زووم:
وەزارەتی دادی ئەمریکا رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، بەرپرسێکی هەواڵگری لیبیا رەوانەی دادگای فیدراڵی واشنتن کرا، کە تۆمەتبارە بە دروستکردنی ئەو بۆمبەی لە ساڵی 1988 فڕۆکەیەکی مەدەنی لە ئاسمانی بەریتانیا کردە ئامانج و بووە هۆی کوژرانى 270 کەس.
فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگری بۆینگ 747ی ، بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی لێکێنەرەوە کەوتەخوارەوە
کاتژمێر 7:00ی ئێوارەی رۆژی 21ی کانوونی یەکەمی ساڵی 1988، فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگری بۆینگ 747ی کۆمپانیای فڕۆکەوانی PAN AM، کە بەسەر ئاسمانی شارۆچکەی لۆکەربی سکۆتلەندادا دەفڕی، بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی لێکێنەرەوە کەوتەخوارەوە و سەرجەم سەرنشینانی، بە تیمی فڕۆکەوە، کە 259 کەس بوون گیانیانلەدەستدا و 11 کەسی دیکەش، کە دانیشتووی شارۆچکەکە بوون گیانیان لەدەستدا.
لە رووداوەکەدا 270 کەس لە 21 وڵاتی جیاواز گیانیان لەدەستدا
لە رووداوەکەدا کۆی گشتی 270 کەس لە 21 وڵاتی جیاواز گیانیان لەدەستدا، زۆریەنەیان، واتە 190 کەسیان، ئەمریکی بوون و 35 کەسیان خوێندکاری زانکۆ بوون، بۆ پشووی سەری ساڵ لە ئەڵمانیاوە دەگەڕانەوە ئەمریکا.
fbi فەرمانی گرتنی بۆ دوو بەرپرسی باڵای لیبیا دەرکرد
دوای سێ ساڵ لێکۆڵینەوەی هاوبەش لە نێوان پۆلیسی سکۆتلەندا و نوسینگەى لێکۆڵینەوەى فیدراڵى ئەمریکا (ئێف بی ئای) لە تشرینی دووەمی ساڵی 1991دا، بەتۆمەتی ئەنجامدانی کردەوەکە، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ دوو بەرپرسی باڵای ئەوکاتی لیبیا دەرچوو، کە بە کوشندەترین کردەوەی “تیرۆریستی” دادەنرێت لە مێژووی فڕۆکەوانی بەریتانیادا.
موعەمەر قەزافی، سەرۆکی ئەوکاتی لیبیا، دوو تۆمەتبارەکەی رادەستى سکۆتلەندا کرد
لە ساڵی 1999دا و دوای کۆمەڵێک دانوستان و گفتوگۆ موعەمەر قەزافی، سەرۆکی ئەوکاتی لیبیا، دوو تۆمەتبارەکەی رادەستى سکۆتلەندا کرد، کە عەبدولباست ئەلمێگرحی، ئەفسەری هەواڵگری لیبیا و بەرپرسی ئاسایشی هێڵی ئاسمانی عەرەبی لیبیا و لامین خەلیفە فیما، بەڕێوەبەری وێستگەی هێڵی ئاسمانی عەرەبی لیبیا لە فڕۆکەخانەی لوقا لە دورگەی ماڵتا بوون.
عەبدولباست ئەلمێگرحی، بەتۆمەتی کوشتنی 270 کەس سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنرا
ساڵی 2001 سکۆتلەندا لامین خەلیفە فیمای ئازادکرد، بەهۆى نەسەلماندنى هیچ تۆمەتێک، بەڵام عەبدولباست ئەلمێگرحی، بەتۆمەتی کوشتنی 270 کەس سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنرا. بەڵام بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەی پرۆستات و دوای زیاتر لە 10 ساڵ زیندانیکردن، ئەلمێگرحی ئازادکرا و دوای دوو ساڵ لە ئازادکردنی لە ساڵی 2012 بە شێرپەنجە لە لیبیا مرد، ئەو ئەلمێگرحی تەنها کەس بوو ئەنجامدانی “تاوانەکەی” بەسەردا ساغ بوووەوە.
