رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە سوریا دەڵێت دیدگای ترەمپ بۆ ئەو وڵاتە گەشبینانەیە
تۆماس باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە سوریا دووپاتیکردەوە کە دیدگای سەرۆک دۆناڵد ترەمپ بۆ سوریا “گەشبینانەیە”.
باراک لە هەژماری تایبەتی خۆی لە پلاتفۆرمی ئێکس لە تویتێکدا نووسیویەتی “لە کۆشکی سپی لەگەڵ سەرۆک ترەمپ و مارکۆ روبیو وەزیری دەرەوە کۆبوومەوە، لە بارەی رۆژهەڵاتی ناوەراستەوە گفتوگۆمان کرد، بە پلەی یەکەم سوریا و تورکیا. دەتوانم بڵێم کە دیدگای سەرۆک لەسەر ئەم بابەتە تەنها گەشبینانە نییە، بەڵکو بەدیهاتووە”.
لە لایەکی دیکەوە، ئاوارەکانی کەمپی روکبان لەسەر سنووری سوریا وعێراق و ئوردن بەرە و ناوچەکانی خۆیان لە سوریا بەڕێکەوتن بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی حومس، ئەمەش لاپەڕەیەکی تراژیدی و خەمناک لە چیرۆکی ئاوارەیی سورییەکان دادەخات کە رژێمی پیشوو بەسەریداهێنان.
وەزیری راگەیاندی سوریاش کەمپەکەی بە سێگۆشەی مەرگ و دڕندەیی و برسێتی و گەمارۆدان وەسفکردووە.
عەرەبی جەدید
لە هەڵمەتێکی هەواڵگریدا بڕێکی زۆر زانیاری و بەڵگەنامەی ستراتیژی و هەستیاری ئیسرائیل دەست ئێران کەوتوون
تەلەفزیۆنی ئێران بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان، بڵاویکردەوە، بڕێکی زۆر بەڵگەنامە و زانیاری گرنگی ئیسرائیلیان دەستخستووە، کە تایبەت بوون بە پرۆژە و دامەزراوە ئەتۆمییەکان و ئەوەشی بە گەورەترین هێرشی هەواڵگری لە مێژوودا وەسفکردووە.
ئەمەش لەکاتێکی هەستیاردا کە دانوستانە ئەتۆمییەکەی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ئارادایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەردەوامە لە جەختکردنەوە لەسەر رەتکردنەوەی بەردەوامی پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە.
سەرچاوەکان ئەوەشیا خستووەتەڕوو بەڵگەنامەکان تا گەیەندراونەتە شوێنی پارێزراو رێگری لە میدیاکان کراوە لە ترسی ئاشکرانەکردنی ئەمەش لەپێناو پاراستنی بەڵگەنامەکان بووە.
ئاماژە بەوەشکراوە، بەڵگەنامەکان هێندە زۆرن ماوەیەکی زۆریان دەوێت تا پیداچوونەوەیان بۆ بکرێت کە بەشێكیشیان وێنە و فیلیمی پەیوەندیدارن بە پرۆژە ئەتۆمییەکەوە.
هاوکات ترەمپ بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئێران یۆرانیۆم ناپیتێنێت و بە پێچەوانەوە رێگای دیکە دەگرنەبەر، کە ئەوە خواستی ئەوان نییە، هەر لە سەروبەندی ریککەوتنی ئەو دوو وڵاتە، تاران ئیدانەی قەدەغەی گەشتی 12 وڵاتی بۆ ئەمریکا کرد کە لەنێوانیشیاندا ئێران هەیە و بە رەنگدانەوەی ئەو “دووژمنایەتییە قووڵەی” زانی کە واشنتۆن بەرامبەر ئێرانییەکان هەڵیگرتووە.

