زووم..
دەزگای ئیتلاعاتی ئێران رایگەیاند، زانیاریی ستراتیژی و هەستیاری وەک پلان و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی لە ئیسرائیل بەدەستهێناوە.
ئەم هەواڵە لەلایەن دەزگای رادیۆ و تەلەڤیزیۆنی ئێرانەوە بڵاوکرایەوە و رایانگەیاندووە، ئێران دەستی بەسەر ژمارەیەکی زۆر زانیاری و بەڵگەنامەی هەستیار و ستراتیژیدا گرتووە، کە پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەیە، لەنێویاندا هەزاران بەڵگەنامە کە پەیوەستن بە پلاندانان و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئیسرائیل.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەداوە، کە ئەم زانیارییانە لە خاکی فەڵەستین هێنراونەتە دەرەوە و بەهۆی زۆریی قەبارەی بەڵگەنامەکان و پێویستی پاراستنی ئاسایشی گواستنەوەیان، تا دڵنیابوون لە گەیشتنیان بۆ شوێنی مەبەست هەواڵەکە بڵاونەکراوەتەوە.
دوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە، رێکخراوی ئاسایشی ناوخۆیی ئیسرائیل و پۆلیسی ئیسرائیل دوو گەنجی تەمەن 24 ساڵیان بە گومانی ئەنجامدانی تاوانی ئەمنیی پەیوەندیدار بە ئێرانەوە دەستگیرکرد. ئەم دەستگیرکردنانەش دوای دەرچوونی بەڵگەنامەکان بووە.
میدیاکانی ئیسرائیلی ئاماژە بەوە دەکەن، کە ئەمە چەندەمین جارە دۆسیەیەکی سیخوڕی پەیوەندیدار بە ئێرانەوە ئاشکرا دەبێت و یەکێک لە ئامانجەکانی کوشتنی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بووە.