سبەینێ پۆرتوگال و ئیسپانیا یارى کۆتایى نەیشنز لیگ دەکەن، پێشتریش فەڕەنسا و ئەڵمانیا کێبڕکێ لەسەر پلەى سێیەم دەکەن.
سبەینێ یەکشەممە 8/6/2025 کاتژمێر 10ى شەو لە یاریگاى ئەلیانز ئەرینا لە شارى میونشنى ئەڵمانیا یارى کۆتایى خولى نەتەوەکانى ئەوروپا لە نێوان هەردوو هەڵبژاردەى پۆرتوگال و ئیسپانیا بەڕێوەدەچێت.
پۆرتوگال بە بردنەوە لە ئەڵمانیا سەرکەوت بۆ یارى کۆتایى، ئیسپانیاش لە یارییەکى پڕ گۆڵدا و بە پێنج گۆڵ بەرامبەر بە چوار گۆڵ لە فەڕەنساى بردەوە و بۆ سێیەم جار لەسەریەک خۆى گەیاندە یارى کۆتایى.
لە یارى دیاریکردنى پلەى سێیەمى خولەکەشدا، هەر سبەینێ کاتژمێر چوارى پاش نیوەڕۆ، هەردوو هەڵبژاردەى ئەڵمانیا و فەڕەنسا لە یاریگاى ئێم ئێچ پى ئەرینا بەرامبەر بەیەک یارى دەکەن.
پۆرتوگال و ئیسپانیا و فەڕەنسا یەکى جارێک نازناوى نەیشنز لیگیان بەدەستهێناوە، پۆرتوگال و ئیسپانیا سبەینێ هەلى بردنەوەى نازناوەکەیان بۆ دووەم جار هەیە.