قودسی عەرەبی
نێوەندگیریی قەتەر بۆ کۆتاییهێنان بە ئازاری هاووڵاتییانی غەزە بەردەوامە
قەتەر لەگەڵ هاوبەشانی بەردەوامە لە نێوەندگیریی جەنگی غەزە و هەوڵەکانی بۆ کۆتاییهێنان بەم جەنگە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی قودسی عەرەبی، وەزیری کاروباری ستراتیژیی ئیسرائیل پەیوەندی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی قەتەر ئەنجامداوە بەمەبەستی دروستکردنی فشار لەسەر ئەمریکا هەتا کۆتایی بەو سڕبوونە بهێنرێت، کە بەسەر دانوستانی ئاگربەستی غەزە و ئاڵوگۆڕی بارمتەکاندا هاتووە.
رۆژنامە فارسییەکان
باختەر
کۆمەڵەیەکی نوێ بۆ رێگری لە ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکانی کرماشان رێکخرا
کۆمەڵەی ئاگرکوژێنەوەی دارستان لە کرماشان رێکخرا، کە ئامانجی رێگری و کوژاندنەوەی ئاگرکەوتنەوەکانە لە دارستانەکانی پارێزگاکە.
ئەم کۆمەڵەیە هەڵدەستێت بە راهێنان و هۆشیارکردنەوەی خۆبەخشان، جووتیاران، گوندنشینان و خەڵک سەبارەت بە مەترسییەکانی ئاگر و چۆنیەتی رێگری لێی.
هەروەها خۆبەخشان لە ناوچە جیاوازەکان رێکدەخات بۆ رووبەڕووبوونەوەی دۆخە لەناکاوەکان و بەکارهێنانی کەرەستەی تایبەت.
دابینکردنی کەرەستەی پێویست وەک پەمپ و ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوەی گونجاو بۆ ناوچە دارستانەکان لە ئەرکە سەرەکییەکانی ئەم کۆمەڵەیە دەبێت.
هەروەها هاوکاری لەگەڵ رێکخراوە پەیوەندیدارەکان وەک رێکخراوی دارستانەکان و سەرچاوە سروشتییەکان، مانگی سوور و هێزە ئەمنییەکان، بۆ کاردانەوەی خێراتر و کاریگەرتر لە کاتی قەیرانەکان.

کەیهان
زانیارییە ئەتۆمییەکانی ئیسرائیل لەلایەن ئێرانەوە دزران
دەزگای ئیتلاعاتی ئێران، زانیاریی ستراتیژی و هەستیاری وەک پلان و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی، لە ئیسرائیل دەرهێناوە.
ئەم هەواڵە لە لایەن دەزگای رادیۆ و تەلەڤیزیۆنی ئێرانەوە بڵاوکرایەوە.
دوای ئەوەش رێکخراوی ئاسایشی ناوخۆیی ئیسرائیل و پۆلیسی ئیسرائیل دوو گەنجی تەمەن 24 ساڵیان بە ناوەکانی رۆی میزرەحی و ئەلمۆگ ئەتیاس بە گومانی ئەنجامدانی تاوانی ئەمنیی پەیوەندیدار بە ئێرانەوە دەستگیرکرد.
رۆژنامەی مەعاریڤ ئەم هەواڵەی بە راپۆرتی نیگەرانکەر ناوبرد و ئەم دەستگیرکردنانە دوای دەرچوونی بەڵگەنامەکان بووە.
میدیاکانی ئیسرائیلی ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەمە چەندەمین جارە دۆسیەیەکی سیخوڕی پەیوەندیدار بە ئێرانەوە ئاشکرا دەبێت و یەکێک لە ئامانجەکانی کوشتنی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بووە.
ئەفکار
وەزیری کشتوکاڵی ئێران: بەکارهێنانی زەیت و شەکر لە ئێران زۆر لە ستاندارد زیاترە
غولام رەزا نووری وەزیری جیهادی کشتوکاڵی ئێران رایگەیاند، بەکارهێنانی زەیت و شەکر لە ئێراندا 1.5 هێندە زیاترە لە ستانداردی ئاسایشی خۆراکی جیهانی.
