زووم..
لە هەمان رۆژی بایکۆتکردنیان، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر، بە بڕینی مووچە و ئامادەنەبوو، سزای 19 پزیشکی نیشتەجێی خولاو و دێرینی دا، کە داوای پلەبەرزکردنەوە و دامەزراندنی دەرچووانی بەشی پزیشکی دەکەن.
نوسراوێکی دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی هەولێری، دەستی زووم کەوتووە، تیایدا هاتووە، بە پشتبەستن بە راپۆرتی سەرۆکی پزیشکانی خولاو، کە داوای کردووە سزای ئەو پزیشکانە بدات بایکۆتی دەمیان کردووە، سزای بڕینی مووچەی رۆژێک و هەژمارکردن بە نەهاتوو بۆ 19 پزیشکی نیشتەجێی خولاو و دێرین دەرچووە.
جگە لەوەش، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر، نوسراوێکی ئاڕاستەی سەرجەم نەخۆشخانە تایبەتەکان کردووە، ئاگادارییکردوونەتەوە، ئەو پزیشکانەی لە کەرتی گشتی پابەندی دەوام نەبوون، نابێت لە کەرتی تایبەتیش کار بکەن، بە پێچەوانەوە نەخۆشخانەکە دادەخرێت.
پزیشکانی نیشتەجێی خولاو دەڵێن، بەهۆی دانەمەزراندنی دەرچووانی بەشی پزیشکی گشتییەوە، شەش مانگە لە دەرەوەی ناونیشان و ئەرکی پزیشکیی خۆیان خزمەت دەکەن و هیچ بەرەوپێشچوونێک لە دۆسییەکەیاندا نییە، ئەوان داوادەکەن، سیستمی نوێی شیفتکردن بۆ پلەبەندی بوەستێندرێت و کاتێک دیاریی بکرێت بۆ دامەزراندنی پزیشکانی تازەدەرچوو، چونکە هەتاوەکو پزیشکانی تازە دەرچوو دانەمەزرێندرێن، ئەوان پلەیان بەرز ناکرێتەوە و وەک پزیشکی خولاو دەمێننەوە.