زووم…
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
هەولێر سەرقاڵی بەنێودەوڵەتیكردنی قەیرانی مووچەخۆرانە
حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا پەیامێك ئاڕاستەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بكات سەبارەت بە چارەسەكردنی بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی لەلایەن بەغدادەوە.
حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیامەکەیدا رەهەندە دەستووریی و یاسایی و داراییەکانی بۆ پرسی بڕین و نەناردنى مووچە و شایستە داراییەکانی بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی روونکردووەتەوە و داواشیکردووە هەماهەنگی بکەن و چارەسەرێک بۆ ئەو پرسە بدۆزنەوە.
سەرۆکایەتى پەرلەمانى عێراقیش دەڵێ، بڕینى مووچەی فەرمانبەرانى هەرێمی کوردستان جێگەى داخە و داواش لە حکومەتى عێراق دەکات لە بڕیارەکە پاشگەزببێتەوە و بڕیاری خەرجکردنی مووچەکانیان بدات.
قودسی عەرەبی
جەژنی غەزە لەنێوان برسییەتى و قوربانیی نەکردن و دڵخۆشیی دزراوى منداڵاندا
فەڵەستینییەکانى کەرتى غەزە پێشوازى لە جەژنى قوربان دەکەن، بەڵام جەژنێک قوربانیی تێدا ناکرێت و دانیشتوانى کەرتە لەوپەڕی برسییەتیدان و کەرتی تەندروستیی بەتەواوەتى داڕماوە، ئەوەش هۆکاری ئەو کۆمەڵکوژیی و هێرش و بۆردومانانەى ئیسرائیل بێ هیچ وچانێک لەسەر کەرتەکە ئەنجامی دەدات.
زیاتر لە یەک ملیۆن فەڵەستیینی لە کەرتى غەزە رووت و برسیین، سەرباری کرمەڵکوژیی و بۆردومانەکان، رێگە نادرێت هاوکارییە مرۆییەکانیان پێبگات.
عەرەبی جەدید
کوردانى سوریا کەوتوونەتە نێو رێگاکانى رێککەوتن لەگەڵ دیمەشق
کوردانى رۆژاڤای کوردستان، کەوتوونەتە نێوان رێگاکانی رێککەوتن لەگەڵ دیمەشق.
لەلایەک ئیدارەى خۆسەر، باڵی مەدەنى هێزەکانى سوریای دیموکرات ناسراو بە هەسەدە، لەلایەکى دیکەوە شاندی هاوبەشی لایەنە سیاسییەکانى دیکەى رۆژاڤای کوردستان سەرقاڵی ئەو رێککەوتنەن.
رۆژی 26ـی نیسانی رابردوو، کۆنگرەی یەکهەڵوێستی و یەکڕیزیی کورد لە سوریا لە قامیشلۆی بەڕێوەچوو، گشت لایەنەکان لەسەر بنیاتنانی دیدێکی هاوبەش لەسەر پرسە سیاسی و نیشتیمانی و مافەکانی کورد لە سوریا رێککەوتن.
عەرەب
هۆشیار زێباری: کەلێنێکی سیاسیی گەورە لەنێوان هەولێر و بەغداد لەسەر مووچە دروستدەبێت
هۆشیار زێباری ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان هۆشداریی دەدات لەوەی بڕیارەکەی حکومەتی فیدراڵی بۆ راگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەبێ دەرئەنجامی سیاسی تێناپەڕێت.
دەشڵێ، سەرکردایەتی کورد بێدەنگ نابێت، کارەکەشی بەسزای بەکۆمەڵ ناوبرد، کە رەنگە ببێتەهۆی دروستبوونى کەلێنێکی سیاسیی گەورە لەنێوان هەولێر و بەغداد.
شرۆڤەکاران ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن، گوتەکانى زێباری کە لە تۆڕی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، مەترسیی ئەوەى لێدەخوێندرێتەوە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغداد کەوتبێتە لێواری داڕمان.
بەتایبەت دوای ئەوەى حکومەتى هەرێمی کوردستان پەنای بردە بەر کۆمەڵی نێودەوڵەتى، کە بۆ پرسی نەناردن و بڕینى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمی کوردستان چارەسەرێک بدۆزنەوە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
تایمز
رێککەوتنی مافەکانی مرۆڤ بەهۆی کۆچبەرانەوە پێویستی بە گۆڕانکاری هەیە
رێکخراوی ئەوروپا رایگەیاند، رێککەوتنی مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا پێویستە خۆی بگونجێنێت لەگەڵ زیادبوونی ناڕەزایەتی سیاسی دژی کۆچبەران و هیچ تابۆیەک لەسەر گۆڕینی رێساکانی نییە.