ناوبراو جەختی لەسەر رۆڵی گرنگی ژنان کردەوە لە فەرهەنگسازی و گۆڕینی شێوازی بەکارهێنان و ئاماژەی بە بەفیڕۆچوونی زۆری بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و پشتبەستنی ئێران بە هاوردەکردنی زەیت بە رێژەی %90 و شەکر بە رێژەی %39 کرد.
هەروەها گوتی کە بەکارهێنانی زۆری ئەم دوو بەرهەمە دەبێتە هۆی نەخۆشی لە کۆمەڵگادا.
ئارمانی میللی
توندوتیژی و نەمانی ئاسایشی خەڵک لە شوێنە گشتییەکان زیادیکردووە
حەسەن موسەوی، سەرۆکی کۆمەڵەی کارمەندانی کۆمەڵایەتیی ئێران، نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە زیادبوونی توندوتیژی لە کۆمەڵگەدا، وەک کوشتنی ئیلاهە حوسێن نەژاد بەهۆی دزینی مۆبایلەکەی و مامەڵەی توند لەگەڵ ژنێکی بێ ماڵ لە لایەن گەشتی شارەوانییەوە.
حەسەن موسەوی رایگەیاند، هەژاری یەکێکە لە هۆکارەکان، بەڵام تاکە هۆکار نییە.
ئەو جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، پەیوەندییە مرۆییەکان و رەوشتی تاکەکەسی و پیشەیی لە مەترسیدان، کە دەتوانێت ببێتە هۆکاری بڵاوبوونەوەی زیاتری توندوتیژی.
بە گوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی پزیشکی داد، توندوتیژی یەکێکە لە سەرەکیترین دۆسییەکانی دادگاکانی ئێران.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
سەندەی تایمز
کۆشکی سپی لەبارەی تەلاری باڵیۆزخانەکەی چینەوە هۆشداری دەدات بە داونینگ ستریت
چەند بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی دەڵێن زۆر خەم لەوە دەخۆن باڵیۆزخانەکەی چین لە لەندەن بتوانێت لەبارەی زانیارییە هەستەوەرە داراییەکانی بەریتانیاوە کاری هەواڵگری بکات.
کۆشکی سپیی ئەمریکا هۆشداریی داوە بە خانووی ژمارە 10 ناو شەقامی داونینگ ستریت، کە حکومەتی بەریتانیای تێدایە، لەوەی بەریتانیا رێگەی داوە چین باڵیۆزخانەی خۆی لە نزیکی چەند ناوەندێکی دارایی بەریتانییەوە لەناو لەندەندا بونیادبنێت.
چین دەیەوێت لە لەندەن باڵیۆزخانەیەکی گرنگ و گەورە بونیادبنێت، کە ناوی لێناوە سوپەر ئەمبەسی، بەڵام حکومەتی پێشووی بەریتانیا ئەم پێشنیازەی رەتکردەوە، چونکە ئاژانسی هەواڵگریی بەریتانی لەبارەی مەترسیداریی شوێنی بونیادنانەکەیەوە هۆشداریی پێدابوو، بەڵام لەپاش هاتنەناوەوەی شی جینپینگی سەرۆکی چین بۆ قسەکردن لەبارەی ئەو خواستەوە، رێگەیان پێدرا.
