زووم…
رۆژنامە فارسییەکان
ئەبرار
جیاوازیی دیەی ژن و پیاو رێگرە لە سزادانی بکوژی کچێک
چیرۆکی ئیلاهە حوسێن نەژاد، کچێکی ٢٤ ساڵەی خەڵکی ئیسلامشار، دوو هەفتە پێش ئێستا بە ونبوونی دەستیپێکرد.
دوای چەند رۆژێک، تەرمی ئیلاهە لە بیابانەکانی دەوروبەری تاران دۆزرایەوە و بکوژەکەی کە خۆی وەک شوفێری تەکسی پیشانداوە، دەستگیر کرا.
سەرۆکی پۆلیسی تاران کوشتنەکەی پشتراستکردەوە و جەختی لەسەر جێبەجێکردنی سزایەکی توند و رێگریکار کردەوە.
لە کاتێکدا راوێژکارانی یاسایی داوای جێبەجێکردنی سزای قەساس دەکەن بەڵام بەهۆی ئەوەی خوێنی ژنان نیوەی پیاوانە، پێویستە بنەماڵەی کچە کوژراوەکە نیوەی دییەی بکوژەکەش بدەن و ئەوانیش تا ئێستا نەیانتوانیوە ئەو کارە بکەن و بکوژەکە بێ سزا ماوە.
ئەفکار
گۆڕانی کەشوهەوا پێویستی بە داهێنان و چارەسەری ژینگەیی هەیە
گۆڕانی کەشوهەوا و گەرمبوونی زەوی بووەتە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر ئاسایشی خۆراک لە ئێران.
بە گوێرەی راپۆرتەکان، ساڵانە ملیۆنان هێکتار زەویی کشتوکاڵی بەهۆی گۆڕینی بەکارهێنان و وێرانکردنەوە لەدەست دەچن، ئێران کە دەکەوێتە ناوچەیەکی وشک و نیمچە وشکەوە، زۆرترین زیانی بەردەکەوێت لە گۆڕانکارییە کەشوهەواییەکان.
کەمبوونەوەی رێژەی بارانبارین بە رێژەی ٤٥٪ لە پارێزگاکانی ناوەند و باشوور، لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بە رێژەی ١.٥ پلەی سەدی، کێشەی سەرەکین.
بەڕێوەبردنی خراپیی سەرچاوەکانی ئاو، وەک بەنداوەکان و دەرهێنانی بێ رادەی ئاوی ژێر زەوی، دۆخەکە خراپتر دەکات.
چارەسەرە پێشنیارکراوەکان بریتین لە کشتوکاڵی زیرەک، پاککردنەوەی ئاو، پەرەپێدانی کشتوکاڵی گەرمەخانەیی، و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ.

باختەر
شاری نەوسود لەژێر هەڕەشەی قەیرانی ئاو و کێشەی ژێرخاندایە
لە کۆبوونەوەیەکدا بۆ تاوتوێکردنی کێشەکانی شاری سنووریی نەوسود لە پارێزگای کرماشان، چەندین بابەتی گرنگ وروژێنران وەک قەیرانی ئاو، نەبوونی ناوەندێکی چارەسەریی پزیشکی 24 کاتژمێری، خراپیی رێگاوبانەکان و ئاڵنگارییەکانی جێبەجێکردنی یاسای کۆڵبەری.
هەروەها ئاماژە بە نەبوونی کارگەیەکی چالاکی سەربڕین و ناتەبایی لە رێساکانی رێکخستنی کۆڵبەران کرا.
نەوسود یەکێکە لەو ناوچانەی زۆرترین ژمارەی کۆڵبەرانی تێدا دەکوژرێت، بەڵام خەڵک بەهۆی بێکارییەوە ناچارن بەردەوام بن لە کۆڵبەری.
ئارمانی میللی
زیاتر لە هەزار و دوو سەد فەرمانگەی حکومی وزەی خۆر بەکاردەهێنن
بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی کارەبای ئێران رایگەیاند: تائێستا 1239 فەرمانگەی حکومی بە وزەی خۆر کار دەکەن و توانای بەرهەمهێنانی کارەبایان گەیشتووەتە نزیکەی 26 مێگاوات.
بە گوێرەی بڕیارێکی ساڵی رابردوو، فەرمانگە حکومییەکان پابەندکراون کە لە کاتژمێرەکانی کارکردندا بەکارهێنانی کارەبایان بە رێژەی 30٪ کەم بکەنەوە بەراورد بە ساڵی رابردوو.
دوای کاتژمێرەکانی کارکردنیش، پێویستە بەکارهێنان بە رێژەی 60٪ کەم بکرێتەوە، ئەگەر نا کارەبای بیناکە سنووردار دەکرێت یان دەبڕدرێت.
