەهۆی نەبوونی تۆمارکردنی فەرمانی یاسایی.
ئیبراهیم نەقدی گوتی تێپەڕبوونی بارهەڵگرەکان مەرجی تۆمارکردنی فەرمانی یاسایی هەیە و بارهەڵگرتنەوەیان بەبێ ئەم فەرمانە قەدەغەیە، ئەمەش بووەتە هۆی راگیرانی ژمارەیەکی زۆر بارهەڵگر لە سنوورەکان.
لە ئێستاد نزیکەی 1400 بارهەڵگر لە خاکی تورکیا کێشەی یاساییان هەیە و ئەگەر رێوشوێن نەگیرێتەبەر، دەستیان بەسەردا دەگیرێت.
ئەبرار
هەژاری سەرەکیترین کێشەی کۆمەڵایەتییە لە ئێران
مامۆستای کۆمەڵناسی زانکۆی تاران، تەقی ئازاد ئەرمەکی، رایگەیاند کە ئێران رووبەڕووی کێشەی بنەڕەتی بووەتەوە، کە گرنگترینیان هەژاری و دابەشکردنی نایەکسانیی دەرفەتەکانە.
ئەو دەڵێت: دەستێوەردانی حکومەت لە کێشە کۆمەڵایەتییەکان زیانی لێکەوتووەتەوە و پێویستە کارەکان رادەستی کۆمەڵگەی مەدەنی بکرێن.
ئازاد ئەرمەکی هەشت کێشەی سەرەکیی وڵاتەکەی خستەڕوو کە بریتین لە: هەژاری، ئاڵوودەبوون، پەراوێزنشینی، کێشە خێزانییەکان، منداڵانی کرێکار، کێشەکانی ژنان، توندوتیژی و خۆکوشتن.
بەڵام جەختی کردەوە کە گەورەترین کێشە هەژاری و دابەشکردنی نایەکسانی دەرفەتەکانە.

ئیقتسادی پویا
هاوردەی برنج خەریکە کشتوکاڵی ناوخۆیی ئێران لەناودەبات
هاوردەی برنجی بێ رێسا لە رێگەی فرۆشگاکانی زنجیرەییەوە، کشتوکاڵ و پیشەسازیی برنج لە ئێران لەناودەبات.
بەرهەمهێنەران رووبەڕووی تێچووی زۆر و نەبوونی پشتیوانیی حکومەت بوونەتەوە، لەکاتێکدا بازاڕی برنج کەوتووەتە دەستی بازرگانان و کۆمپانیا نیمچە حکومییەکان و ئەمەش بووەتە هۆی گرانبوونی نرخی برنجی ئێرانی.
ئەم زیادبوونە نرخییە قازانجی بۆ جووتیاران نەبووە، بەڵکو تەنها ناوبژیکاران و کۆمپانیاکان سوودمەند بوون.
گەندەڵی و بێتوانایی لە سیاسەتەکانی حکومەتدا، هۆکاری سەرەکیی ئەم قەیرانەن.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان

فاینەنشیەڵ تایمز
هیندستان نەیتوانی بە وزەی خاوێن پێداویستییەکانی دابینبکات
گەورەترین کۆمپانیای بەرهەمهێنانی خەڵوز لە جیهاندا جارێکی دیکە ژمارەیەکی زیاتر لە سی کانە خەڵوزی خستەوەکار. چاویشی لەسەر ئەوەیە پێنج دانەی دیکە لەمساڵدا دروستبکات و بیانخاتەکار. ئەم پێنج دانەیە لەناوچەیەکدان کە ناوی لێنرابوو ناوچەی وزەی خاوێن. کۆمپانیاکە دەڵێت هۆکاری ئەم هەنگاوەی ئەوەیە توانای نییە پێداویستییەکانی خۆی بە وزەی خاوێن پڕبکاتەوە. پراساد کە سەرۆکوەزیرانی هیندستانە، سەرۆکی ئەنجومەنی کارگێڕیی ئەو کانە خەڵووزانەشە،،کە موڵکی دەوڵەتن، لە دیدارێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی فاینەنشیەڵ تایمزدا دەڵێت حکومەتەکەیان بە هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەتدا کار لەسەر ئەو کانانە دەکەنەوە. تا ساڵی دارایی 2025 بۆ 2026 نیوەیان بەرهەمیان دەردەچێت. هۆکاری وازهێنان لەو کانانە لە رابوردوودا ئەوەبووە، کە کارکردن تێیاندا لەڕوی ئابورییەوە باش نەبووە، پشتیان بە کاری دەستی و کەرەستەی بەرهەمهێنانی سادە بەستووە.
مۆرنینگ ستار
هەزاران خۆپیشاندەر دژی روانینی رەگەزپەرستانەی ستامەر وەستاونەتەوە
رۆژی شەممە خۆپیشاندانێکی جەماوەریی گەورە لە لەندەنی پیتەختی بەریتانیا بەڕێووەچوو. لەوێ دایان ئابۆتی ئەندام پەرلەمانی پێشووی پارتی کرێکاران قسەی بۆ جەماوەرەکە کرد و گوتی:لێدووانەکانی ئەم دوواییەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لەبارەی پەنابەرانەوە، بەتەواوی رەگەزپەرستانە بوون. ئەم لێدوانەی ئابۆت بۆ جەماوەرێکی خەڵکی خۆپیشاندەر بوو، کە لە دژی هەندێک بەرنامەی ئابوری و دارایی حکومەت خۆپیشاندانیان رێکخستبوو. خۆپیشاندەران دەیانگووت بەرنامە دارایی و ئابورییەکانی حکومەت زیانی لە هەژارترین توێژەکانی خەڵک داوە. زۆربەی خۆپیشاندەران دروشمێکیان بەرزکردبۆوە، لێی نوسرابوو(باج بخە سەر دەوڵەمەندان، نەک هەژاران، واز لە مووچەکانی ئێمە بهێنە، خۆشنوودیمان بۆ بهێنە، شەڕمان بۆ مەنێرەوە).
هیراڵد
چارەسەرێکی نوێ بۆ لەناوبردنی خانەکانی شێرپەنجەی گەدە راگەیەندرا
ئەو دۆزینەوەیە نوێیەی لە بواری شێرپەنجەی گەدەدا راگەیەندرا، دەڵێت خانە شێرپەنجەییەکانی گەدە توانای گۆڕینی رەنگ و شێوەی خۆیانیان هەیە، بۆئەوەی شێوەی پێستی گەدە وەربگرن، ئەمەش وایان لێدەکات زووتر و فراوانتر بڵاوببنەوە. شەڕەنگێزییەکانی خۆیان ئاشکرابکەن. چەند زانایەکی سکۆتلەندی دەڵێن ئەم دۆزینەوەیەی ئەوان ئەنجامیانداوە بێوێنەیە لە بوارەکەدا و ئومێدی چارەسەرکردن بۆ سەدان گەنجی تووشبوو بە ئەم نەخۆشییە دەگەڕێنێتەوە. سەنتەری سکۆتلەندە لە ناوەندی توێژینەوەکانی بواری شێرپەنجەی شانشینی یەکگرتوو لەگەڵ زانکۆی ئەدنبرەدا کە توێژینەوکەیان ئەنجامداوە، دەڵێن ئەم دۆزینەوەیان هەنگاوێکی سەرەکی و گرنگە بۆ چارەسەرکردنی هەندێک جۆری کوشندەی شێرپەنجە، کە توانای ئەوەیان هەیە رەنگی خۆیان بگۆڕن بۆئەوەی نەناسرێنەوە، ئەوان لەمەودوا دتوانن بیانناسنەوە.

گاردیەن
ئیسرائیل رێگری لە کەشتییە مرۆڤدۆستییەکەی سەنبێرگ دەکات
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هەڕەشە دەکات و دەڵێت هەر هەنگاوێک پێویست بێت دەیگرنەبەر، بۆئەوەی نەهێڵن کەشتییەکی کاری مرۆڤدۆستی بگات بە کەناراوەکانی غەزە کە گرێتا سەنبێرگی چالاکوانی ژینگەپارێزیی لەسەرە. ئەو کەشتییە ناوی مادلینە، لەلایەن گروپی هاوپەیمانیی فلۆتیلای ئازادیخوازەوە رەوانەکراوە، کە بە (ئێف ئێف سی) ناسراوە. دەیەوێت بگات بە کەناری غەزە و پەیامێکی رەمزی بۆ پێویستیی ناردنی یارمەتیی مرۆیی ئاراستەبکات، بە جیهان بڵێت کە ئیدی پێویستە لەڕووی مرۆییەوە لایەک بکەنەوە بەلای قەیرانە مرۆییەکانی ناو کەرتی غەزەدا.
+_