سەندەی تەلەگراف
قسەوباسێک لەبارەی قووڵایی زەریاوە
لە وێنەی سەرەکیی رۆژنامەکەدا شازادەی وێڵز لەگەڵ دەیڤد ئەتێنبرەدا دەردەکەون. ئەم دەرکەوتنە بە ماوەیەکی کاتیی کورتی پێش نمایشکردنی فیلمێکی دۆکیومێنتەریی سێر ئەتێنبرەیە لەناو هۆڵی فێستیڤاڵە پادشاییەکاندا. دەیڤد و شازادە پێکەوە سەیری ئامێرێکی تەکنەلۆژیای دەریایی دەکەن. فیلمەکەی ئەمجارەی دەیڤد لەبارەی قووڵایی زەریاکانەوەیە. لەو رووەوە بە شازادە دەڵێت ئەوەی کە تائێستا لەبارەی قووڵایی زەریاکانەوە کردوومانن هێندە کەمن شایانی باسلێکردنیش نیین. ئەو فەرامۆشییەی کە لەبارەی زەریاکانەوە هەمانە، ئەگەر لەبارەی سەر زەوییەوە هەمانبوایە، ئەوا هەموو کەس دەستی لێدەداینە چەک.
سەندەی ئێکسپرێس
لەناو جیهانی پڕ مەترسیی ئەمڕۆدا سوپای بەریتانیا هێزێکی زۆر بچووکە
جێرێمی هەنت، وەزیری دارایی کاروباری دەرەوەی بەریتانیا، کە سەر بە پارتی پارێزگارانە، داوادەکات وڵاتەکەی هێزە سەربازی و بەرگرییەکانی بەهێز بکات، چونکە هەڕەشەکانی وڵاتانی روسیا و چین زۆربوون.
لەمڕووەوە هەنت دەڵێت بەریتانیا پێویستی بە بوونی سوپایەکی گەورەتر هەیە، بۆئەوەی بتوانێت لەبەرامبەر هەڕەشە بەردەوامەکانی ڤلادیمیر پوتینی سەرۆکی روسیا رابوەستێت. ئەم هۆشدارییە توندە لە وەزیری پێشووی کاروباری دەرەوەوە هات و رەخنەی لە حکومەتەکەی خۆیان گرت و گوتی ئەم حکومەتە خەمی مەسەلەیەکی ستراتیژی و گرنگی وەک بەهێزکردنی سوپای نییە. ئەو دەڵێت پارتی کار پلانی هەبوو لەپاش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانەوە ژمارەی سەربازەکانی سوپا بەرزبکاتەوە بۆ 76 هەزار کەس.
وۆڵ ستریت جۆرنەڵ
زانایان هەر سەیری نەورەسەکان دەکەن، دەیانەوێت لێیان تێبگەن، کە بۆچی ئەوان خواردنی خەڵک دەفڕێنن
هەر جارێک بتەوێت بچیت بە ئارامی لە کەناری یەکێک لە دەریاکانی بەریتانیا پارووە نانێک بخۆیت، دەبینیت هۆشدارییەکت بۆ نوسراوە، پێتدەڵێت ئاگاداری نەورەسەکان بە، ئەوان دێن خواردنەکەت دەفڕێنن، لەسەر کەنارەکانی دەریا، ئەوان پاڵەوانی ئەوکارەن. لۆرینا فۆربس خانمێکە چووبو لەسەر دەریا نانێک بخوات، بەڵام لە پڕێکدا نەورەسێک پەلاماری دەستیی دا و پاروەکەی لێفڕاند، لۆرینا دەڵێت بەشی قەپێکیشی بۆ نەهێشتمەوە، هەمووی فڕاند.
لۆرینا تەمەنی 38 ساڵە و کارمەندی تەندروستییە، باسی روداوەکەی خۆی دەکات و دەڵێت ئەم نەورەسانە دەڵێی گەدەیان لە ئاسن دروستکراوە، هەموو شتێک دەخۆن و باکیشیان نییە، هەموو شتێک دەماشنەوە، دەمیان بە هەر شتێک بگات خواردنی خۆیانە و دەیخۆن، بە لەفە و نان و ئایسکرێم، تانانەت دەگەڕێن هەر شتێک لە گەشتیارانی رۆژی یەکشەممە بەجێمابێت، ئەوانەش دەخۆن.