دوای 32 ساڵ و لە ساڵی 2020دا، بەرپرسانی ئەمریکا کەسی سێهەمیان ئاشکراکرد، کە پەیوەندی بە رووداوەکەوە هەبووە، ئەویش بەرپرسیێکی پێشووی دەزگای هەواڵگریی لیبیا بوو، بەناوی ئەبو عەگیلا محەمەد، مەسعود خەیر ئەلمەریمی، کە ئەوکات لەلایەن لیبیاوە دەستبەسەرکرابوو.
وەزارەتی دادی ئەمریکا رایگەیاند، مەریمی گوازراوەتەوە بۆ ئەمریکا و لە واشنتن لەژێر لێکۆڵینەوەدایە
مەریمی تۆمەتبارکراوە، کە لەپشت دروستکردنی بۆمبەکەوە بووە، دوێنێ، یەکشەممە، دواى 34 ساڵ بەسەر رووداوەکەدا وەزارەتی دادی ئەمریکا رایگەیاند، مەریمی گوازراوەتەوە بۆ ئەمریکا و لە واشنتن لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.
لە لێکۆڵینەوەیەکی ئەمریکادا لەگەڵ مەریمی لە ساڵی 2017 لە لیبیا دەرکەوتووە، کە شارەزاییەکی “باش و ئەزموونی زۆری هەیە” لە بواری دروستکردنی تەقەمەنیدا لە دەزگای هەواڵگری لیبیا. لە ساڵی 2012 و دوای روخانی حکومەتەکەی قەزافی دەستگیرکرا.
بەرپرسانی ئەمریکی دەڵێن، لەو چاوپێکەوتنەدا مەریمی دانی بەوەداناوە، کە ئەو بۆمبەکەی دروستکردووە و لەگەڵ دوو پیلانگێڕی دیکەدا کاریان کردووە بۆ ئەنجامدانی تەقینەوەکە. ئاماژەی بەوەشداوە ئۆپەراسیۆنەکە بە فەرمانی دەزگای هەواڵگری لیبیا کراوە و بەگوێرەى بەڵگەنامەیەکی ئێف بی ئای ئەمریکا، کە لە دۆسیەکەدا تۆمارکراوە قەزافی دوای هێرشەکە سوپاسی خۆی و ئەندامانی دیکەی تیمەکەی کردووە.
لە بەڵگەنامەکەدا هاتووە، کە مەریمی بە فڕۆکە چووەتە دورگەی ماڵتا بۆ ئەوەی چاوی بە ئەلمێگرحی و فیما بکەوێت. بەگوێرەى بەڵگەنامەکە، جانتایەکی قەبارە مامناوەندی بە فیما داوە، کە بۆمبێکی تێدابووە و رێنمایی پێداون، کە چۆن کاتژمێرەکە چالاک بکەن بۆ ئەوەی ئامێرەکە رێک دواى 11 کاتژمێر بتەقێتەوە. ئێف بی ئای ئاماژەی بەوەشکردووە کە مەریمی دواتر بە فڕۆکەیەک گەیشتووەتەوە تەرابلوس.
تۆمەتبارەکان لە فڕۆکەخانەی لۆقا لە دورگەی ماڵتا یەکتریان بینیوە و لە رێگەی فڕۆکەیەکی ماڵتاوە بۆمبەکەیان گواستووەتەوە بۆ فڕۆکەخانەی فرانکفۆرت لە ئەڵمانیا و لەو فڕۆکەخانەیەدا بۆمبەکە لە فڕۆکە نەفەرهەڵگرەکە بەستراوە، کە بەرەو لەندەن و لەوێشەوە بۆ ئەمریکا گەشتی دەکرد.
سەبارەت بە پاڵنەری ئەنجامدانی ئەو تەقینەوەیە، لەژێر چەندین گوشار و سزا ئابورییەکانی سەر وڵاتەکەی، موعەمەر قەزافی، ساڵی 2003 بەرپرسیارییەتی خۆی لە تەقینەوەکە راگەیاند و قەرەبووی ماددی سەرجەم قوربانیانی رووداوەکەی کردەوە، ئەو گوتى، لەژێر گوشاردا ئەو کارەى کردووە و تەقینەوەکە بە فەرمانی ئەو نەبووە.
بەڵام ساڵی 2011 و لە کاتی شەڕی ناخۆیی ئەو وڵاتەدا، مستەفا عەبدولجەلیل، وەزیری دادی ئەوکاتی لیبیا رایگەیاند، تەقینەوەکە بە فەرمانی راستەوخۆی قەزافی ئەنجامدراوە.