زووم:
کۆماری ئیسلامیی ئێران، گەنجێكی دیكەی خۆپیشاندەر بە ناوی “مەجید رەزا رەهنوەرد” لە بەرچاوی خەڵكی لە شاری مەشهەد لە باكووری رۆژهەڵاتی ئێران لەسێدارە دەدات.
دوای جێبەجێكردنی سزاكە، غوڵام عەلی سادقی سەرۆكی دادگای پارێزگای خوراسان، سوپاسی هێزەكانی ئەمنییەکانی كرد، “بۆ بەرقەراكردنی یاسا و ئاسایش و مامەڵەكردن لەگەڵ ئاژەوەگێڕان و لە یاسا دەرچووان”.
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، سزای لەسێدارەدانەكە بەسەر مەجید رەزادا لە شوێنێكی گشتی و لە بەرچاوی خەڵكی جێبەجێ كراوە، ئەمەش دوای 23 رۆژ لە دەستگیركردنی دێت.
29ی مانگی رابردوو، بەتۆمەتی كوشتنی دوو ئەندامی هێزەکانی بەسیجی سەر بە سوپای پاسداران بە ناوەكانی حسێن زینال زادە و دانیاڵ رەزا زادە لە شەقامی ئازادی لە مەشهەد، دادگای شۆڕشی ئێران سزای لە سێدارەدانی بەسەر ئەو گەنجەدا سەپاندبوو.
ئاژانسی هەرانا: مەجید رەزا نەیتوانیوە پارێزەر بۆ خۆی بگرێت و رێگایشی پێنەدراوە بەرگری لە خۆی بکات
لە بارەی بەڕێوەچوونی شێوازی دادگاییەکەوە، ئاژانسی هەرانا ئاشكرایكردووە، مەجید رەزا نەیتوانیوە پارێزەر بۆ خۆی بگرێت، هەروەها رێگایشی پێنەدراوە بەرگری لە خۆی بكات.
دوای موحسین شكاری، مەجید رەزا رەهنوەرد دەبێتە دووەم خۆپیشاندەر کە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لەسێدارەدرابێت.
25 كەس لە زیندانن و تۆمەتی بڵاوكردنەوەی “فەسادی و كاركردن لە دژی خوا”ـیان لەسەرە
بەگوێرەی رۆژنامەی ریفۆرمخوازەكان، تاوەکو ئێستا 25 كەس لە زینداندان و تۆمەتی بڵاوكردنەوەی “فەسادی و كاركردن لە دژی خوا”ـیان لەسەرە، كە ئەو تۆمەتانە سزاكەیان لە سێدارەدانە.
گەنجێكی دیكە لە چاوەڕوانی پەتی سێدارەدایە
لەسێدارەدانی ئەو دوو خۆپیشاندەرە لەکاتێکدایە، خۆپیشاندەرێکی دیکە بە ناوی ماهان سەدارەت كە تەمەنی 22 ساڵە، مەترسی لە سێدارەدانی لەسەرە. لەوبارەیەوە رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئاشكرایكردووە، دەسەڵاتدرانی ئێران ئامادەكاری دەكەن بۆ لە سێدارەدانی ماهان، دوای تەنها یەك مانگ لە “دادگاییە نادادپەروەرییەكەی”.
هۆشداریی رێكخراوەكە لە كاتێكدایە، كە چەند پێگەیەكی ئێرانی ئاشكرایانكردووە، ماهان لە زیندانی گەورەی تارانەوە بۆ زیندانی رەجایی شەهر گوزارەوەتەوە بۆ جێبەجێكردنی سزای لە سێدارەدانەكەی.
44 منداڵ گیانیان لەدەستداوە
رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە راپۆرتێكیدا ئاشكرایكرد، تاوەکو ئێستا 44 منداڵ لە سەرەتای خۆپیشاندانەكانەوە گیانیان لەدەستداوە، 39یان تەمەنیان لە نێوان 2 بۆ 17 ساڵاندا بووە، هەروەها لەو ژمارەیەش پێنجیان کچ بوون.
25 کریستیان لەنێو دەستگیركراواندان
بەهۆی خۆپیشاندانەكانەوە، تاوەکو ئێستا 25 کریستیان بەهۆی بەشداریکردنیان لە خۆپیشاندانەكان دەستگیركراون، هەرچەندە دەسەڵاتدارانی ئێران رەتیدەكەنەوە، ژمارەی راستەقینەی دەستگیركراوەكان ئاشكرا بكەن، بەڵام بەگوێرەی رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ تاوەکو ئێستا 18 هەزار كەس دەستگیر كراون.
ژمارەی كوژراو و بریندار لە هەڵكشاندایە
پاش مەرگی ژینا ئەمینی و سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکان لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، تاوەکو ئێستا 481 كەس کوژراون، هەزارانی دیكەش برینداربوون.