58
سارا نەجمەدین
تا دێت بەرپرسانی سیاسی ئەم وڵاتە زیاتر دەیسلمێنن کە حکومڕانییەکەیان بە تەواوی لە هەموو بەهایەک خاڵی بووەتەوە، حکومڕانییەک نەتوانێت مووچە دابین بکات، نرخی کارەبا بەرزبکاتەوە، ئاو نەبێت و بە تەنکەر بیکڕیت، کەرتی تەندروستی گشتی بە تەواوی بچوکبکرێتەوە، تا رووبکەیتە نەخۆشخانەی سەرمایەدارەکانیان، بە هەزاران گەنج، هیچ دەرفەتێکی کارکردنیان نەبێت، ئەبێت ئەمە چ حکومڕانییەک بێت و چۆن شەرم ناکەن دێنە سەر شاشە و پیرۆزبایی جەژن دەکەن.
ئەبێت ئەمە چ حکومڕانییەک بێت
هەتا دێت دامەزراوە فەرمییەکانی ئەم وڵاتە پەکدەخرێن، بە جۆرێک کارێکیان کردووە، پەرلەمان هەبێت و نەبێت وەک یەک وابێت، حکومەت کاربەڕێکەر بێت، یان حکومەتێکی ئاسایی، وەزارەتەکان هەمووی بە وەکالەت بەڕێوە ببرێن، هیچ لەم وڵاتە نەگۆڕێت، چونکە لە بنەڕەتدا ئەمان سیستمێکیان دروستکردوە کە لە دەرەوەی هەموو چاودێرییەک بێت و یاسا تەنها ئەو کاتە هەبێت کە لە بەرژەوەندی ئەوان بێت، پەرلەمان کاتێک هەبێت ماکیاژ بۆ سیستمەکەی ئەوان بکات، بەڕاستی کە تۆ وڵاتەکەت بەم هەموو قەیرانەدا تێدەپەڕێت، بێ شەرمییەکی گەورە و بێ مۆڕاڵییەکی گەورەیە بێیت و پیرۆزبایی جەژن بکەیت.
لە هەر شوێنێکی دنیا ئەو هەموو قەیرانە هەبێت سیاسییەکانیان نەک قسە ناکەن، بەڵکو دەریشناکەون، کەچی بەرپرسانی سیاسی ئەم وڵاتە لە هەموو بەهایەک داشۆراون.
ئێستا تەنها دەبێت جەژنە پیرۆزە لەو هاووڵاتیانە بکرێت، کە سەرەڕای بێ مووچەیی و ئەم هەموو قەیرانە هێشتا بە تەنگ یەکەوەن و وەک یەکتر جەژن دەکەن، لە خەمی یەکدان و نەفرەت لەم دەسەڵاتە سیاسییە گەندەڵ و بێ مۆڕاڵە دەکەن.
جەژنتان پیرۆز بێت و هیوادارم ئەمە کۆتا جەژن بێت ئەم نا سیاسیانە بتوانن جەژنەکەمان لێ تێک بدەن.