ئالان بێرسێت سکرتێری گشتیی رێکخراوەکە گوتی، ئەم دەقە یاساییە پابەندکەرە بۆ ٤٦ وڵات.
کێمی بادنۆک رێبەری پارتی پارێزگارانی بەریتانیا رایگەیاند، زیاتر لەو باوەڕەدایە کە بەریتانیا پێویستە رێککەوتنەکە جێبهێڵێت و خۆی نەخاتە ژێر باری کۆچبەران.
فشارەکان لەسەرانسەری ئەوروپا بۆ چاکسازی لە زیادبووندایە، دوای ئەوەی ئیتاڵیا، دانیمارک و حەوت وڵاتی دیکە نامەیەکی کراوەیان بڵاوکردەوە و داوای سەروەری زیاتریان کرد لەسەر چۆنیەتی رێگریکردن لە کۆچبەری نایاسایی.
گاردیەن
حکومەتی بەریتانیا پاداشتی کۆمپانیاکانی ئاو قەدەغە دەکات بەهۆی پیسبوونی ژینگە
حکومەتی بەریتانیا رایگەیاند، پاداشتی دە بەرپرسی باڵای کۆمپانیاکانی ئاو قەدەغە دەکات بەهۆی پیسبوونی ئاوەڕۆکان.
ئەم بڕیارە بەشێکە لە دەسەڵاتە نوێیەکانی حکومەت کە بەگوێرەی یاسای ئاوی ٢٠٢٥ جێبەجێدەکرێت.
شەش کۆمپانیای ئاو کە بەرپرسن لە پیسبوونی زۆری ئاوەڕۆکان بۆ رووبار و دەریاکان پاداشتی کاراییان وەرناگرن و لەژێر لێکۆڵینەوەی تاوانکاریدان لەلایەن ئاژانسی ژینگەوە.
لە دە ساڵی رابردوودا، بەرپرسانی نۆ کۆمپانیای سەرەکیی ئاو و ئاوەڕۆ ١١٢ ملیۆن پاوەندیان وەک پاداشت وەرگرتووە، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو پیسبوونی ئاوەڕۆ گەیشتە رێژەیەکی پێوانەیی.
فاینەنشیاڵ تایمز
کۆمپانیایەکی گەورەی ژیریی دەستکرد بە قەرزێکی زۆرەوە داڕما
کۆمپانیای بیڵدەر ئەی ئای کە لەلایەن مایکرۆسۆفتەوە پشتگیری دەکرا، بە قەرزێکی زۆرەوە داڕماوە و قەرزاری کۆمپانیایەکی هەواڵگریی تایبەتی ئیسرائیلە.
بەگوێرەی دۆسیەکانی مایەپووچبوونی کۆمپانیاکە لە ئەمریکا، زیاتر لە 200 کەس و لایەن قەرزیان لای کۆمپانیاکەیە، قەرزەکانیش دەگاتە 100 ملیۆن دۆلار و سامانەکەشی کەمترە لە 10 ملیۆن دۆلار.
دامەزرێنەرانی بیڵدەر ئەی ئای تێوەگلاون لە لێکۆڵینەوەی تاوانکاری لە هیندستان و داڕمانەکە دوای لێکۆڵینەوەیەکی ناوخۆیی هات کە بەڵگەی فرۆشی گوماناوی دۆزییەوە و داهاتەکانی کۆمپانیاکە بۆ چارەکێکی خەمڵاندنەکانی پێشوو کەمکرایەوە.
دەیلی تەلەگراف
سەرۆکی پارتی رێفۆڕم بەهۆی کێشە لەسەر پەچە دەستی لەکارکێشایەوە
زیا یوسف سەرۆکی پارتی رێفۆرم یۆکەی، دەستی لەکارکێشایەوە دوای ناکۆکییەک لەسەر قەدەغەکردنی پەچە (نیقاب) کە بووە هۆی دروستبوونی شەڕی ناوخۆیی لە پارتەکەدا.
یوسف کە خۆی موسڵمانە، بانگەوازەکەی دوو پەرلەمانتاری پارتی رێفۆرمی بۆ قەدەغەکردنی پەچە بە گەمژانە وەسف کرد.
یوسف تەنیا 11 مانگ بوو سەرۆکی پارتەکە بوو کە بە باشترکردنی پارتەکە و زیادکردنی ئەندامەکانی ناسراوە.