دانا حەمید (٣)
ژیان لە سایەی سیستمێکی سیاسی و ئابوری داڕزیودا، وەک ئەوەی ئێستا لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەیە شایەتحاڵین، بووەتە ئەزمونێکی تاڵ و بارێکی قورس بەسەر شانی هاوڵاتیانەوە. گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ناوەند (بەغداد) و هەرێم (هەولێر) تەنها نوێترین شەپۆلی ململانێیەکی درێژخایەن نین، بەڵکو دەرکەوتەی قەیرانێکی فرەڕەهەند و سیستەماتیکن کە ڕیشەی لە قووڵایی سیاسی و ئابوری هەردوو لادا داکوتاوە. تۆمەتبارکردنی یەکتر بە پابەندنەبوون بە ڕێککەوتنە سیاسییەکان، کە زۆرجار لە ژوورە داخراوەکاندا و دوور لە چاوی خەڵک ئەنجام دەدرێن، تەنها پەردەپۆشکردنی ڕاستییەکی تاڵترە: هەردوو دەسەڵاتەکە لە ناوەوە تووشی پووکانەوەی ئیداری، گەندەڵی سیستەماتیک، و قەیرانی شەرعیەت بوون.
گەندەڵی لێرەدا تەنها دیاردەیەکی لاوەکی نییە، بەڵکو بووەتە خودی میکانیزمی بەڕێوەبردن و دابەشکردنی دەسەڵات و سامان. وەک مۆرانەیەک، پایەی دامەزراوەکانی دەوڵەتی لە هەردوولا خواردووە و بڕستی لە توانای دابینکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان و چارەسەرکردنی کێشە هەنوکەییەکانی خەڵک بڕیوە. لەم چوارچێوە فیکری و سیاسییەدا، هەوڵدان بۆ خەسارناسییەکی یەکلایەنە یان دۆزینەوەی «تاوانباری سەرەکی» لەم کارەسات و گێژاوەدا، نەک هەر بێهودەیە، بەڵکو شێواندنی کێشە بنەڕەتییەکەیە. چونکە لە جەوهەردا، بەغداد و هەولێر، سەرەڕای جیاوازییە ڕووکەشییەکان و بەرژەوەندییە ناکۆکەکانیان لە هەندێک دۆسیەدا، دوو ڕووی یەک دراوی ساختەن؛ دوو بەرجەستەبوونی جیاوازی هەمان لۆژیکی سیاسی شکستخواردوون کە بنەماکانی لەسەر بەشبەشێنەی تائیفی و قەومی، ئابوری پاشکۆیەتیین (چ نەوت بێت یان داهاتی تر)، و پشتگوێخستنی چەمکی هاوڵاتیبوون و بەرژەوەندی گشتی دامەزراوە. سیاسەت لێرەدا لە ئامرازێک بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری گشتی و گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی باشتر، داماڵراوە و بووەتە بووکەڵەیەک بەدەستی تۆڕە مافیا و ئۆلیگارشییەکانەوە کە ئامانجیان تەنها مانەوەی خۆیان و پاراستنی ئەو سیستمە گەندەڵییەیە کە دەیانژیەنێت.
کاتێک باس لە «پابەندنەبوون بە ڕێککەوتن» دەکرێت، پرسیارە بنەڕەتی و جەوهەرییەکە ئەوەیە: «کام ڕێککەوتن؟» ئایا ئەو ڕێککەوتنانە لەسەر بنەمای شەفافیەت، لێپرسینەوە، و بەرژەوەندی درێژخایەنی هاوڵاتیان بوون، یان تەنها مامەڵەیەکی کاتی بوون بۆ دابەشکردنی کێکی سامانی گشتی و کڕینی کات تا قەیرانی داهاتوو؟ قەیرانی ئێستا تەنها گرژییەکی سیاسی ئاسایی نییە لە نێوان دوو ئاستی دەسەڵاتدارێتیدا، بەڵکو «دەردەئاماژە»یەکی داڕمانی متمانەی گشتی، پووکانەوەی دامەزراوەیی، و قووڵبوونەوەی ئەو بۆشاییە ترسناکەیە کە لە نێوان چینی سیاسی دەسەڵاتدار و زۆرینەی خەڵکدا دروست بووە. ئەم دۆخە وەک «قەیرانی دەوڵەت» خۆی دەنوێنێت، کە تێیدا دەوڵەت (چ لە ناوەند یان هەرێم) توانای جێبەجێکردنی کارکردە بنەڕەتییەکانی خۆی لەدەستداوە. چارەسەر تەنها بە گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە فیکری سیاسی، شێوازی حوکمڕانی، داننان بە بەرپرسیارێتی هاوبەش لەم شکستە گشتییەدا، و بنیاتنانی پەیمانێکی کۆمەڵایەتی نوێ لەسەر بنەمای دادپەروەری و هاوڵاتیبوون دەکرێت، نەک بە تۆمەتبارکردنی یەکتر و بەردەوامبوون لەسەر هەمان ڕێچکەی کارەساتبار کە بەرەو هەڵدێرێکی مەترسیدارمان دەبات.
ئەمە پێویستی بە تیۆریزەکردنێکی ورد و قووڵ هەیە کە لە ڕواڵەتەکان و لێدوانە میدیاییەکان تێپەڕێت و بگاتە کرۆکی قەیرانە فیکری، سیاسی، و ئەخلاقییەکە، کە بریتییە لە نەبوونی دیدگایەکی نیشتمانی هاوبەش و زاڵبوونی عەقڵی تاڵانکاری و بەرژەوەندییە تەسکە حیزبی و شەخسییەکان بەسەر چارەنووسی گەل و نیشتماندا.