کریستیانۆ ئاشکرایکرد بەشدارى مۆندیالى یانەکان ناکات و دووپاتیشیکردەوە لەلاى ئەو خەڵاتى تۆپى ئاڵتون بەهاى نەماوە.
لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسى تایبەت بە یارییەکەى سبەینێى بەرامبەر ئیسپانیا لە یارى کۆتایى نەیشنز لیگ، کریستیانۆ رۆناڵدۆى کاپتنى پۆرتوگال ستایشى رۆبێرتۆ مارتینێزى راهێنەر هەڵبژاردەکەى کرد و پێیوایە کارێکى باش لەگەڵ پۆرتوگال دەکات.
لە بارەى یارییەکەى سبەینێوە کریستیانۆ گوتى: هەر یارییەک چیرۆکى تایبەتى خۆى هەیە، لە ئەڵمانیامان بردەوە، هیوادارم سبەینێ رۆژێکى خۆش بێت بۆ پۆرتوگال.
باسى لەوەشکرد، بیرى بەرزکردنەوەى جام دەکات و دەڵێت: هەندێک ساڵ بەدەستى ناهێنیت، ئەمەش بەشێکە لە تۆپى پێ، ناتوانى هەمیشە براوەبیت، سبەینێ دوایین هەلمان هەیە، یارییەکى قورس دەبێت، بەڵام ئەگەرى بردنەوە هەیە، خۆشەویستییەکى تایبەتم بۆ ئیسپانیا هەیە، یەکێکە لە باشترین هەڵبژاردەکانى جیهان، راهێنەرەکەى کارێکى ناوازە دەکات، تیپێکە یاریزانى کوالیتى بەرزى هەیە، بەتایبەت یاریزانەکانى هێڵى ناوەڕاستى وەک پێدرى.
گوتیشى: من و منداڵەکانم لامین یامالمان خۆشدەوێت، وایدەبینم کەمێک یامال و کریستیانۆ جۆنیۆرى کوڕم لەیەکدەچن، هەردووکیان ئەسمەرن و ستایلى قژیشیان وەک یەکە.
لە بارەى وازهێنانییەوە دۆن دووپاتیکردەوە، ئەقڵیەتى ئەو ئەوەیە هەموو رۆژێک بە رۆژى خۆى، ساڵى زۆرى نەماوە بۆ یاریکردن، بەڵام چێژ لەم ساتە وەردەگرێت، دیارینەکردووە چ رۆژێک وازدەهێنێت، بەڵام هەست بە ئاسودەیى دەکات و لێرەیە بۆ چێژوەرگرتن و بەردەوامیدان بەکاروانەکەى تا ئەو کاتەى وازدەهێنێت.
لە بارەى تۆپى ئاڵتونەوە کریستیانۆ دەڵێت: بڕواى زۆرم بە خەڵاتە تاکە کەسیەکان نەماوە، چونکە دەزانم لە پشت پەردەوە چى روودەدات، ئێستا زۆر گرنگ نەماوە، لەبەرئەوەى هەمیشە لە 100% بەپێوەرى روون خەڵاتەکان نابەخشرێن، بەڕاى من ئەوەى دەبێت تۆپى ئاڵتون بەدەستبهێنێت، دەبێت براوەى چامپیۆنز لیگ بێت، ناتوانم یاریزانێکى دیاریکراو هەڵبژێرم، بەڵام پاڵێوراوەکان زۆرن، ئێمباپێ، یامال، دیمبلى، ڤیتینیا، بەڵام وەک پێشتر وتوومە پێموایە ئەو خەڵاتە بەهاى لەدەستداوە.
لە کۆتاییدا کریستیانۆ باسى لە بەهێزترین رکابەرى لە کاروانە وەرزشیەکەیدا کرد و گوتى: بەدڵنیاییەوە لیۆنێل مێسیم خۆشدەوێت، پێکەوە بۆ 15 ساڵ لەسەر ستەیج بووین، بیرمە زۆر جار وەرگێڕانى ئینگلیزیم بۆ دەکرد، چونکە ئەو بە ئینگلیزی قسەى نەدەکرد، هەمیشە بەشێوەیەکى باش مامەڵەى لەگەڵ کردووم و رێزى لێ گرتووم.