فەڕەنسا بە دوو گۆڵى بێ بەرامبەر لە ئەڵمانیاى بردەوە و پلەى سێیەمى نەیشنز لیگى بەدەستهێنا.
ئەمڕۆ یەکشەممە 8/6/2025 یارى دیاریکردنى پلەى سێیەمى خولى نەتەوەکانى ئەوروپاى وەرزى 2024/2025 لە نێوان هەردوو هەڵبژاردەى فەڕەنسا و ئەڵمانیا بەڕێوەچوو، لە یاریگاى ئێم ئێچ پى ئەرینا لە شارى شتوتگارتى ئەڵمانیا.
کیلیان ئێمباپێ لە خولەکى کۆتایى کاتى یاسایى نیوەکاتى یەکەمدا گۆڵى یەکەمى یارییەکەى بۆ هەڵبژاردەى کەڵەشێرەکان تۆمارکرد و تایمەکەش هەر بەو گۆڵە و لە بەرژەوەندى فەڕەنسا کۆتایى هات.
بە شەش خولەکیش پێش کۆتایى هاتنى کاتى یاسایى یارییەکە، میچێل ئۆلیس بە ئەسیستێکى ئێمباپێ گۆڵى دووەمى فەڕەنساى تۆمارکرد و یارییەکەش بە دوو گۆڵى بێ بەرامبەر لە سوودى ئێمباپێ و هاوتیمەکانى کۆتایى هات.
بەم ئەنجامە، فەڕەنسا، کە پێشتر یەک جار بووە بە پاڵەوانى جامەکە، پلەى سێیەمى نەیشنز لیگى وەرزى 2024/2025ى بەدەستهێنا، ئەڵمانیاش پلەى چوارەمى پێبڕا.
ئەمشەو کاتژمێر 10 لە یاریگاى ئەلیانز ئەرینا لە شارى میونشنى ئەڵمانیا، یارى کۆتایى پاڵەوانێتییەکە لە نێوان هەردوو هەڵبژاردەى پۆرتوگال و ئیسپانیا بەڕێوەدەچێت، کە پێشتر هەردووکیان یەکى جارێک نازناوەکەیان بەدەستهێناوە.