رۆژنامە ئینگلیزیەکان
دەیلی مەیل
رێکخراوێکی نایاسایی دەرمانی دابەزاندنی کێش بەشێوەی مەترسیدار دەفرۆشێت
لێکۆڵینەوەیەکی رۆژنامەی دەیلی مەیل ئاشکرایکردووە، بازاڕێکی رەش و گەشەسەندوو بۆ دەرزییەکانی دابەزاندنی کێش بە ناوی ئۆزەمپیک لە سەرانسەری بەریتانیا بڵاوبووەتەوە، کە ژیانی خەڵک دەخاتە مەترسییەوە.
دەیان بازرگان لە بەریتانیا و چینەوە، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاردەهێنن بۆ ريکلامی ئاشکرا بۆ دەرزییە نایاساییەکانیان بە نرخێکی هەرزان.
ئەوان ماددە چالاکەکانی نێو دەرمانە رەسەنەکانی دابەزاندنی کێش دابین دەکەن و رێنمایی دەدەن بۆ تێکەڵکردنیان لە ماڵەوە، کە زۆر مەترسیدارە.
هەزاران بەریتانی لەوانەیە ئەم جۆرە دەرمانەیان کڕیبێت، چونکە بەشێکی زۆریان بە کەمتر لە 20 پاوەند بۆ مانگێک دەست دەکەون، لە کاتێکدا چارەسەری رەسەن نزیکەی 200 پاوەندە.
ئەمە مەترسییەکی گەورەیە بۆ تەندروستی گشتی.
گاردیەن
روسیا لە جەنگدایە لەگەڵ بەریتانیا
فیۆنا هیڵ، راوێژکاری پێشووی روسیا لە کۆشکی سپی، هۆشداریی دا کە روسیا لە جەنگدایە لەگەڵ بەریتانیا و چیتر ئەمریکاش هاوپەیمانێکی تەواو جێی متمانە نییە.
هیڵ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گاردیەن رایگەیاند، بەریتانیا لە دۆخێکی زۆر خراپدایە و پێویستە زیاتر یەکگرتوو و خۆڕاگر بێت.
ئەو روونیکردەوە کە پوتین جەنگی ئۆکراین وەک خاڵێکی دەستپێک دەبینێت بۆ ئەوەی مۆسکۆ ببێتە هێزێکی سەربازی باڵادەست لە هەموو ئەوروپا و بە شێوازی جیاواز هەڕەشە لە بەریتانیاش دەکات، وەک ژەهراویکردن، تیرۆرکردن، کردەوەی تێکدەرانە و هێرشی سایبەری.
ویک ئێند
داوای ئاشتەوایی لە ترەمپ و مەسک دەکرێت
دوای ناکۆکییە توندەکەی نێوان دۆناڵد ترەمپ و ئیلۆن مەسک، هاوپەیمانەکانیان داوایان لێکردوون کە ئاشت ببنەوە بۆ سنووردارکردنی زیانە سیاسی و بازرگانییەکان.
ئەم ناکۆکییە بەهۆی پرۆژە یاسای باجەوە سەریهەڵدا، هەڕەشە لە بەرنامەی یاسادانانی کۆشکی سپی و هاوپەیمانیی سیلیکۆن ڤالی و واشنتۆن دەکات.
سیناتۆر تێد کروز رایگەیاند: جێگەی داخە، هیوادارم ئاشت ببنەوە.
وادیارە ئیلۆن مەسکیش ئامادەیە بۆ ئاشتەوایی و هەوڵەکان بۆ ئاشتەوایی نێوانیان بەردەوامە، بەڵام تا ئێستا بێ ئەنجام بوون.
دەیلی تەلەگراف
نیگەرانی بەرامبەر کۆچبەران جۆرێکە لە تیرۆر
بەڵگەنامە فەرمییەکانی حکومەتی بەریتانیا کە دژە رادیکاڵیزمە، نیگەرانی لەسەر کۆچبەرانی بە ئایدیۆلۆژیای تیرۆریستی ناوبردووە.
بەریتانیا نەتەوەپەرستیی کلتووری وەک بیروباوەڕێک دەخاتەڕوو کە دەکرێت ببێتە هۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ.
هەندێک لەو باوەڕەدان کلتووری رۆژئاوا لەژێر هەڕەشەی کۆچبەرانی بەکۆمەڵدایە و نیگەرانن لەوە، رەخنەگران هۆشداری دەدەن کە پێناسەی ئەم نیگەرانییە وەک تیرۆریزم دەکرێت ئازادیی رادەربڕین بخاتە مەترسییەوە.