زووم…
دکتۆر تەها زەنگەنە گوتارێکی بە ناونیشنی دوانزە وانە بۆ گەورەکان نوسیوە و ئیەمە دەقی گوتارەکەیەتی
وانەی یەکەم
بە ئیجازەی شاعیری گەورە عەبدوڵا پەشێو کە لە کۆتایی شەستەکاندا دوانزە وانەی بۆ منداڵان نووسی ، وا ئەو ناونیشانەم بە دەستکاریەکی بچوکەوە بۆ دوانزە بابەت هەڵدەبژێم. هەرچەندە ئەمە یەکەمجار نیە کە سود لە شیعرەکانی ئەو شاعیرە مەزنە وەردەگرم. وابزانم لە سالی 1996 دابوو لە کۆرێکی لە شاری کۆبنهاگن پێم ووت کە من لەگەڵ شیعرەکانی ئەودا ژیاوم و هەوێنی هەندێک شیعری گەنجانەم بووە . ئەویش ووتی وایە کە ئەو بە شیعرەکانی خزمەتی زۆری گەنج و عاشقانی ووڵاتی کردووە. منیش وا جارێکی تر شیعرەکانی دەبنە هەوێنی ئەم نوسراوانەم کە هیوادارم دوانزە وانە بن.
لە راستیدا نازانم بۆ پەشێوی مەزن دوانزە وانەی بۆ مناڵان نووسیوە بەڵام ئەوەندە دەزانم ژمارە دوانزە تایبەتمەندیەکی خۆی هەیە. ژمارەی مانگەکانی ساڵ دوانزەن. کات بە دوانزە سەعاتی پێش نیوەڕۆ و دوایی نیوەڕۆ و رووی دیاری کاتژمیریش بە ژمارە دوانزە دابەش کراوە. لە مێژوشدا ژمارەی خواکانی یۆنان دوانزە بون و ئاژەڵەکانی بورجی چینیەکان هەر دوانزەن. تیرەو خێلەکانی جوەکان و هاوەڵەکانی حەزرەتی مەسیحیش خۆ هەردوانزە بون ،ئیمامەکانی مەزهەبی شیعەش هەردوانزەن. ئێمەش دوانزە سوارەی مەریوانمان هەبوە کە لە سەردەمی ئەحمەد خانی بابان وانەیەکی جوامێریان بۆتۆمار کردوین. بۆ پیوانەش دەرزەن کە دوانزە دانەیە بەکاردێت ولە قوتابخانەش دوانزە ساڵ دەخۆێنین پێش زانکۆ. خۆ ئەگەر یەکێک زیرەک بوایە پێیان دەگوت ئەڵیی مەلای دوانزە عیلمە.
لە وانەی دەیەمدا عەبدوللا پەشێو، باسی خەوێکی بۆ مناڵان دەگێڕێتەوە کە لە بارەگای یۆتانی سکرتێری ئەوسای نەتەوە یەکگرتوەکان بوە لەساڵ شەستەکانی سەدەی ڕابردوو. بەڵام من ئاماژە بە ئەندێشەکانی ڕۆژانەی ئەنتۆنیۆ گۆتیریش سکرتێری ئێستای نەتەوە یەکگرتوەکان دەدەم کە دەڵێت مرۆڤایەتی لەسەر ئۆتۆبانێکی تیژڕەو بەرەو دۆزەخ هەنگاو دەنێت. ناوبراو دەڵێت ئەگەر مرۆڤ فریای خۆی نەکەوێت داهاتویەکی تارک چاوەڕێمان دەکات.
ئەوەی گۆتیریش باسی دەکات ئەوەیە کە ئەگەر مرۆڤایەتی سیاسەتی ووزەی پاک پەیڕەو نەکات و پلەی گەرما یەک پلەو نیوی سەنتی گرەید دانەبەزینیت تا سااڵی 2050 ، ئەوا گۆی زەوی ژیانی تیا سەخت دەبیت ئەگەر مەحاڵ نەبێت.
پەیڕەو کردنی ووزەی پاک وەک لە جاری جیهانی پاریس سالی 2015 دا هاتوە کە دەبێت تا ساڵی 2050 بەتەواوی واز لە بەکارهێنانی نەوت بهێندرێت و گازی سروشتی تا رادەی 50% کەم بکرێتەوە.
بەم شێوەیە بێت ئەو جیۆپولیتیکەی لە دوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە کە سەرجەم پەیوەندیەکانی ووڵاتانی سەر گۆی زەوی رێکخستوە شیوازێکی تەواو جیاواز دەبێت و کاریگەری نەوت لەسەر ڕوداوەکانی جیهان کەم دەبێتەوە. نەک هەر ئەوەندە بەڵکو ئەو ووڵاتانەی کە نەوت دارن ( لەسەر ئاوازی پارەدار، ئاژەڵدار، شتی تر ) توشی قەیرانی کەمبونەوەی داهات یان هەر نەمانی داهاتی نەوت دەبنەوە و کاریگەری و پایەی ڕامیاریان زۆر لاواز دەبێت.
پلانەکانی بەرەو ووزەی پاک و ئەوەی لە لوتکەکانی کوپ دا دەگوزەرێت ، سەرجەم بەدواداچون دەکرێت بۆ خۆ ئامادەکردنی ووڵاتان بۆ بەکارهێنانی ووزەی پاک و دورکەوتنەوە لە سوتانی نەوتی خاو. ڕەوتی پرۆسەی بەرەو ووزەی پاک لە هەندێک ووڵات خێراتر بەڕێوە دەچێت بەڵام بە خاوی لە هەندێک ووڵاتی تر دەگوزەرێت.
ئەم کێشمەکێشی بەکارهێنانی ووزەی پاک و دورکەوتنەوە لە نەوت کەشێکی نالەباری لە سیاسەتی جیهانیدا خوڵقاندوە. وەبەرهێنەران و بانکەکان بەشێوەیەکی جیاواز مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتەدا دەکەن لەوەی کە لەدرێژایی سەد ساڵی رابردوودا پەیڕەویان کردوە. دورکەوتنەوە لە وەبەرهێنانی درێژخایەن و وەبەرنەهێنان لە کێڵگەی نەوتی قورس و هەڵنەکەندنی بیری تازە، سیمایەکی دیاری بڕیاری ئێستای کۆمپانیا نەوتیە زەبەلاحەکانە.
لەو ماوەیەی کە بەدەستەوە ماوە لە ئێستاوە تا ساڵی 2050، ململانێی گازی سروشتی و گەیاندنی بۆ بازارەکانی ئەوروپا سیمایەکی دیاری ئەو گۆرانکارییەن. شەڕ لە ئۆکرانیا، شەڕ لە غەزە، شەر لە سوریا، باشترین نمونەی ئەم ململانیەن.
ئەوەی دەبێت زۆر بەباشی ئاگاداری بین و سلێمانی ووتەنی سەعی لەم وانەیەدا بکەین ئەوەیە بزانین کاریگەری سیاسەتی ووزەی پاک و نەمانی بەهای نەوت لەسەر ئێمەی کورد چی دەبێت و چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو بارو دۆخە تازەیەی جیهان بکەین. چۆن ئابوریمان ڕێک بخەینەوە کە لە داڕمانی ئابوری بە دور بین. چۆن خۆمان لە کاریگەری ناوازەی ئاڵوگۆرە جیۆپۆلیتکیەکانی جیهان و ناوچەکە بگونجێنین.